شارپرێس:
توێژینەوەیەکی ئەمریکی کە لە گۆڤاری "JAMA Network Open" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەکات
کە خێرایی ڕۆیشتنی ئاسایی دەتوانێت پەیوەندیی بە مەترسیی گیان لەدەستدانەوە هەبێت.
توێژینەوەکە 4067 کەسی گەورەساڵی لە بەریتانیا خستۆتە ژێر چاودێرییەوە، کە
تەمەنی ناوەندییان نزیکەی 69 ساڵ بووە. بەشداربووان تاقیکردنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆیشتن
بە خێرایی ئاسایی ئەنجام داوە و بۆ ماوەی 9 ڕۆژ ئامێرێکی چاودێریکردنی چالاکیی جەستەیییان
لە مەچەکیان بەستووە.
لە ماوەیەکی چاودێریکردندا کە نزیکەی 12 ساڵی خایاندووە، توێژەران بۆیان
دەرکەوتووە کە خێرایی زیاتر لە ڕۆیشتن پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مەترسیی مردنەوە هەبووە،
تەنانەت دوای لەبەرچاوگرتنی هەندێک هۆکاری تەندرووستیی و شێوازی ژیانیش. لەم ماوەیەدا
739 بەشداربوو کۆچی دواییان کردووە.
بێس تمپلین، پسپۆڕی چارەسەریی جەستەیی و تەندرووستیی بەساڵاچووان، دەڵێت خێرایی
ڕۆیشتن بە "نیشانەی شەشەمی ژیانی" دادەنرێت؛ چونکە دەتوانێت زانیاریی لەبارەی
کارایی سیستەمە جیاوازەکانی جەستە، لەوانە دڵ، سییەکان، ماسولکەکان، هاوسەنگیی و سیستەمی
دەماریی، پێشکەش بکات.
بە وتەی ئەو، کەمبوونەوەی خێرایی ڕۆیشتن ڕەنگە نیشانەیەکی پێشوەختە بێت بۆ
لاوازبوونی تەندرووستیی.
بۆ باشترکردنی توانای جەستەیی، پسپۆڕەکە پێشنیاری ڕاهێنانی بەهێزکردنی قاچەکان،
هەستانەوە لەسەر کورسی بەبێ بەکارهێنانی دەست و زیادکردنی ماوە کورتەکانی ڕۆیشتنی
خێرا دەکات.
بەڵام شارەزایان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم ئەنجامانە مەرج نییە بەو مانایە
بێت کە تەنیا خێراتر ڕۆیشتن دەبێتە هۆی تەمەنێکی درێژتر، بەڵکو پەیوەندییەک نیشان
دەدەن. هەروەک، بەشداربووان بە گشتیی لە کۆمەڵە فراوانەکە تەندرووستتر بوون و پێوەرێکی
یەکگرتوویش بۆ پێوانەکردنی خێرایی ڕۆیشتنی ڕۆژانە بە ئامێرەکانی چاودێریی چالاکیی
جەستەیی نییە.
ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی