شارپرێس:
بەگوێرەی لێدوانی سەرچاوەیەکی دادوەریی، ئەمرۆ چوارشەممە سزای 2 ساڵ زیندانی بەسەر عالیە نوسەیف سەپێنراوە، ئەویش پشت بە دانپێدانانەکانی لە دۆسیەی تۆمەتبار عەدنان جومەیلی، هەروەک سزای 5 ساڵ زیندانی بەسەر ڕائید جەبووریدا لە هەمان دۆسیەدا دەرچووە.
لە لایەکی دیکەوە، دەستەی دەستپاکیی ڕایگەیاند، سزای زیندانی کردنی توند بەسەر عالیە نەسیف جاسم و ڕائد جەبووریدا سەپێنراوە، بەهۆی بەکارهێنانی پۆستی گشتیی بۆ بەرژەوەندی تایبەتیی، هەروەک دادگا بڕیاری گەڕاندنەوەی 10 ملیار دیناری دەرکردووە کە وەک سوود بەدەستیان هێناوە.
هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە حوزەیرانی ڕابردوودا ڕائد ئیبراهیم جەبووری، پارێزگاری پێشووی سەلاحەدینان دەستگیر کرد، دوای ئەوەی عەدنان جومەیلی، جێگری وەزیری نەوتی عێراق، دانپێدانانێکی دژی ناوبراو کرد.
هەروەک، دەستەی دەستپاکیی فیدراڵی لە ئەیلوولی ڕابردوودا ڕایگەیاند، دوو سزای دادوەری بەسەر عالیە نوسەیفدا دەرچووە؛ یەکەمیان 7 ساڵ زیندانی بەهۆی دەوڵەمەندبوونی نایاسایی، دووەمیان 3 ساڵ زیندانی توند بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆڕمی ئەستۆپاکیی دارایی.، لەگەڵ بڕیاری گەڕاندنەوەی زیاتر لە 61 ملیار دیناری عێراقی.
لە ئابی ڕابردووشدا، بانکی ناوەندیی عێراق بڕیاری بلۆککردنی سامانەکانی 12 کەسایەتیی سیاسیی باڵای دەرکرد، کە عالیە نوسەیفیش لە نێویاندا بوو، لە چوارچێوەی دۆسیەکانی دژە گەندەڵییدا.