شارپرێس:
لەکاتێکدا حکومەتی عێراق بەگەشبینییەوە سەیری هاتنی دەیان کۆمپانیای بیانی بۆ ناوخۆی وڵاتهكهى دەکات، ناكۆكی لە نێوان دیدی فەرمیو خوێندنەوەی شارەزایانی ئابوریدا سەرهەڵدەدات سەبارەت بەوەی ئایا ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی وەرچەرخانێکی ڕاستەقینە لەبازاڕی عێراقدا، یان تەنها تاقیکردنەوەیەکی سەرەتاییە.
وەزارەتی بازرگانیی عێراق بەفەرمی ڕایگەیاند، زیاتر لە 50 کۆمپانیای ئەوروپی بەمەبەستی وەبەرهێنان هاتونەتە وڵاتەکەوە، لای خۆیەوە، مالیک درێعی بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت لەوەزارەتەکە، ئاشکرایکرد، ئەم لێشاوی وەبەرهێنانە بەرهەمی ئەو ئاسانکارییە حکومیانەو کرانەوە دەرەکیەیە کە لەلایەن سەرۆک وەزیرانەوە لەگەشتە نێودەوڵەتییەکانیدا، بەتایبەت بۆ ئەوروپا، ئەنجامدراون، عێراق ئێستا ژینگەیەکی بەپیتو بەڵێندەرە بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان.
لەبەرامبەر ئەم تیشکە گەشبینییەدا، دەنگی هۆشداریی لایەنە ئابورییەکان دەبیسترێت، مەنار عوبەیدی شارەزای دیاری ئابوری لەلێدوانێکی ڕۆژنامهوانیدا ئاماژەی بەوەکرد، هاتنی ئەم کۆمپانیایانە نیشانەیەکی ئەرێنییە، بەڵام بەواتاى گۆڕانکاریی بنەڕەتی لەنەخشەی وەبەرهێنانی بیانی نایەت.
عوبەیدی ڕونیکردەوە، جیاوازییەکی گەورە هەیە لەنێوان ئامادەبون لەکۆنگرە بازرگانییەکانو ڕشتنی ڕاستەقینەی سەرمایە لەسەر زەوی، ئەو وتویهتى، "پێوەری ڕاستەقینەی سەرکەوتن ژمارەی ئەو کۆمپانیایانە نییە کە سەردانی عێراق دەکەن، بەڵکو قەبارەی ئەو پڕۆژانەیە کە دەچنە بواری جێبەجێکردنو هەلی کار بۆ گەنجان دەڕەخسێنن".
ڕاپۆرتە ئابورییەکان ئاماژە بەوەدەکەن، ئەگەر کۆمپانیا ئەوروپییە هاتوهکان تەنها لەچوارچێوەی فرۆشتنی خزمەتگوزارییو بەرهەمو بردنی گرێبەستی حکومیدا بێت، ئەوا زیانی زیاتر دەبێتو دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی ڕێژەی هاوردەکردن، بەڵام ئەگەر ئەم ئامادەییە بگۆڕێت بۆ هاوبەشی بەرهەمهێنەر لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراقیدا لەبوارەکانی وزە، پیشەسازییو تەکنەلۆژیادا، ئەوکاتە عێراق دەتوانێت سود لەگواستنەوەی زانستو پێشکەوتنی تەکنەلۆژی وەربگرێت.
لەکۆتاییدا، کۆدەنگییەک هەیە لەسەرئەوەی، ڕاکێشانی کۆمپانیاکان تەنها سەرەتای ڕێگهکەیە، بەڵام مانەوەو بەردەوامبونیان پێویستی بەچاکسازیی بنەڕەتی هەیە، شارەزایانیش جەختدەکەنەوە، بەربەستی سەرەکی ئێستا لەژینگەی وەبەرهێنانی عێراقدا خۆی لەسستی سیستمی بانکی، نەبونی گەرەنتی پێویست بۆ وەبەرهێنەرانو ناسەقامگیریی یاسا ئابورییەکاندا دەبینێتەوە، بۆیە، ڕکابەریی ڕاستەقینەی حکومەت لەئێستادا چاککردنی ناوخۆی ماڵی ئابورییە بۆ ئەوەی بتوانێت ئەم دەرفەتە ئەوروپییە بکوژێنێتەوەو بەرەو پڕۆژەی بەرهەمهێنەری هەمیشەیی بیبات.
