ئەساڵە نەسڕی لە ئەمریکا دزیی لێکرا و زێڕ و خشڵەکانیان برد

هەمەڕەنگ

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 172 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

ئەساڵە نەسڕی، هونەرمەندی ناسراوی سوریی، ئاشکرای کردووە کە لە ماوەی گەشتە هونەرییەکەیدا بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تووشی ڕووداوی دزیی بووە و سندوقی خشڵەکانی ون بووە؛ ئەو ئەزموونەکەی بە "قورس و بەئازار" وەسف کردووە.

ئەساڵە لە پەیامێکدا لە ئەکاونتی خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس"، ڕوونیکردۆتەوە کە دوای گەڕانەوەی لە کۆنسێرتێک لە شاری دیتڕۆیت، بۆی دەرکەوتووە سندوقی خشڵەکانی ون بووە. ئەمەش دوای ئەوەی دوو کۆنسێرتی سەرکەوتووی لە لۆس ئەنجەلەس و نیوجێرسی پێشکەش کردبوو.

بەگوتەی ئەو، دوای گەڕانەوەی بۆ هۆتێل، بەهۆی ماندووبوون خەوتووە، بەڵام بەیانیی ڕۆژی دواتر بۆی دەرکەوتووە سندوقەکە بە تەواوی ون بووە. هەرچەندە پۆلیس گەیشتۆتە شوێنەکە، بەڵام تا کاتی بڵاوکردنەوەی پەیامەکە، هیچ زانیارییەکی لەبارەی ڕووداوەکەوە بەدەست نەهێنراوە، سەرەڕای تێپەڕبوونی نزیکەی هەفتەیەک.

ئەساڵە جەختی کردۆتەوە کە زیانەکە تەنیا دارایی نەبووە، چونکە خشڵەکانی بەهایەکی مەعنەویی گەورەیان هەیە، بەوپێیەی ئەو خشڵانە پارچەیەکیان لە دوای ساڵانێک کارکردن و چاوەڕوانیی کڕیبوو، پارچەیەکی دیکەش ناو و وێنەی باوکی لەخۆ گرتبوو، لەگەڵ یادگاریی و دیارییەکانی هاوسەر و منداڵەکانی و هاوڕێ نزیکەکانی، هەروەک دیارییەکانی خۆی بە بۆنەی سەرکەوتنە هونەرییەکان و ئەلبووم و گۆرانییەکانی.

هەروەک، ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئازاربەخشترین شت بۆی ئەوەیە ئەو خشڵانە بە یادەوەریی و قۆناغە گرنگەکانی ژیانییەوە بەستراونەتەوە و ناتوانرێت جێگایان بگیرێتەوە. 

ئاکۆ عەبدوڵڵا ئاڵی