پرۆسەی ئاشتیی لەتورکیا بەرەو چەقبەستویی دەچێت؛ کوردیش داوای هەنگاوی کرداریی دەکات

کوردستان

3 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 268 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەردەوامبوونی چەقبەستوویی لە "پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیی"، کە ئەنقەرە ناوی "تورکیای بێ تێرۆر"ی لێناوە، بۆ نزیکەی 3 مانگ، نیگەرانیی و پرسیاری لەبارەی چارەنووسی ئەم پرۆسەیە دروستکردۆتەوە.

ئەم پرۆسەیە پشت بە هەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان (PKK) و داماڵینی چەکەکانی دەبەستێت، بەڵام حکومەت و پەرلەمان جەخت لەوە دەکەنەوە کە پرۆسەکە نەوەستاوە و ناوەستێت.

تۆنجەر باکیرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی)، داوای لە حکومەت کردووە هەنگاوی کرداریی بنێت بۆ دڵنیاییکردنی کۆمەڵگە و زیادکردنی باوەڕ و پشتگیریی لە پرۆسەکە، نەک تەنیا لە ڕوانگەی ئەمنییەوە مامەڵەی لەگەڵ بکات.

باکیرهان ڕایگەیاند کێشەی کورد کێشەیەکی ئەمنیی نییە، بەڵکو ئەنجامی نەبوونی دیموکراسییە و چارەسەرکردنی دەتوانێت دەرگایەکی گرنگ بۆ تورکیا بکاتەوە، لە ئابوورییەوە تا یاسا و تەندرووستیی و سیاسەت. هەروەک داوای کرد هەموو لایەنە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان بەشداریی لە پرۆسەکەدا بکەن و بەرپرسیاریەتیی پێشخستنی بگرنە ئەستۆ، نەک تەنیا کوردەکان یان حکومەت.

دوای پەسەندکردنی "یاسای چوارچێوەیی" لەلایەن پەرلەمانی تورکیاوە لە 10ی ئاب، کە گەرەنتیی یاسایی بۆ گەڕانەوە و تێکەڵبوونەوەی چەکدارانی PKK لە کۆمەڵگەدا دابین دەکات، تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی بەرجەستە بۆ پێشخستنی پرۆسەکە نەگیراوەتەبەر.

لە بەرانبەردا، PKK ڕایگەیاندووە کە کشانەوەی هەموو ئەندامە چەکدارەکانی لە تورکیا تەواوکردووە و چەندین پێگەشی لە هەرێمی کوردستان، نزیک سنوورەکان، چۆڵکردووە، بە ئامانجی لابردنی بیانووی حکومەت بۆ دواخستنی پرۆسەی ئاشتی.

پەکەکە دەڵێت هەموو هەنگاوەکانی بۆ وازهێنان لە خەباتی چەکداریی و گواستنەوە بۆ کاری دیموکراتیی جێبەجێکردووە.

نەعمان کورتولموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، جەختی کردۆتەوە کە پرۆسەکە پڕۆژەیەکی نیشتمانییە و پەیوەندیی بە هەموو هاووڵاتییەکانی تورکیاوە هەیە، نەک تەنیا پڕۆژەی پارتێکی سیاسیی. ناوبراو هۆشداریی دا لە بەکارهێنانی زمانی هەڵگیرساندن و توندوتیژیی سیاسیی.

لە هەمان کاتدا، سەلاحەدین دەمیرتاش، سیاسەتمەداری ناسراوی کورد، لە وتارێکدا لە زیندانەوە، نەبوونی باوەڕی نێوان دوو لایەنی پرۆسەکەی بە هۆکاری سەرەکیی چەقبەستووییەکە زانی و داوای کرد مەرجی گونجاو بۆ ڕۆڵ و چاڵاکیی عەبدوڵڵا ئۆجەلان دابین بکرێت.

دەمیرتاش جەختی لەوە کردەوە کە بەرپرسیاریەتیی PKK بۆ داماڵینی چەک نابێت ببێتە جێگرەوەی بەرپرسیاریەتیی دەوڵەت بۆ دامەزراندنی دیموکراسیی، دابینکردنی گەرەنتییە یاساییەکان و ڕێخۆشکردن بۆ ئازادییەکان.
ناوبراو پێی وایە بەشداریی کۆمەڵگەش مەرجێکی سەرەکییە بۆ بەردەوامبوون و سەرکەوتنی پرۆسەکە.