ئێران مەرجێك بۆ كردنەوەی گەروی هورمز دەداتە ئەمریكا

جیهان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 563 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەسەر داوای ئێران، واشنتۆن و تاران لەرێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە گفتوگۆ لەسەر پێشنیازێکی نوێ دەکەن بۆ کردنەوەی گەروی هورمز، لەبەرامبەر ئازادکردنی هەشت ملیار دۆلار لەپارە بلۆککراوەکانی ئێران.


ڕۆژنامەی ئیسرائیل هایۆم لەڕاپۆرتێكدا ئاشكرایكردوە، چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی دوشەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی قەتەر کۆببێتەوە.

ئەوەشی خستوتەڕوو، كە كۆبونەوەكە لەسەر داوای ئێران ڕێكخراوەو بەمەبەستی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی ئێران بۆ کردنەوەی گەروی هورمز لەبەرامبەر ئازادکردنی هەشت ملیار دۆلار لەپارە بلۆککراوەکانی تارانە.

ڕاپۆرتەكە وردەكاری زیاتری لەسەر پێشنیازەكەی ئێران ئاشكراكردوەو دەڵێت، رێککەوتنەکە دەبێتە هۆی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لەکەنداو هەڵگرتنی بەشێک لەسزاو سنوردارکردنەکانی ئەمریکا.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكە باسی لەوەشكردوە، كە جەی دی ڤانس، جێگری سەرۆکی ئەمریکا فشار دەکات بۆ گەیشتن بەرێککەوتن، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەک لەبەرپرسانی باڵای ئیدارەی ترەمپ دژایەتی ئەو هەنگاوە دەکەن.