له‌كۆبونه‌وه‌ى زەیدی‌و بارزانیدا مەلەفەکانی موچە، بودجەی 2027و یاسای نەوت گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا

کوردستان

1 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 3252 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:

دواى كۆبونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى عەلی زەیدی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق‌و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران ڕاگه‌یه‌نراوێكى بڵاوكرده‌وه‌و ڕایگه‌یاندوه‌، لەكۆبونه‌وه‌یه‌كدا جەخت لەپەرۆشیی بەرزی حکومەتی فیدراڵ كراوه‌ته‌وه‌ بۆ بەدیھێنانی دادپەروەریی‌و دەستەبەرکردنی مافە دەستورییەکانی هاوڵاتییان‌و دامەزراوەکانی هەرێم‌و کارکردن لەسەر چارەسەرکردنی سەرجەم دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان.

ئه‌وه‌ش ڕونكراوه‌ته‌وه‌، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق‌و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەکۆبونەوەیەکی هاوبەشدا لەبەغدا، ڕێککەوتنیان لەسەر گەرەنتییکردنی بەردەوامیی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم، پشکی بودجەی 2027و خێراکردنی یاسای نەوت‌و غاز ڕاگه‌یاندوه‌، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ڕاگەیاندنی پلانێکی ستراتیژیی بۆ بەرزکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوتی وڵات بۆ 10 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا کە پشکی کێڵگەکانی هەرێمیش دەگرێتەوە.

ئه‌وه‌ش هاتوه‌، "هەردولا بەتوندی ئەو دەستدرێژییەیان سەرکۆنەکرد کە کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردە ئامانج‌و جەختیان لەسەر پاراستنی دامەزراوە نەوتییەکان‌و ژێرخانەکان‌و گرتنەبەری ڕێکاری پێویست بۆ ڕێگریکردن لەدوبارەبونەوەی کردەوەی لەو شێوەیە کردەوە".

باس له‌وه‌شكراوه‌، عەلی زەیدی ئاماژەی بەئاراستەی زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق کردوه‌ بەجۆرێک لەساڵی 2030 بگاتە حه‌وت ملیۆن بەرمیل‌و لەساڵی 2032شدا بگاتە 10 ملیۆن بەرمیل لەڕۆژێکدا، بەشێوەیەک بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمیش بگرێتەوە کە بەنزیکەی یه‌ك ملیۆن بەرمیل دەخەمڵێندرێت. لەدۆسیە داراییەکاندا، جەختی هاوبەش كراوه‌ته‌وه‌ لەسەر دەستەبەرکردنی بەردەوامیی خەرجکردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی دیكه‌ى عێراق.

هەروەها تاووتوێی پشکی هەرێم لەبودجەی 2027و میکانیزمی ڕێکخستنی داهاتە نەوتی‌و نانەوتییەکان لەنێوان هەردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ‌و هەرێم کرا.

پەلەکردن لەدەرکردنی یاساکە لەلایەن پەرلەمانەوە دوپاتکراوه‌ته‌وه‌، بەمەبەستی چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکانی بەرهەمهێنان، هەناردەکردن‌و ڕێکخستنی بەڕێوەبردنی سامانی نەوت‌و هەردولاش لەکۆتاییدا جەختیان لەسەر پەیڕەوکردنی دیالۆگ‌و لێکتێگەیشتن وەک تاقە بنەما بۆ چارەسەرکردنی دۆسیە هەڵپەسێردراوەکان کردەوە، بەشێوەیەک کە یەکگرتویی هەڵوێستی نیشتمانی بەهێزتر بکات.