مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان: لە هیچ شتێک سڵ ناکەینەوە بۆ ئەوەی رێگری لە دابەشبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین، بە هەموو هەوڵ و توانای خۆمان و پشتیوانیی خەڵکی کوردستان، رووبەڕووی هەموو هەڵمەتێک دەبینەوە کە بیانەوێ هەرێمی کوردستان دابەش بکەن.
ئەمڕۆ یەکشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێورەسمی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر، وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: بەداخەوە، چۆن پێشتر هەوڵی بڕینی دارستانەکان لە هەرێمی کوردستان درا و بۆ ئەوەی ژیان لە هاووڵاتیانی کوردستان زەحمەت بکەن، ئێستاش دەستێکی رەش دیسان هەوڵی تیرۆرکردنی کوردستان دەدا بەوەی کە ئەو ژێرخانە پێویستەی کە دەکەوێتە خەڵکی کوردستان لەناو بەرێ. پەلاماردانی کۆرمۆر و لێدان لە ژێرخانی کارەبا کە بەرهەمی کارەبا بۆ هاووڵاتیانی کوردستان بەرهەم دێنێت، ئەمە تاوانێکە بەرامبەر بە هەموو خەڵکی کوردستان و هەموو خەڵکی عێراقیش.
بەوتەی مەسرور بارزانی داوا دەکەین ئەو لیژنە تایبەتەی کە داندراوە بۆ لێکۆڵینەوە، لە کاتێکی زوودا بگەنە ئەنجام و هەم ئەوانەی تاوانیان کردووە و هەم ئەوانەی لە پشتی تاوانەکەشن، ئەوانە ئاشکرا بکرێن و بیاندەنە دادگا و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن. ئەمە تاوانە بەرامبەر بە خەڵکێکی بێگوناح، بەرامبەر بە هەموو خەڵکی کوردستان و بە هیچ جۆرێک ئەم جۆرە تاوانانە نابێ قبووڵکراو بێت. داوامان ئەوەیە هەرچیش پێویست بێ بۆ ئێمە بتوانین یارمەتیی ئەم جۆرە لێکۆڵینەوانە بکەین، ئێمە ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە و بۆ ئەمەش لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵین و بەردەوام قسە دەکەین.
ئاماژەی بەوەشدا، دەمەوێ ئەوە بڵێم کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان، ئاوەدانکردنی هەرێمی کوردستان، ئەرکێکی نیشتمانیی هەموومانە. لە لایەکەوە هەوڵ دەدەین رۆژانە پرۆژە دروست بکەین بۆ ئەوەی ژیانی خەڵک بەختەوەر بێ، بۆ ئەوەی یارمەتیی خەڵکەکە بدەین. لە لایەکی ترەوە ئێمە لە هیچ شتێک سڵ ناکەین بۆ ئەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان بپارێزین و رێگری لە دابەشکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەین.
سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستەڕوو، بە هەموو هەوڵ و توانای خۆمانەوە، بە پشتیوانیی خوای گەورە و خەڵکی دڵسۆز و نیشتمانپەروەری کوردستان، رووبەڕووی هەموو هەڵمەتێک دەبینەوە کە هەرێمی کوردستان دابەش بکەن یانیش لاوازی بکەن. پێشتر کەمکردنەوەی سنوور و رووبەری کوردستان و گۆڕینی دیمۆگرافی لە کوردستان وەکوو سیاسەتێک لە لایەن رژێمەکانی پێشووترەوە پەیڕەو دەکرا. ئێستاش بە هەر جۆرێک بێ کە هەرێمی کوردستان لاواز بکرێ یانیش وڵاتەکەمان لەوە زیاتر دابەش بکرێ.
