لەگەڵ بەغدا "گفتوگۆی جدی" دەكات
پارتی رەتیدەكاتەوە لەپرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەناوچە دابڕێنراوەكان پاشەكشەی كردبێت

کوردستان

18/06/2017‌ 1839 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
تارق گەردی پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی كوردستان رەتیكردەوە، كە پارتەكەی لەبارەی ریفراندۆمەوە پاشەكشەی كردبێت‌و رایگەیاند "ئەو دەنگۆیانە رەتدەكەینەوە دەوترێت پارتی پەشیمان بووەتە لەئەنجامدانی ریفراندۆم، بەتایبەتی لەناوچە دابڕێنراوەكان".

تارق گەردی بۆ شارپرێس ئەمڕۆ یەك شەممە راشیگەیاند "بەپێچەوانەوە جدیتر هەوڵەكان چڕدەكەینەوە بۆ ئەوەی لایەنە ناڕازییەكان لەهەرێمی كوردستان بڕوا پێبهێنین بۆ بەشداریكردن لەپرۆسەی ریفراندۆم، چونكە ئەمە پرسێكی نیشتمانی‌و گرنگە".

ئەمە لەكاتێكدایە دوو رۆژە دەنگۆی ئەوە بڵاودەكرێتەوە، كە پارتی لەپرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم پاشەكشەی كردووە، بەتایبەتی لەناوچە دابرێنراوەكانی هەرێمی كوردستان.

ئەو پەرلەمانتاری پارتی جەختیشیكردەوە، كە ئەنجامدانی ریفراندۆم "قاوە خواردنەوەو بەخت تاقیكردنەوە نییە، ئەمە تاكە رێگایە بۆ دیاریكردنی مافی چارەنووسی گەلی كوردستان، بۆیە لەچەند رۆژی ئایندەدا هەوڵەكان چڕدەكەینەوە بۆ گەیشتن بەئەنجامێكی باشتر لەبارەی ریفراندۆمەوە".

گەردی ئەوەشی راگەیاند "ئەو پرسە پێویستی بەگفتوگۆی زیاتر هەیە تا لایەنە ناڕۆشنەكانی بۆ هەموو لایەك رۆشن بكرێتەوە، چونكە وەك بڕیاردراوە لەكاتی خۆی ریفراندۆم دەكرێت".


هەروەها رایگەیاند "پێویستمان بەگفتوگۆو هەماهەنگی زیاتری ناوخۆیی لەو بارەوەو لایەنە عێراقییەكانیش هەیەو بەزوویی لەگەڵ بەغدا گفتوگۆی جدی لەسەر دەكەین".

مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان رۆژی 7 ئەم مانگە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمیاندا، كە بڕیارە پرۆسەكە رۆژی 25/9/2018 بەرێوەبچێت، ئێستاش لەسەر ئاستی ناوخۆو عێراق‌و دەرەوەش كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێناوە.

هـ ـ ح