ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هۆشداری لەبارەی ریفراندۆمی هەرێم دەدات

عیراق

18/06/2017‌ 2458 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانەوە هۆشداریداو جەختیشیكردەوە، كە ئەوان لەگەڵ پرۆسەكە نین.

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەك شەممە بەیاننامەیەكی لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم بڵاوكردووەتەوە، كە تێدا هۆشداری ئەوەی داوە ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە قەیرانی دارایی زیاتر قووڵدەكاتەوەو خەڵكی زیاتر برسی دەكات.

ئەنجوومەنەكە جەختیشیكردووەتەوە، ئەوان لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەكە نین‌و راشیگەیاندووە "هەرێمی كوردستان نابێت تاكلایەنە ئەو پرۆسەیە ئەنجامبدات، كە پێچەوانەی دەستووری عێراقە".

ئەمە لەكاتێكدایە، لایەنە سیاسییەكانی هەرێم‌و مەسعود بارزانی بڕیاریانداوە رۆژی 25/9/2017 پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی ناوخۆیی‌و نێودەوڵەتی بەدواوە هاتووە.

ئەنجوومەنی وەزیران ئەوەشی راگەیاندوو وەك رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاندووە، هیچ بەشداری هەماهەنگییەكانیان بۆ پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم نابێت‌و رێكاری یاسایشی لەدژ دەگرنە بەر.

هـ ـ ح