داعش هێرش دەكاتە سەر كەركوك
رۆژنامەی شەرقلئەوسەت باس لە "پیلان"ێكی ئێران بۆ شكستپێهێنانی ریفراندۆم دەكات

کوردستان

24/06/2017‌ 5490 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی شەرقلئەوسەتی سعودی رایگەیاند ئێران "پیلان"ێكی هەیە بۆ بۆ شكستپێهێنانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەش داعش هێرش دەكاتە سەر شاری كەركوك.

رۆژنامەكە لەژمارەی ئەمڕۆ شەممە ئاشكرایكردووە، چەند رۆژێكە چەكدارانی داعش لەباشووری كەركوك، بەتایبەتی لەناوچەكانی حەویجەوە دەستیان بەجموجوڵێكی زۆر كردووە، ئەوەش بەئاراستەی شاری كەركوك.

رۆژنامەكە ئاشكراشیكرد، كە جموجوڵەكانی چەكدارانی داعش لەو ناوچانەوە لەكاتێكدایە، ژمارەیەكی زۆر چەكداری حەشدی شەعبی‌و راوێژكاری ئێرانی لەو ناوچانانەن، بەڵام هیچ كاردانەوەیەكیان بۆ ئەو جموجوڵانە نییە.

بەپێی رۆژنامەكە، كە لەزاری بەرپرسێكی سەربازی كورد وەریگرتووە، ئەوە "ئەو جموجوڵانەی داعش پیلانی ئێرانە بۆ هێرشكردنە سەر شاری كەركوك، بۆ ئەوەی شكست بەپرۆسەی ریفراندۆم بهێنێت".

هەر بەپێی رۆژنامەكە "پیلانەكە لەلایەن ئیرەج مەسجدی‌ باڵیۆزی‌ ئێران لەعێراق سەپەرشتی دەكرێت، كە ناوبراو خۆی پێشتر یەكێك بووە لەفەرماندەكانی سوپای قودسی ئێرانی‌و راوێژكاری قاسم سلێمانی فەرماندەی سوپاكە".

هەروەها شەرقئەوسەت ئەوەشی ئاشكراكردووە، "پیلانێكی تری ئێران لەو هێرشەی داعش بۆ ئەوەی هێزی حەشدی شەعبی بنێرێت بۆ شاری كەركوك، ئەوەش لەو كاتەی داعش هێرشی كردە سەر شارەكە".

ئەمە لەكاتێكدایە بڕیارە رۆژی 25/9/2017 لەهەرێمی كوردستان ریفراندۆم بكرێت، كە پرۆسەكە كەركوك‌و ناوچە دابڕێنراوەكانیش دەگرێتەوە، ئێرانیش بەفەرمی دژایەتی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە راگەیاندووە.

حسێن یەزدان پەنا، كە سەرۆكی‌ پارتی‌ ئازادی‌ كوردستانو یەكێكە لەفەرماندەكانی پێشمەرگە لەمیحوەری‌ رۆژئاوای‌ كەركوك زانیارییەكانی بۆ رۆژنامەكە پشتڕاستكردووەتەوەو رایگەیاندووە "ئێران دەیەوێت چەكدارانی حەویجە بەئاراستەی كەركوك جوڵە پێبكات".

حسێن یەزدان پەنا، ئەوەشی راگەیاندووە "بەپێی پیلانەكە داعش هێرشی فراوان دەكاتە سەر شاری كەركوك، ئەوەش بۆ ئەوەی كورد بەو شەڕەوە سەرقاڵ بێت‌و ریفراندۆم ئەنجامنەدرێت".

هـ ـ ح