وەك كارتی فشار بەكاردەهێنرێت
شەڕی حەویجە بۆ دوای راپرسی هەرێم دوادەخرێت

کوردستان

25/06/2017‌ 1327 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لیوا محەمەد رێگر، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگە، رایگەیاند حكومەتی عێراق دەیەوێت شەڕی حەویجە بۆ دوای مەسەلەی ئەنجامدانی راپرسی هەرێم دوابخات، تا وەكو كارتی فشار بەرانبەر هەرێمی كوردستان بەكاریبهێنێت.

لیوا محەمەد رێگر، كە لەجێگەی كەمال كەركوكی وەكو فەرماندەی میحوەر دەستبەكاربووە، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند "كاتی دەستپێكردنی شەڕی حەویجە نزیك نییە، چونكە شەڕ لەموسڵ زۆری ماوەو سوپای عێراقیش ماندووە."

لیوا محەمەد رێگر، راشیگەیاند "حكومەتی عێراق دەیەوێت شەڕەكە بۆ دوای مانگی ئەیلولی ئەمساڵ دوابخات، بۆ ئەوەی وەكو كارتی فشار بەرانبەر پرسی راپرسی هەرێمی كوردستان بەكاریبهێنێت."

هەندێك لەبەرپرسانی ئەمنی باس لەكۆبوونەوەی هێزێكی زۆری داعش لەقەزای حەویجەی رۆژئاوای كەركوك دەكەن، بەتایبەت لەئێستادا چەكدارەكانی ئەو رێكخراوە جموجۆڵیان زۆر هەیەو كەم شەو هەیە لەسنووری قەزای خوورماتووەوە هێرش نەكەنە سەر پێشمەرگە، بەڵام لیوا محەمەد رێگر ئەوەی رەتكردەوە.

لیوا محەمەد ئەوەشی راگەیاند "داعش ژمارەیان زیادی نەكردووە، هەر گوندێكی دەوروبەری حەویجە 5 بۆ 7 چەكداری داعش زیاتری تێدا نییە."

پێشتر كچێك لەناو شاری كەركوكدا رفێنرا، دواتر دوو گەنجی نزیك لەحەشدی شەعبی بەتۆمەتی رفاندنی دەستگیركران، هەروەها چەكدارێكی تری حەشدیش لەناو كەركوكدا دەستگیركرا، كە بۆمب لەنێو ئۆتۆمبێلەكەیدا بوو، بەرپرسانی كورد هەندێك بەرپرسی حەشدیان بەئەنجامدانی جموجۆڵ بۆ نانەوەی پشێوی تۆمەتبار كرد، بەڵام دواتر بەرپرسانی حەشد تۆمەتەكەیان رەتكردەوەو رووداوەكانیان بەسیناریۆ وەسفكرد.

لەو باریەوە فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركوك، پێیوابوو ئامانج لەجموجۆڵە نامۆكان بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنی كەركوك رێگرتنە لەئەنجامدانی راپرسی، بەڵام شكستدەهێنن.

جەختكردنەوەی فەرماندەكانی پێشمەرگە لەسەر دواخستنی شەڕی حەویجەو هەوڵدان بۆ تێكدانی دۆخی ئەمنی كەركوك، لەكاتێكدایە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق پێشتر رایگەیاندبوو شەڕی حەویجە نزیكەو دژایەتی حكومەتەكەشی بۆ راپرسی پیشاندا.

هـ ـ ح