نوێترین هەڵوێستی ئەمریكا لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان

کوردستان

19/07/2017‌ 2131 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
نوێنەری ئەمریكا لەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان رایگەیاند واشتنۆن دوو دڵە لەو ریفراندۆمەی بەرپرسانی هەرێمی كوردستان بڕیاریانداوە بۆ ئەنجامدانی.

"نیكی هێلی" نوێنەری هەمیشەیی ئەمریكا لەرێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان راشیگەیاند، كە وڵاتەكەی وای دەبینێت، ئەنجامدانی ریفراندۆم دەبێت هۆی دووركەوتنەوە لەئامانجە سەرەكییەكە، كە شەڕی داعش‌و كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچە داگیركراوەكانی عێراقە.

قسەكانی "هێلی" دوای كۆبوونەوەیەكی بووە لەگەڵ "یان كۆبیش"ی نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق، كە لەو كۆبوونەوەیەدا باسی دۆخی عێراق‌و شەڕی داعش‌و چەند پرسێكی تریش كراوە.

"هێلی" جەختیكردووەتەوە، گرنگە رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان زیاتر گرنگی بەعێراق بكات‌و هاوكاری مرۆیی زیاتر بگەیەنێتە ناوچە زیانلێكەوتووەكان.

هەروەها هانی "كوبیش"ی داوە، كە باوەڕ بەهەردوو حكومەتی هەرێم‌و عێراق بهێنێت، بەزووترین كات دەست بەگفتوگۆ بكەن، بەتایبەتی لەسەر پرسی ریفراندۆم، ئەوەش پێش ئەنجامدانی پرۆسەكە.

ئەمە نوێترین هەڵوێستی ئەمریكایە لەسەر پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان، كە بڕیارە 25/9/2017 بەرێوەبچێت، ئەوەش بەبڕیاری چەند لایەنێكی سیاسی هەرێم.

هـ ـ ح