ریفراندۆم دواناخرێت‌
پارتی: دراوسێیەكی‌ باش دەبین بۆ عێراق‌و ئێران

عیراق

03/08/2017‌ 1596 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
وتەبێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رایدەگەیەنێت ریفراندۆمی‌ هەرێمی‌ كوردستان مەترسی‌ نییە بۆ هیچ وڵاتێك‌و لەكاتی‌ دیاریكراویی‌ خۆیدا ئەنجام دەدرێت.

بەپێی‌ بڕیاری‌ مەسعود بارزانی‌‌و زۆربەی‌ حیزبە كوردییەكان دەبێ‌ رۆژی‌ 25ی‌ ئەیلولی‌ پرۆسەی‌ راپرسی‌ لەهەرێمی‌ كوردستان ئەنجام بدرێت بۆ بڕیاردان لەسەر مانەوە لەگەڵ عێراق یا جیابوونەوە، بەڵام ئەم بڕیارە لەسەر ئاستی‌ ناوخۆی‌ كوردستان‌و دەرەوەش ناڕەزایی‌ لێكەوتووەتەوەو بە"بڕیارێكی‌ بەپەلە" دەزانرێت.

ئێستا لەبارەی‌ ریفراندۆمەوە لەكوردستان دووبەرەی‌ دیار هەن، یەكێكیان پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان رێبەرایەتی‌ دەكات‌و لەگەڵ ئەوەدایە كە ریفراندۆم ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی‌ كورد بڕیار لەچارەنووسی‌ خۆی‌ بدات، بەرەی‌ دووەم بزوتنەوەی‌ گۆڕان رێبەرایەتی‌ دەكات‌و دژی‌ پرۆسەكەیەو پێیان وایە ریفراندۆم تەنیا بانگەشەیەكە بۆ پەردەپۆشكردنی‌ كێشە زۆرو زەوەندەكانی‌ كوردستان.

مەحمود محەمەد ئەندامی‌ مەكتەبی‌ سیاسی‌‌و وتەبێژی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان لەچاوپێكەوتنێكی‌ (نیقاش)دا سەرنجی‌ حزبەكەی‌ دەخاتەروو، باس لەوەش دەكات كە ئەوان سوورن لەسەر ئەوەی‌ ریفراندۆم لەكاتی‌ دیاریكراوی‌ خۆیدا بكرێ‌.

نیقاش: گرنگترین بابەتی‌ ئەمڕۆ لەكوردستان باس‌و خواسی‌ پرۆسەی‌ ریفراندۆمە، ئێستا بەكوێ‌ گەیشتووە؟

مەحمود محەمەد: پرسی‌ ریفراندۆم وەك پرسێكی‌ نەتەوەیی‌ نیشتمانی‌ بڕیارێك بوو لەلایەن هەموو حزبەكانی‌ كوردستان درا جگە لەبزووتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌، لیژنەیەكی‌ بۆ پێكهێنراو كار بۆ لایەنی‌ سیاسی‌و دبلۆماسی‌‌و میدیایی‌ دەكرێت، ئێستا لەهەوڵی‌ رەخساندنی‌ زەمینەی‌ ناوخۆییدایە، لیژنەی‌ باڵای‌ سەرپەرشتی‌ پرۆسەكە بەپێویستی‌ زانی‌ سەردانی‌ وڵاتان بكات‌و ریفراندۆم بۆ وڵاتانی‌  دونیاو دەروبەر شیبكاتەوە.

نیقاش: وا باسكرە لەدواهەمین كۆبوونەوەی‌ دوو هێزە سەرەكییەكەی‌ كوردستان، پارتی‌‌و یەكێتی‌ باسی‌ دواخستنی‌ ریفراندۆم كراوە؟

مەحمود محەمەد: ئێرانیەكان باسی‌ دواخستیان كردووە نەوەك یەكێتی‌، شاندی‌ یەكێتی‌ گوێی‌ لەقسەی‌ ئێرانیەكان گرتوە، ئەوان (ئێران) خۆش حاڵ نین بەریفراندۆم‌و كۆمەڵێك مەترسیان نیشانداوەو پێویستە مەترسیەكانیان بۆ رونبكەینەوە كە  ریفراندۆم مافێكی‌ خەڵكی‌ كوردستانە.

نیقاش: بەرپرسانی‌ ئێران بەروونی‌ وتیانە دژ بەریفراندۆمن، ئەمە گرفتێكی‌ گەورە نییە؟

مەحمود محەمەد: پێم وانییە هیچ كاتێك ئێران بڕیار بدات‌و بڵێت فەرموو ریفراندۆم بكەن، دەبێت ئێمە هەنگاو بنێین‌و ئەوانیش قەناعەت پێبكەین كە ریفراندۆم مەترسی‌ نییە، وەك چۆن لەكاتی‌ راگەیاندنی‌ فیدراڵی‌ كە مەترسیان نیشانداو پێیان ناخۆش بوو دژایەتیان نیشاندا، بەڵام كە راگەیاندرا دژ بەئەوان نەبوو، بەڵكو زیاتر هەوڵ بۆ پاراستنی‌ ئەمنیەتی‌ ئەواندرا، هەروەها بەرژەوەندی‌ ئەوان زیاتر پارێزراو دوایی‌ گرفتیان لەگەڵی‌ نەما، ئێستا بەهەمان شێوە دڵنیام هەروایەو زیاتر هەست بەبەرپرسیارێتی‌ دەكەین‌و ئەمنیەتی‌ ئەوان‌و بەرژەوەندی‌ ئەوان زیاتر دەپارێزین.

نیقاش: یەكێك لەگەورەترین هێزە ناڕازییەكان بزوتنەوەی‌ گۆڕانە، بڕیارە ئێوە لەگەڵ‌ ئەوان كۆببنەوە، ئەی‌ ئەگەر گۆڕان هەر ناڕازیی‌ بوو، ئایا ریفراندۆم دەكرێت؟

مەحمود محەمەد: ئەگەر هەر نەیەن بۆ ناكرێت،  شانزە حزب بڕیاریانداوەو لەسەر یەك حزب دواناخرێت، چونكە بڕیاری‌ یەك حزب نییە، بزووتنەوەی‌ گۆڕان‌و كۆمەڵی‌ ئیسلامی‌ دەڵێن دوابخرێت دەبێت بزانین هۆكار چییە، ئەگەر دواش بخرێت دەبێت كۆمسیۆن بڕیاری‌ دواخستن بدات‌و بڵێت بۆمان ناكرێت بەهۆی‌ ئەم هۆكارەوە، ئەگەر بۆ دوو مانگیش دوابخرێت  پێویستە بزانرێ چی‌ دەگۆڕێت، ئەگەر هەر دواخستن بێت بێ هیچ هۆكارێك، ئەمە لەدونیای‌ سیاسەت ناگونجێت.

نیقاش: بەشێك لەحزبەكان ترسیان هەیە لەوەی‌ دوای‌ ریفراندۆم هەڵبژاردنی‌ پەرلەمان‌و سەرۆكایەتی‌ هەرێم نەكرێت، بۆیە دەڵێن پێویستە هەموو پرۆسەكان بەیەكەوە بكرێت یا هەڵبژاردن زوتر بكرێت، چی‌ كراوە بۆ رەواندنەوەی‌ ئەو ترسە؟

مەحمود محەمەد: ریفراندۆم  بابەتێكەو هەڵبژاردن بابەتێكی‌ ترە، ریفراندۆم شتێك نییە دژ بەیەك حزب‌و كەسێك بێت، هەروەها هیچ پڕوپاگەندەی‌ تێدا نییە كە لایەنێك بڵێت ئەمە دەكەم ئەگەر ریفراندۆم بكرێت، بۆیە دەمانەوێت رای‌ خەڵكی‌ بزانین كە بەڵێ-یە یا نەخێر وەك هەنگاوی‌ یاسایی‌، بەڵام لەهەڵبژاردن پڕۆژە هەیەو هەر لایەنەو دەڵێت ئەمە دەكەم‌و تێگەیشتنمان بۆ  هەموو پرسەكان هەیە، كەش‌و هەوای‌ ریفراندۆم‌و هەڵبژاردن جیایە.

نیقاش: پشتگیری‌ نێودەوڵەتی‌ چۆنە بۆ ئەنجامدانی‌ ریفراندۆم؟

مەحمود محەمەد: ئەوەی‌ تائێستا هەیە خراپ نەبووە، ئەگەر وڵاتان بەئاشكرا پشتیوانی‌ نەبن ئەوا مەسەلەیەكە پەیوەندی‌ دبلۆماسی‌ لەگەڵ عێراق‌و كونسوڵخانەیان لەعێراق هەیەو ناڵێن پشتیوانی‌ پارچەیەك دەكەم، ئەگەر ریفراندۆم بكرێت مامەڵە لەگەڵ ئەنجامی‌ ریفراندۆم دەكەن.

نیقاش: باس لەوە دەكرێت ئەمریكا نێوەنگیری‌ هەولێرو بەغدایە بۆ گەیشتن بەرێكەوتنی‌ نوێ لەگەڵ بەغداو جێبەجێكردنی‌ چەند داواكاریەكی‌ كورد لەبەرامبەر دوا خستنی‌ ریفراندۆم، ئەمە تا چەند راستە؟

مەحمود محەمەد: داواكاری‌ ئێمە ئەوەیە كە زیاتر بەشێوەیەكی‌ دیموكراتی‌‌و یاسایی‌‌و شەرعی‌ ریفراندۆم بكەین، هەنگاو بنرێت بەرەو سەربەخۆیی‌ بۆ ئەوەی‌ دوو دراوسێی‌ باش بین‌و بەرژەوەندی‌ یەكتر بپارێزین، ئەوە داواكاری‌ ئێمەیەو داواكارییەكانمان وەك رابردوو نەماوە، چونكە جێبەجێنەكراون هەر لەسەردەمی‌ پادشایەتییەوە تائێستا هەرچەندە لەدەستوری‌ عێراقدا باسكراوە، بۆنمونە ماددەی‌ 140و مادەكانی‌ تری‌ دەستور دابەشكردنی‌ سەروەت‌و سامان، تەوافق‌و پێكهێنانی‌ هێزی‌ چەكدارو پەیوەندیەكانمان.

نیقاش: زۆربەی‌ ناكۆكییە سیاسییەكانی‌ كوردستان لەنێوان پارتی‌ دیموكرات‌و بزوتنەوەی‌ گۆڕاندا بوو، ئێستا ئێوە داوای‌ كۆبوونەوەتان لەگۆڕان كردووە، هیچ دەستپێشخەرییەكی‌ نوێتان پێیە بۆ چارەسەری‌ كێشە سیاسییەكان؟

مەحمود محەمەد:  دەست پێشخەری‌ ئێمە ئەوەیە كە پەرلەمان كارا بكرێتەوە بەبێ مەرج‌و كۆبوونەوە بۆ ئاسایی‌ كردنەوەیەو چاوەڕێی‌ ئەوەین كە بزووتنەوەی‌ گۆڕان كاتی‌ كۆبوونەوەكە دیاری بكات. (پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان پێشتر تەنیا بەوە رازی‌ بوو پەرلەمانی‌ كوردستان بكەوێتەوە كار سەرۆكەكەی‌ بگۆڕدرێت كە ئەویش لەبزوتنەوەی‌ گۆڕانە).

نیقاش: پرۆسەی‌ ریفراندۆم بۆ زانینی‌ رای‌ خەڵكە، بەڵام ئێستا ئەو كەسانەی‌ لەحیزبەكەی‌ ئێوەوە نزیكن دەڵێن ئەو كەسانەی‌ بەبەڵێ‌ دەنگ نادەن خۆفرۆشن، باشە كە خەڵك ناچارە تەنیا بەبەڵێ‌ دەنگ بدات بۆچی‌ ریفراندۆم دەكەن؟

مەحمود محەمەد: ئەوەی‌ دەوترێ‌ لەسەر ناچاركردنی‌ خەڵك تەنیا بابەتێكی‌ میدیاییەو قسەی‌ ناو كۆبوونەوەكانی‌ پارتی‌‌و حزبەكان نییە، ئەمە قسەی‌ فەیسبووك‌و هەندێ‌ لەمیدیاكانە.

نیقاش: دەوترێت هەرێمی‌ كوردستان نەیتوانی‌ نمونەیەكی‌ جوانی‌ دیموكراسی‌ بێت‌و نەیتوانی‌ مووچەی‌ موچەخۆرانی‌ دابین بكات، ئێستا چۆن متمانەی‌ پێبكرێت بۆ دەوڵەت؟

مەحمود محەمەد: دەوڵەتمان بۆئەوەیە مووچەو دیموكراسی‌ چارەسەر بكەین، بەهۆی‌ ئەوەی‌ دەوڵەت نین ناتوانین هەموو بڕیارێك بدەین بۆ باشتركردنی‌ ئابووری‌ هەرێم، یاسایی‌ تایبەت پەسند بكەین بۆ فەراهەمكردنی‌ دیموكراسی‌، بۆیە دەوڵەت رادەگەینین بۆ ئەوەی‌ ئەمە هەردووكی‌ باشتر بكەین.

نیقاش: لەئێستادا تەمەنی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان لەتەواوبوون نزیكبووەتەوەو ئاسۆی‌ ئەنجامدانی‌ هەڵبژاردنیش روون نییە، ئایا تەمەنی‌ پەرلەمان‌و حكومەت درێژ دەكرێنەوە؟

مەحمود محەمەد: ئومێد دەكەین نەگات بەدرێژكردنەوە، بەڵام ئەگەر لەناچاری‌ بوو چار نییە، سەرۆك بارزانی‌ داوایكردوە كە لەكاتی‌ خۆی‌ هەڵبژاردن بكرێت‌و ئەگەر هەر نەكرێت چارە نییە.