"سەربەخۆیی كوردستان زیانی بۆ هیچ وڵاتێك نییە"
مەسعود بارزانی لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمەوە دڵنیایی دەدات

کوردستان

06/08/2017‌ 1260 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەسعود بارزانی دڵنیایی لەبارەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دایەوەو رایگەیاند، "سەربەخۆیی كوردستان زیانی بۆ هیچ وڵاتێك نابێت".

بەپێی هەواڵێك، كە رۆژنامەی كوێتی كوێتی بڵاویكردووەتەوە، مەسعود  بارزانی رایگەیاند "هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدەدات‌و لەو بڕیارەش پاشەكشەناكات".

هەر بەپێی هەواڵەكە بارزانی راشیگەیاندووە، "سەربەخۆیی كوردستان زیانی بۆ هیچ وڵاتێك نابێت، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ‌، كە لەو بارەوە نیگەرانی‌و ناڕەزایی خۆیان راگەیاندووە".

ئەمە لەكاتێكدایە مەسعود بارزانی‌و زۆرێك لەلایەنە سیاسییەكان رۆژی 25/9/2017 دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە.

مەسعود بارزانی پێشتریش جەختیكردبووەوە، كە ریفراندۆم‌و راگەیاندنی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان زیانی بۆ هیچ وڵاتێك نابێت‌و ئەوە مافێكی سەرەتایی گەلی كوردە، كە چەند ساڵێكە خەباتی بۆ دەكات.

هـ ـ ح