كەمپینی "دواخستنی ڕیفراندۆم"ی هەرێم رادەگەیەنێت

کوردستان

09/08/2017‌ 2253 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەدەست پێشخەری ئینستیتوتی وۆرك‌و ڕێكخراوی فیوچەر كەمپینی "لەپێناو بەرژەوەندی خەڵك‌و كوردستان بەڵێ بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ڕاگەیەنرا".

‎لەو بارەیەوە هەردی ئەحمەد سەرۆكی ڕێكخراوی فیوچەر ڕایگەیاند "ئامانج لە كەمپینەكە جوڵاندنی ڕای گشتی‌و دروستكردنی گوشارە لەسەر لایەنە سیاسییەكان بۆ دواخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم، كە وا بڕیارە لەكۆتایی مانگی نۆ ئەنجامبدرێت".

هەردی ئەحمەد راشیگەیاند "پڕۆژەكە پرۆژەیەكی یاسایی‌و نیشتمانی نییەو كۆدەنگی نیشتمانی لەسەر نییەو لەدامەزراوەیەكی فەرمی بڕیاری لەسەر نەدراوە، بەڵكو پڕۆژەیەكی حیزبییە".

هەردی ئاماژەی بەوەشدا داواكاری ئێمە لەكەمپینەكە دواخستنی پڕۆسەی ڕیفراندۆمە بۆ كاتێكی گونجاو، چونكە ئەولەویەت لە ئێستادا باشكردنی ژیانی هاوڵاتیان‌و گێڕانەوەی متمانەیە بۆیان ، كاراكردنەوەی دامەزراوە شەرعییەكانەو كۆتایی هێنانە بەململانێ‌و دروستكردنی كۆدەنگی نیشتمانی‌و بەیاسایی كردنی پڕۆژەكەیە لەپەرلەمان 

دەقی ڕاگەیەندراوی كەمپینەكە : 

‎بە دەسپێشخەری ڕێكخراوی فیوچەر و ئینستیتوتی وۆرك كەمپینی
‎(لە پێناو بەرژەوەندی خەڵك و كوردستان ، بەڵێ بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ) ڕادەگەیەنێت

‎لەسۆنگەی هەستكردنمان بەبەرپرسیارێتی بەرامبەر بەهەستیاری بارودۆخی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو مەترسی و ئەگەر و پێشهاتانەی كە لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمدایە، بەتایبەت چارەسەرنەكردنی كێشە و ململانێ ناوخۆییەكانی هەرێم لە كارانەكردنەوەی دامەزراوە شەرعیەكان و بەسستی ڕایكردنی كاروبارەكانی حكومەت و خراپی ڕەوش و بژێوی ژیانی هاوڵاتیان لە بەرامبەر ئەمەشدا دروست بوونی بێمتمانەی و نا ئومێدكردنی تاكی كوردی و خۆ ئامادەنەكردن بۆ هەموو ئەگەر و پێشهات وپیلانی وڵاتانی ئیقلیمی و لەگەڵ ئەمەشدا ڕا و بۆچونی شارەزایان و چاودێرانی نێودەوڵەتی لە نەگونجاندنی كاتی ئەنجامدانی گشت پرسی و ڕیفراندۆم  بەپێویستمان زانی كەمپینی (لە پێناو بەرژەوەندی خەڵك و كوردستان ، بەڵێ بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم ) ڕاگەیەنێن ، 

‎ئامانج لەم كەمپینەكە : 
‎1. جوڵاندنی ڕای گشتییە بۆ دروستكردنی گوشارە لەسەر لایەن سیاسیەكانی كوردستان كە بەرپرسیارانە بڕیار بدەن لە بەرامبەر مێژوو و ئێستا و داهاتوو بۆ بەیاسایی و نیشتمانی كردنی ئەم پرسە .
‎2. دروست كردنی گوشار لەسەر لایەن سیاسیەكانی كوردستان بۆ پێداچوونەوە بە بڕیاری كاتی ئەنجامدانی گشت پرسی و ریفراندۆم لە دواخستنی پرۆسەكە تا پرسێكی وەها گرنگ، كە پەیوەستە بەداهاتوو چارەنووس و ژیانی تاك بەتاكی ئەم هەرێمە نەخرێتە بەردەم مەترسی ناوخۆیی و ئیقلیمی و دەرەكی .

‎داواكاری سەرەكی كەمپین پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم ئامادەكاری و زەمینەسازی بۆ ئەو پرۆسەیە بكرێت بەم شێوەیە: 
‎ 1. لەهەرە گرنگترین رێكارەكان بۆ ئەم پرسە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستانە تا ریفراندۆم بەیاسایی و نیشتمانی بكرێت، كاراكردنەوەی پەرلەمان و پێدانەوەی رۆڵی راستەقینەی خۆی كە بەرزترین دەزگای تەشریعیە لەهەرێمی كوردستان، هەروەها ئامانج لەكاراكردنەوەشی تەنها بۆ تێپەراندنی ریفراندۆم نەبێت، بەڵكو لەو باوەرەوە بێت كە لەكارخستنی هەڵەیەكی گەورە بوو زیانی بەهەرێمی كوردستان گەیاند لەهەموو روویەكەوە.
‎ 2. ئامادەكاری و داڕشتنی پلانی تۆكمەی سیاسی و ئابووری و سەربازی و رێكخستنەوەی نێو ماڵی كوردی و یەك گوتاری لەسەر پرسی ریفراندۆم بەرپرسیارێتی و ئەركی لایەنە سیاسیەكانە تا لەكاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم توانای 
‎رووبەرووبوونەوەی هەر مەترسی و پێشهاتێكی ئیقلیمی و دەرەكی هەبێت.
‎ 3. ئاوڕدانەوەی جدی لەژیان و گوزەرانی خەڵك  كە لەئێستادا خراپترین گوزەرانیان هەیە.
‎ 4. دەربازكردنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەم هەموو قەیرانەی كە لەئێستادا تووشی هاتوە تا لەو رێگەیەوە دامەزراوە حكومیەكان بەرۆڵی خۆیان هەڵستن لەئیدارەدانی هەرێمدا لەپێناو بەرژەوەندی خەڵكدا.
‎ 5. بەهێزكردنی لۆبی كورد تا لەوێوە ئامادەكاری زیاتر بكرێت بۆ پەیداكردنی پشتیوانی لەریفراندۆم و سەربەخۆیی.  
‎ 6. خالێكی زۆر گرنگ كە ئاماژەی پێ بكەین، بەنیشتمانی كردنی ریفراندۆمە، چونكە ئەم پرسە بەتەنیا  ئامانجی حزبێك و دووان نیە، بەڵكو مافی چارەی خۆنووسینی هەموو تاكێكە و ریفراندۆم لەبەردەم مەترسی هەردوو ئاراستەی بەڵێ و نەخێر دووربخەینەوە، لەناوەرۆكی راگەیاندراوەكەدا ئاماژەمان بە مەترسی بەلێ دا لەئێستادا و بەهەمان شێوە نەخێریش مەترسیەكی گەورەترە كە ئەبێتە هۆی لەباربردنی پرسی سەربەخۆیی و خەونی لەمێژینەی خەڵكی كوردستان،  لەو باوەرەداین و واقعیش لەبەرچاوە كە بەڵێ و نەخێر بۆ ئێستا زیانی گەورە بەچارەنووسی هەرێم  و خەڵكەكەی دەگەیەنێت و مەترسیشە بۆ سەر سەربەخۆیی كوردستان، بۆیە دواخستنی وادەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بەئەرك و بەرپرسیارێتی هەمووان دەزانین  .

‎ئەم كەمپینە لە ئەمڕۆوە بەردەوام دەبێت تا 24/9/2017 ، هەوڵ دەدرێت لە سەرجەم شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان دەنگدانەوەی بۆ بكرێت و كەمپینەكە فراوان بكرێت .