شارپرێس:
مەسعود بارزانی رەتیكردەوە، كە رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا داوای پاشگەزبوونەوەی بڕیاری ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانی لێكردبێت.
مەسعود بارزانی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی رایگەیاند "رەجەب تەیب ئەردۆغان هیچ داوایەكی ئاراستە نەكردووم، بۆ ئەوەی ئێمە لەبڕیاری ریفراندۆم پاشگەزببینەوە".
بارزانی جەختیشیكردەوە، پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان هەیەو رێزیش لەو پەیوەندییە دەگرنو راشیگەیاند "بەردەوامی پەیوەندییەكان سوودی بۆ هەردوولا هەیە".
ئەمە لەكاتێكدایە ماوەی رابردوو دوای ئەوەی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم درا، رەجەب تەیب ئەردۆغان كاردانەوەی نواندو بڕیارەكەی بە "هەڵەیەكی گەورە" ناوبردو راشیگەیاند "داوای لەمەسعود بارزانی كردووە لەبڕیارەكە پاشگەزببنەوە".
مەسعود بارزانیو بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان رۆژی 7 حوزەیرانی رابردوو بڕیاریاندا رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆم ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیشدا هێناو كاردانەوەكانیش بەردەوامە.
هـ ـ ح