سەلیم جبوری هەڵوێستی خۆی لەسەر ریفراندۆمی هەرێم راگەیاند

عیراق

16/08/2017‌ 1361 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
سەلیم جبوری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەڵوێستی خۆی لەسەر پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان راگەیاندو جەختیكردەوە، كە دەبێت پرۆسەكە لەچوارچێوەی دەستووردا بێت.

سەلیم جبوری لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێكی سیاسی هەرێمی كوردستان، كە ئەمڕۆ چوار شەممە ئەنجامدراوە، هەڵوێستی خۆی لەسەر پرۆسەی ریفراندۆم راگەیاندووە، كە ئەوەشی راگەیاندووە، جگە لەوەی دەبێت پرۆسەی ریفراندۆم لەچوارچێوەی دەستووردابێت، دەبێت رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەو بارەوە بكرێت.

سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەشی راگەیاندووە، ئەوان رێز لەخواستی گەلی كوردو لایەنە سیاسییەكانیش دەگرن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش نابێت پرۆسەكە گرژی‌و ئاڵۆزی بەدوای خۆی بهێنێت.

سەلیم جبوری، هەروەها رایگەیاندووە، دەبێت لەرێگەی گفتوگۆكانەوە متمانە بۆ پێكهاتەكانی عێراق بگەڕێتەوەو هەموو كێشە هەڵواسراوەكانیش چارەسەربكرێت، بەتایبەتی كێشەكانی نێوان هەولێرو بەغدا.

دوو رۆژە شاندێكی هەرێمی كوردستان لەبەغدان، ئەوەش بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان لەسەر پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێم، كە بڕیارە مانگی نۆی داهاتوو پرۆسەكە بەرێوەبچێت.

هـ ـ ح