شارپرێس وردەكاری "رفاندنی" فەرهاد سەنگاوی ئاشكرادەكات

کوردستان

20/08/2017‌ 11631 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شێركۆ حەمەئەمین، بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان پشتراستیكردەوە، كە كۆمەڵێك چەكدار فەرهاد سەنگاوی پەرلەمانتاری كوردستانیان "رفاندووەو دواتر ئازادیانكردووە".

شێركۆ حەمەئەمین، لەلێدوانێكی تایبەت بۆ شارپرێس چۆنییەتی "رفاندنی" فەرهاد سەنگاوی ئاشكراكرد، بەوەی "بەیانی ئەمڕۆ یەك شەممە لەماڵی برایەكی بووە لەشاری سلێمانی، دواتر كۆمەڵێك چەكداری نەناسراو چوونەتە سەر ماڵەكەو رفاندوویانە".

بەرپرسی نووسینگەی سلێمانی پەرلەمانی كوردستان راشیگەیاند "دوای رفاندنی فەرهاد سەنگاوییان بردووە بۆ شوێنێكی نادیارو دوای هەڕەشەو چەند قسەیەك، لەناوچەیەكی نزیك سلێمانی، كە بەپێی وەسفەكان لەناوچەی قولەرەسی دەچێت، ئازادیان كردووە".

فەرهاد سەنگاوی پێشتر چووە ناو "جووڵانەوەی نەخێر لەئێستادا"، دوای ئەوەش لەلایەن مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی لەو حیزبە دەكرا، كە لەپشكی یەكێتی پەرلەمانتاری كوردستانە.

شێركۆ حەمەئەمین، بەناوی پەرلەمانی كوردستانە "ئیدانە"ی كردەوەكەی كردو بەرپرسیارییەتی "رفاندنەكەش"ی خستە سەر دەزگا ئەمنییەكانی سلێمانی، كە یەكێتی نیشتمانی تێدا باڵا دەستە.

حەمەئەمین، ئەوەشی راگەیاند "لەئێستادا بارێكی نائاسایی رانەگەیەنراو لەهەرێمی كوردستان هەیە، ئەوەش لەزاخۆوە تا خانەقین"‌و جەختیكردەوە، كە دەبێت دۆخەكە ئاسایی بكرێت، چونكە "ئەو حاڵەتانە قابیلی قبووڵ نییە".

فەرهاد سەنگاوی بەپێی یاسا پارێزبەندی پەرلەمانی هەیەو دادوەریش بەبێ‌ رەزامەندی پەرلەمان‌و هەڵگرتنی پارێزبەندییەكەی، ناتوانێت فەرمانی دەستگیركردنی دەربكات، كە شێركۆ حەمەئەمین لەو بارەوە جەختیكردەوە، "ئەمە ئەوپەڕی بێڕێزییە بەپەرلەمان‌و دەنگی خەڵكی كوردستان".

هـ ـ ح