ئەنجامی گفتوگۆكانی لیژنەكەی ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا تاوتوێدەكرێت

کوردستان

23/08/2017‌ 485 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی باڵای ریفراندم كۆبێتەوەو ئەنجامی گفتوگۆكانی لیژنەكەی لەگەڵ بەغدا لەئەنجوومەنەكەدا تاوتوێدەكرێت.

ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆمی هەرێم ئەمڕۆ چوار شەممە بەسەرپەرشتی مەسعود بارزانی كۆبێتەوەو دواین گۆڕانكارییەكان لەبارەی ریفراندۆمەوە قسەی لەسەر دەكرێت.

لەكۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا ئەندامانی شاندی كۆمیتەی ریفراندم ئەنجامی سەردانەكەیان بۆ بەغداو كۆبوونەوەیان لەگەڵ حكومەت‌و لایەنە سیاسییەكان‌و باڵیۆزی وڵاتان  لەعێراق دەخەنەڕوو دواتر گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن.

بەپێی زانیارییەكان بڕیارە لەكۆبوونەوەكەدا جگە لەئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم سكرتێری حیزبەكانیش بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە بكەن بۆ ئەوەی راوبۆچوونی ئەوانیش وەربگیرێت لەسەر پرۆسەكە.

هەر بەپێی زانیاریییەكان ئەنجوومەنەكە بڕیار لەسەر پێكهێنانی شاندێك دەدات، ئەوەش بۆ چوون بۆ وڵاتانی دراوسێ‌‌و گفتوگۆكردن لەسەر ریفراندۆم.

هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنی باڵای ریفراندۆم شاندێكی ناردە بەغداو بۆ گەیاندنی پەیامی هەرێم لەبارەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە، كە بڕیارە لە 25/9/2017 بەڕێوەبچێت.

هـ ـ ح