رووبەڕووی هەولێر دەبنەوە..
ئەنقەرەو تاران‌و بەغدا لەدژی ریفراندۆمی هەرێم دەوەستنەوە

کوردستان

24/08/2017‌ 2953 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی بڵاویكردەوە، هەریەكە لەوڵاتانی توركیاو عێراق‌و ئێران دژی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستانن.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، كە ئەنقەرەو بەغداو تاران بۆ دژایەتی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان بڕیارە هەماهەنگی یەكتری بكەن‌و لەو چوارچێوەیەشدا گەیشتوونەتە رێككەوتنێكی سەرەتایی.

مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن، كە ئەمە كاردانەوەی بەغداو تاران‌و ئەنقەرەو چەند وڵاتێكی تری لێكەوتووەتەوە.

رۆژنامەكە هۆشداریداوە بەوەی لەئەگەری سووربوونی بەرپرسانی هەرێم بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم لەو وادەیەی دیاریكراوە، ئەوە كاردانەوەی توندی ئەو سێ وڵاتەی لێكەوێتەوەو ئەگەر هەیە كاردانەوەكەش بۆ شەڕكردن سەربكێشێت.

هەروەها رۆژنامەكە پشتی بەقسەیەكی عەلی باپیر ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی بەستووە، كە پێشتر رایگەیاندبوو، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێم ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆی لێدەكرێت.

هــ ـ ح