ئیسماعیل نامیق: هەڵوێستی گۆڕان لەسەر ریفراندۆم روونە

کوردستان

29/08/2017‌ 1171 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئیسماعیل نامیق ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: دروستكردنی گومان لەسەر هەڵویستی بزووتنەوەكەی لەمەڕ پرسی ریفراندۆم، "هەوڵدانە بۆ دروستكردنی گومان لەسەر خودی گۆڕان، نەك هەڵوێستی".

ئیسماعیل نامیق هەروەها دەڵێت "هەڵوێستی گۆڕان زۆر روون‌و ئاشكرایە، بەبڕیاری باڵاترین دەسەڵاتی بزوەتنەوەكە، كە جڤاتی نیشتمانییە، دەڵێت با ریفراندۆم دوابخرێت، بەڵام لەبەر هەستیاری پرسەكەو پەیوەستبونی بەرابردوو ئایندەی میللەتەوە، گۆڕان بەئەركی خۆی زانیوە لەهەر كەس ولایەنێكی دیكە زیاتر بەئاگاداری‌و هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بكات".

بەقسەی ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان، كە لەمیانی وتارێك بڵاویكردووەتەوە "ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و بڕیاردان لەسەر چارەنوس، بابەتێكی موجەڕەد نییە، بەدەر لەهەموو فاكتەرو كارتێكەرێك بڕیاری لەسەر بدرێت".

ئیسماعیش نامیق جەختیشیكردووەتەوە، كە بزووتنەوەكەی پێی وایە دەبێت چوار فاكتەر بەتەواوی لە بەرچاوبگیرێن، ئەوانیش زەمینەسازی نێوخۆیی‌و دەستەبەری نێودەوڵەتی‌و ئامانج لەریفراندۆمەكە‌و كاتی ریفراندۆمەكە"، ئەوەش پێش ئەنجامدانی پرۆسەكە.

هەر بەقسەی ناوبراو گۆڕان ئەم چوار فاكتەرەی كردووە پێوەر، بۆ هەڵوێست‌و مامەڵەی لەگەڵ ریفراندۆمدا، هەر گۆڕانكارییەك لەو فاكتەرانەدا رووبدات، بەدڵنیایەوە رەنگدانەوەی دەبێت لەسەر هەڵوێستی گۆڕان، پێویستیشە هەیبێت.

ئەم قسانە لەكاتێكدایە، مەسعود بارزانی‌و بەشێك لەلایەنە سیاسییەكان بڕیاریانداوە، كە رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن‌و گۆڕأن داوای دواخستنی دەكات، بۆ ئەوەش نەچووەتە كۆبوونەوەكانی تایبەت بەو پرسە.

هـ ـ ح