خەلیلزاد: ئەگەر هەولێرو بەغدا رێكنەكەون بارزانی لەریفراندۆم پاشگەزنابێتەوە

عیراق

03/09/2017‌ 1078 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
زاڵمای خەلیلزاد، باڵوێزی پێشووتری ئەمریكا لەعێراق رایگەیاند، ئەگەر هەرێمی كوردستان‌و عێراق لەسەر كێشەكانی نێوانیان رێكنەكەون، "ئەستەمە مەسعود بارزانی لەریفراندۆم پاشگەزبێتەوە".

زاڵمای خەلیلزاد لەمیانی چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ رۆژنامەی بابێری توركی راشیگەیاند "هەرێمی كوردستان بڕیاریداوە لە 25 رۆیفراندۆم ئەنجامبدات، بۆیە ئەگەر لەگفتوگۆكان هەولێرو بەغدا نەگەنە رێككەوتن، ئەوا ریفراندۆم ئەنجامدەدرێت لەوادەی دیاریكراوی خۆی".

باڵوێزەكەی پێشووتری ئەمریكا لەعێراق، ئەوەشی راگەیاندووە، ئەنجامدانی ریفراندۆم لەهەرێمی كوردستان بەواتای راستەخۆ دامەزراندنی دەوڵەت نییەو دوای ئەوەش گەرێكی گفتوگۆكانی نێوان هەولێرو بەغدا لەو بارەوە دەستپێدەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە، هەرێمی كوردستان رۆژی 25/9/2017ی دیاریكردووە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم‌و ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە.

خەلیلزاد كاردانەوەكانی لەسەر پرسی ریفراندۆمی هەرێم بەئاسایی بینیوەو ئەوەشی راگەیاندووە، كە ئەگەر ریفراندۆمی هەرێم ئەنجامبدرێت، ئەوە هیچ وڵاتێك كاردانەوەی سنوورداخستن بەڕووی هەرێم نانوێنێت.

لەبارەی رۆژئاوای كوردستان‌و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردی لەباكووری سوریا، خەلیلزاد جەختیكردووەتەوە، لە 20 ساڵی داهاتووش كوردانی ئەو وڵاتە ناتوانن سەربەخۆیی رابگەیەنن، بۆیە پێویست ناكات لەو بارەوە توركیا كاردانەوەی هەبێت.

هـ ـ ح