روونكردنەوە لەبارەی قسەكانی كۆسرەت رەسوڵ لەكەركوك دەدرێت

کوردستان

13/09/2017‌ 5653 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
روونكردنەوەكە لەبارەی قسەكانی كۆسرەت رەسوڵ، دەدرێت، كە رۆژی رابردوو لەبارەی عێراق كردبووی‌و كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووە.

سكرتێری رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی بڵاویكردەوە، كە دوێنێ سێشەممە 12/9/2017 لەكۆبوونەوەی مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ نەتەوە‌و پێكهاتە جیاوازەكانی كەركوكدا، كۆسرەت رەسوڵ وتەیەكی كورتی پێشكەشكردو تێیدا ئاماژەی بە مافی گەلی كوردستان لەبڕیاردانی چارەنووسی خۆی‌و مامەڵەی حكومەتی ناوەند لەگەڵ كورد كرد.

سكرتێری رۆژنامەوانی كۆسرەت رەسوڵ ئەمڕۆ چوار شەممە لەروونكردنەوەیەك بڵاویشیكردەوە، كۆسرەت رەسوڵ لەقسەكانی وتی: "مەبدەئی شەراكەت لەحكومەتی عێراقی لەدەستوور تەسبیت بووە، مەبدەئی شەراكەتیش ئەوەیە، كە هەموومان شەریك بین، بەڵام ئێستا كەسمان نەماو هەموو كوردەكانیان دەركرد، ئەگەر دیموكراتیەت لای ئەوان ئەوەیە ئەوە شتێكی ترە".

هەروەها روونكردووەتەوە، كە مەبەست لەم قسانەی كۆسرەت رەسول ئەوەیە، "بەداخەوە مەبدەئی شەراكەت لەحكومەتی عێراقی نەماوەو لێپرسراوە كوردەكان لەبەغدا نەماون‌و بەشی زۆریان ناردنەوە كوردستان‌و دەریانكردن، تەنیا وەزیری رۆشنبیری نەبێت ماوە، كە ئەمەش كۆتایی بەبنەمای شەراكەتی راستەقینە دەهێنێت‌و پێشێلی بڕگەو ماددەكانی دەستووری هەمیشەیی عێراقە".

مەسعود بارزانی‌و كۆسرەت رەسوڵ رۆژی سێ‌ شەممە سەردانی كەركوكیان كردو وتاریان پێشكەش كرد، كە كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاندبوو، لەعێراق "هیچ واتایەك بۆ هاوبەشی لەعێراق نەماوە"، ئەم قسانەشی كاردانەوەی بەدواوە هاتووە.

هـ ـ ح