عەبدولڕەزاق شەریف: ئەگەر ڕیفراندۆم بكرێت دەنگی گۆڕان بەڵێ دەبێت

کوردستان

13/09/2017‌ 2639 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عەبدولڕەزاق شەریف، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، ئەگەر ڕیفراندۆم بكرێت ئەوا دەنگی "ئێمە بەڵێ دەبێت نەك نەخێر"و ئاشكراشیكرد ״بە‌پێی زانیاریی وردیی ئێمە ڕیفراندۆم لەكەركوك ناكرێت״.

عەبدولڕەزاق شەریف لەچاوپێكەوتنێكی ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی ״ئاژانس״ دان بەوەدا دەنێت، كە ئەو گرژییەی پێشتر لەهەرێمی كوردستاندا ڕوویداوە هەڵەی گۆڕان‌و پارتییشی تێدا بووەو دەشڵێت: ״ڕەنگە پارتی داوای ئەوە بكەن، كە كاك مەسعود جارێكی تر بتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوەو ئێستاش زەمینە لەبارترە بۆ ڕێككەوتن لەسەر هەمواری یاسایی سەرۆكایەتیی هەرێم״.

ئەو ئەندامەی جڤاتی نیشتمانی جەخت لەوەش دەكاتەوە، كە فراكسیۆنی بزووتنەوەكەی دەچنەوە پەرلەمان‌و وەزیرەكانیشیان دەگەڕێنەوە بۆ حكومەت.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:
سەرەتا لە داواكارییە حەوت خاڵییەكەی یەكێتییەوە دەست پێ دەكەین كە خستییە بەردەستان، هەست ناكەن لەگەڵ داواكارییەكانی ئێوەدا‌ به ‌شێوەیەك له ‌شێوەكان یەك شتن؟

عەبدولڕەزاق شەریف: ئەو خاڵانەی یەكێتیی‌ و ئەو خاڵانەی پارتییش بۆ ئێمە تەرحیان كرد هەموو ئەمانە خاڵبەندیی كێشەكانی هەرێمی كوردستانن، هەموومان قسەی لەسەر دەكەین ‌و دەڵێین ئەمە كێشەكانمانە، هەموو حزب‌ و لایەنەكان دەیخەنە سەر كاغەز، قەیرانی دارایی‌ و كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێم‌ و هەموو ئەو كێشانەی تەبەعاتی كێشەی سەرۆكایەتیی هەرێم بووە، بەڵام چۆن چارەسەری بكەین، ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان بۆچوونمان وایە دەبێت به ‌یاسا چارەسەر بكرێت له ‌پەرلەماندا، بۆ ئەو مەبەستەش ڕێككەوتنێكی هەمەلایەنەی سیاسی بكەین لەناو خۆماندا، ئەم هێزە سەرەكییانه ‌‌و بیبەینە پەرلەمان‌ و بیانكەینە پڕۆژەیاسا.

ڕێككەوتن لەسەر ئەو پرسە هەستیارانە چەند ڕۆژێك پێش وادەی دیاریكراوی كاراكردنەوەی پەرلەمان كە پێنجشەممە 14-9یە مایەی ڕوودانێتی؟

عەبدولڕەزاق شەریف: دەكرێت بگەینە ڕێككەوتن ئەگەر هەموو لایەكمان مەبەستمان چارەسەركردنی كێشەكان‌ و بەشداریكردنی لایەنەكانە لە ئاساییكردنەوەی پەرلەمان، با لە جیاتی ئەوەی سێ سەعات كۆ ببینەوە، با 24 یان 48 سەعات كۆ ببینەوە لەبەر خاتری میللەتەكەمان، بۆ ئەوەی بۆ پڕۆژەیاساكان ڕێك بكەوین‌ و بیدەینە پەرلەمان، مەتبەخی سیاسی بەتایبەت لە نێوان پێنج لایەنەكە ئەنجام بدرێت بۆ كۆی كێشەكان بۆ هەمواركردنی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم‌ و كۆی ئەو شتانەی تر كە پێویستی بە دیاریكردنی میكانیزمی جێبەجێكردنەكەی هەیە، ئەوكاتە پەرلەمانی كوردستان كۆ دەبێتەوە بە ڕۆژێكە یان هەفتەیەك ‌و مانگێكە، ئەمانە جێبەجێ دەكەن، ئەگەر ڕێككەوتنێكی نیشتیمانی هەبێت لەسەری.

بەبێ گەرەنتیی هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم ئامادەن بەشدار بن لە كاراكردنەوەی پەرلەماندا؟ لە كاتێكدا باس لە درێژكردنەوەی وادەی سەرۆكایەتیی مەسعود بارزانی دەكرێت؟

عەبدولڕەزاق شەریف: ئەمانە سیناریۆ ‌و له ‌هەندێ حاڵەتدا هەڕەشەشن لەسەر هێزە سیاسییەكان، وەكو باڵۆن دەیخەنە وەزعە سیاسییەكەوە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە كێشەی یاسایی هەیە لە سەرۆكایەتیی هەرێم، ئەم كێشەیە پارتی خۆیشی نەیشاردووەتەوە، پێشتر گفتوگۆ لەسەر ڕێگە چارەسەرەكەی دەكرا كە هەندێ خاڵ پارتی لەگەڵیدا نەبوو بۆ هەمواركردنەوەكەی، هەندێ خاڵی لەگەڵیدا بوون، ئێمەش بە هەمان شێوە لە هەندێ خاڵیدا لەگەڵیدا نەبووین كە پارتی باسی دەكرد، هێز‌ و لایەنە سیاسییەكانی تریش بە هەمان شێوە، چوار فراكسیۆنی گەورەی پەرلەمان پڕۆژەی هەمواری یاساكەیان كردەوە، پێش دوو ساڵ پارتی بۆیە تەگەرەیان دەخستە بەردەم هەمواری یاساكە بۆ ئەوە بوو كاك مەسعود تا دوو ساڵی تر بمێنێتەوە، ئەشیان وت دژایەتیی شەخسیی كاك مەسعود دەكەن كە له ‌ڕاستیدا وا نەبوو، بەڵام ئێستا چەند جارێكە كاك مەسعود دەڵێت جارێكی تر خۆم هەڵنابژێرمەوە، ئەگەر یاسا هەموار كرا دەردەكەوێت بۆ ئەو كەسەیە كە له ‌هەڵبژاردنی داهاتوو دەبێتە سەرۆكی هەرێم، لەبەر ئەوە ئێستا زەمینە لەبارترە بۆ ئەوەی ڕێك بكەون لەسەر هەمواركردنی یاساكە، بێ هەمواركردنی ئەم یاسایە ئەسڵەن یەكێك لە موئەسەسەكانی هەرێم بێ یاسا دەبێت‌ و پەكی دەكەوێت، ئێمەش خوازیار نین به ‌ناقانوونی بەڕێوە بچێت، كەس لەگەڵ ئەوەدا نییە ئەم كێشەیە وەك خۆی بمێنێتەوە بە پارتییشەوە.

ئەگەر یاساكە بە شێوەیەك هەموار كرا كە مافی دا بە مەسعود بارزانی جارێكی تر خۆی كاندید بكاتەوە، ئێوە لەگەڵیدا دەبن؟

عەبدولڕەزاق شەریف: ڕەنگە پارتی داوای ئەوە بكەن كە كاك مەسعود جارێكی تر بتوانێ خۆی هەڵبژێرێتەوە، له ‌یاساكەدا كە مەسعود بارزانی خۆی واژۆی كردووە دەڵێت بواری درێژكردنەوەی نییە، ئەگەر كاك مەسعود خۆی كاندید بكات دەبێت كۆدەنگیی نیشتیمانیی لەسەر بێت كە ئەو مافەی پێ بدرێت، ئەوكاتە مونافیسی دەبێت بۆ سەرۆكی هەرێم ‌و گۆڕان كاندیدی دەبێت، ئەوە گرنگە بۆ هەموو لایەك كە سیستمی سیاسی بكرێتە سیستمی پەرلەمان‌ و جێگیر بكرێت‌ و یاساكان هەموار دەكەیتەوە ‌و كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر دەبێت كە فراكسیۆنەكانی پەرلەمانن.

دەوترێت پێشتر گۆڕان كاراكردنەوەی بێمەرجی پەرلەمانی دەویست، ئێستا هەست ناكەن هیچ مەرجێك نەماوە و ئێوە مەرجتان هەیە؟

عەبدولڕەزاق شەریف: ئێمە هیچ مەرجێكمان نییه،‌ دەمانەوێت پێش ئەوەی بچینە پەرلەمان فەوزا درووست نەبێت ‌و ڕێككەوتنی سیاسی بكرێت لەسەر ئەو خاڵانەی یەكێتیی‌ و پارتی ‌و ئێمه ‌‌و كۆمەڵ ‌و یەكگرتوو پێشنیاریان كردووه،‌ هەمووی خاڵی لێكنزیك بوون ‌و دەگەینە ڕێككەوتن.

ئەو گرژییانەی پێشتر درووست بوون هەڵەی پارتی‌ و ئێمەشی تێدا بوو، بەڵام ئەگەر بمانەوێت دەگەینە ڕێككەوتن، لەبەر ئەوەی دواجار پێكەوە جوانین‌ و پێكەوە كار دەكەین.

وەزیرەكانتان بێ كاراكردنەوەی پەرلەمان دەچنەوە حكومەت؟

عەبدولڕەزاق شەریف: ئەگەر ڕێككەوتنی سیاسی بكرێت لەسەر پەرلەمان، بەڵێ، وەزیرەكان دەچنەوە حكومەت، هیچ بڕیارێكی وامان نییە نەچینەوە پەرلەمان، دەچینەوە پەرلەمان.

ئەی هەست ناكەن یەكگرتوو پشتی لە بەرەكەتان كرد؟

عەبدولڕەزاق شەریف: پێمان وایە كۆدەنگی لە نێوان یەكێتیی‌ و كۆمەڵ ‌و گۆڕان‌ و یەكگرتوو هەبوو بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم‌ و چارەسەری كێشەكان، هەتا ئێستا هەموو ئەو لایەنانە ئیلتزامیان بە بەڵێنەكانی خۆیانەوە كردووە، یەكگرتووش بە هەمان شێوە ئیلتزامی كردووە بە بەڵێنەكانییەوە، ئێمە حەقی هەندێ لێدوانمان نییە كە ئەو قسانە لەسەر گۆڕان‌ و یەكگرتوو دەكەن.

هەڵوێستتان لەسەر ڕیفراندۆم چۆنە، بەڵێ یان نەخێر، یان جەماوەرتان سەرپشك دەكەن؟

عەبدولڕەزاق شەریف: بە پێی زانیاریی وردی ئێمە ڕیفراندۆم لە كەركوك ناكرێت و ئەگەریش هەیە لە هەرێم دوا بخرێت، فشارێكی جددی له ‌لایەن بێگانەوە هەیە لەسەر دواخستنی ڕیفراندۆم، دەبێت خەڵكی كوردستان باش ئەوە بزانن كە هەڵوێستی گۆڕان بۆچی لەسەر ڕیفراندۆم بەو شێوەیە بووە، كە داوامان دەكرد ڕیفراندۆم دوا بخرێت بەبێ ئەوەی دەنگ‌ و ڕەنگمان له ‌دواخستنیدا هەبێت، ئەوەتا پارتی‌ و یەكێتیی گەشتوونەتە ئەو بڕیارەی ڕیفراندۆم دوا بخرێت، ئەگەر لە حاڵەتێكیشدا ڕیفراندۆم بكرێت ئەوا دەنگی ئێمە بەڵێ دەبێت نەك نەخێر.

گۆڕان سازش لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا دەكات؟

عەبدولڕەزاق شەریف: گۆڕان سازش لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەكان ناكات، چونكە ئەوە مافێكی ڕەوای دیموكراسیی خەڵكە، ئەمە كارەساتە بۆ پڕۆسەی دیموكراسی كر تۆ بێیت هەڵبژاردنەكان دوا بخەیت‌ و له ‌كاتی خۆیدا نەیكەیت.

بەپەلە