بەرپرسانی كورد لەژێر فشاری ناوخۆیی‌و نێودەوڵتیدان بۆ دواخستنی ریفراندۆم

کوردستان

15/09/2017‌ 1753 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كەناڵی جەزیرەی عەرەبی بڵاویكردەوە، كە بەرپرسانی كورد لەژێر فشاری ناوخۆیی عێراق‌و نێودەوڵەتیدان، ئەوەش بۆ دواخستنی پرۆسەی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان.

كەناڵەكە لەراپۆرتەكەیدا نموونەی بەسەردانی برێت مەكگۆڕك نوێنەری سەرۆكی ئەمریكا لەهاوپەیمانی نێودەوڵەتی هێناوەتەوە، كە چەند رۆژێكە لەهەرێمی كوردستانە.

كەناڵەكە راشیگەیاندووە، مەكگۆڕك‌و نوێنەرانی تری وڵاتانی ئەوروپی لەهەرێم دەستیان بەفشارەكانیان بۆ سەر بەرپرسانی كورد كردووە، بۆ ئەوەی ریفراندۆمی هەرێم دوابخەن.

چەند رۆژێكە مەكگۆڕك هاتووەتە هەرێمی كوردستان، ئەوەش بۆ پرسی دواخستنی ریفراندۆمی هەرێم، كە بڕیارە 25 ئەم مانگە ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەش جێگرەوەیەكی رادەستی مەسعود بارزانی كردووە، كە پێشتر بۆ دواخستنی ریفراندۆم داوای كردبوو.

هەروەها كەناڵەكە باسی لەفشارە ناوخۆییەكانی عێراقیش كردووە لەبارەی دواخستنی ریفراندۆم‌و رایگەیاندووە بڕیاری لەكارخستنی نەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك لەپۆستەكەی، كە پشكی كوردە پەیوەندی بەو فشارانەوە هەیە.

مەسعود بارزانی‌و لایەنە سیاسییەكان لەحەوتی حوزەیرانی رابردوو بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە 25/9/2017دا، كە ئەمە كاردانەوەی بەدواوە هات‌و زۆربەی كاردانەكانیش دژایەتی پرۆسەكە دەكەن‌و دەیانەوێت بەرێوەنەچێت.

كەناڵەكە ئەوەشی راگەیاندووە، سەرەڕای فشارەكان، تائێستا بەرپرسانی كورد بڕیاری دواخستنی ریفراندۆمیان نەداوەو سوورن لەسەر ئەوەی لەوادەی دیاریكراو ریفراندۆم بەرێوەدەچێت.

هـ ـ ح