شارپرێس:
لەئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق هەوڵەكان بۆ سەندنەوەی متمانە لەفوئا مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق بەردەوامە، كە ناوبراو لەپشكی كورد ئەو پۆستەی وەرگرتووە.
هەوڵەكان لەهەفتەی رابردووەوە دەستیپێكردووە، كە بەپێی زانیارییەكان تائێستا زیاتر لە 100 واژوو كۆكراوەتەوە، بۆ ئەوەی پەرلەمانی عێراق پرسی سەندنەوەی متمانە لەسەرۆك كۆمار بخاتە بەرنامەی كار.
هەر بەپێی زانیارییەكان هەوڵەكان لەلایەن پەرلەمانتارانی لیستی دەوڵەتی یاسا دەدرێتو بۆ ئەوەی پرسەكەش بخەنە بەرنامەی كاری پەرلەمانی عێراق، واژووی پێویستیان كۆكردووەتەوە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە ئەمڕۆ شەممە ئەو واژووانەی كۆكراوەتەوە رادەستی دەسەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بكرێت، بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی دانیشتنەكانی پەرلەمان.
پەرلەمانتارانی عێراق بەبیانووی ئەوەی سەرۆك كۆماری عێراق لەپرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان رای نییەو لەو بارەوە هەڵوێستی رانەگەیاندووە، بۆیە هەوڵی سەندنەوەی متمانە لەناوبراو دەدەن.
ریفراندۆمی هەرێم رۆژی 25/9/2017 بەرێوەدەچێت، كە ئەمە كاردانەوەی لایەنە عێراقییەكانی بەدواوە هاتووەو كاردانەوەكانیش بەردەوامی هەیەو زۆربەشی دژایەتی پرۆسەكە دەكەن.
هـ ـ ح