فەرمی.. وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا هەڵوێستی لەسەر ریفراندۆم راگەیاند

کوردستان

16/09/2017‌ 1561 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا بەفەرمی هەڵوێستی لەسەر ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان راگەیاند، كە بڕیارە 25/9/2017 بەرێوەبچێت.

وەزارەتەكە ئەمڕۆ شەممە 16 ئەیلول لەبەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە، ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، "مەترسی بۆ ناوچەكە دروستدەكات‌و ئاڵۆزییەكان زیاتر دەكات‌و سەرنجەكانیش لەسەر شەڕی داعش كەمدەكاتەوە".

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا راشیگەیاند، لەسەر ئەو بنەمایە وڵاتەكەی داوا لەهەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان عێراق دەكات، بگەڕێنەوە بۆ گفتوگۆو كێشەكانی نێوانیان چارەسەربكەن

وەزارەتەكە ئەوەشی راگەیاندووە، كە دەبێت هەولێرو بەغدا لەچارەسەری كێشەكانی نێوانیان مەرج بۆ یەكتری رانەگەیەنن‌و دەبێت لایەنی نێودەوڵەتیش لەگفتوگۆكانی نێوان هەردوولا هەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا داواشی لەحكومەتی هەرێم كردووە، كە بەم نزیكانە دەست بەگفتوگۆی نوێ‌ لەگەڵ حكومەتی عێراق بكات‌و هەموو كێشەكان چارەسەربكات.

هەڵوێستەكەی بەریتانیا لەكاتێكدایە، بڕیارە 25/9/2017 ریفراندۆمی هەرێم بەرێوەبچێت، كە ئەوە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووەو هەر ئەمڕۆش كۆشكی سەرۆكایەتی ئەمریكا، داوای دواخستنی ریفراندۆمی هەرێمی كرد.

هـ ـ ح