توركیا پێش ریفراندۆم تاك‌و زرێپۆش لەسەر سنووری هەرێم جێگیردەكات

کوردستان

19/09/2017‌ 567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
توركیا پێش ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بەچەند رۆژێك، تانك‌و زرێپۆشی لەسەر سنووری هەرێم جێگیركرد.

توركیا رۆژی دوو شەممە دەستی بەمانۆرێكی سەربازی لەسەر سنووری هەرێمی كوردستان كرد، ئەوەش لەنزیك دەروازەی خاپوور لەنێوان باكووری كوردستان‌و باشووری كوردستان، كە بڕیارە مانۆڕەكە بەردەوامی هەبێت.

توركیا بۆ ئەنجامدانی مانۆڕەكە دەیان تانك‌و زرێپۆشی لەسەر سنوورەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ باكووری كوردستان جێگیركردووە، ئەمە جگە لەجێگیركردن چەند یەكەیەكی سەربازی سوپای وڵاتەكەی لەو ناوچانە.

مانۆڕەكەو جێگیركردنی تانك‌و زرێپۆش‌و یەكەی سەربازی لەلایەن سوپای توركیاوە لەكاتێكدایە، كە هەرێمی كوردستان رۆژی 25/9/2017 ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدەدات، كە ئەمە نیگەرانی لایەنی توركی لێكەوتووەتەوەو دژایەتی خۆی بۆ پرۆسەكە بەفەرمی راگەیاندووە.

جگە لەو هەوڵە سەربازییە توركیا لەهەوڵە دبلۆماسییەكانیشی بۆ دژایەتی ریفراندۆمی هەرێم بەردەوامەو بڕیارە بەم نزیكانە لەئەمریكا رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لەگەڵ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆببێتەوە.

لەگەڵ كاردانەوەكانی توركیاو عێراق‌و كاردانەوەی توركیاو وڵاتانی زلهێزو ئێرانیش، بەڵام سەركردایەتی سیاسی كورد سوورن لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم، كە لەو بارەوە بە بەردەوامی هۆشداری دەدرێت.

هـ ـ ح