باسی مەترسییەكانی ریفراندۆم لەشارەكە كراوە
كۆسرەت رەسوڵ كۆبوونەوە بەفەرماندە سەربازییەكانی كەركوك دەكات

کوردستان

19/09/2017‌ 2682 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆسرەت رەسوڵ لەگەڵ لێپرسراوی میحوەرو فەرماندەكانی هێزی پێشمەرگە لەسنووری كەركوك كۆبووە.

كۆسرەت رەسوڵ ئەمڕۆ سێ‌ شەممە لەشاری كەركوك لەگەڵ فەرماندەكانی پێشمەرگە كۆبووەوە، كە بەپێی راگەیەنراوی كۆبوونەوە لەكۆبوونەوەكەدا هەریەك لەنەجمەدین كەریم پارێزگاری كەركوك‌و ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك‌و شێخ جەعفەر مستەفا فەرماندەی هێزەكانی حەفتاو كەمال كەركووكی ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەی بوون.

هەر بەپێی راگەیەنراوەكە لەكۆبوونەوەكەدا گفتوگۆكرا لەبارەی دوایین هەنگاوەكانی جەنگی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو رەوشی سەنگەرەكانی پێشمەرگە لەسنوورەكەو قۆناغەكانی ئەنجامدانی ریفراندۆم لەناوچەكەو مەترسی‌و ئەگەرەكانی بەردەم ئەم پرۆسەیە.

هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كۆسرەت رەسوڵ گشتی وتارێكی پێشكەشی ئامادەبووان كردو رایگەیاند "جەنگی دژ بەتیرۆرستانی داعش باشترین‌و جوانترین رووی قارەمانییەتی‌و كۆڵنەدەری هێزی پێشمەرگەی نیشانی هەموو جیهان داو بۆ هەموو دنیای سەلماند، كە ئەوە گەلی كوردە بەبێ هیچ جیاوازییەك بەرگری لەئازادی‌و دیموكراسی دەكات‌و دژی تیرۆرستان دەوەستێتەوە".

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی باسی لەپرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆم كردو رایگەیاند "كورد مافێكی رەوای خۆیەتی بەرێگای دیموكراسی‌و ئاشتییانە بەمافە رەواكانی بگات‌و ساڵەهای ساڵە خەبات بۆ سەربەخۆیی دەكات، بۆیە ئەركە لەسەر هەموومان ئەم دەرفەتە بقۆزینەوەو بەیەكدەنگی وەڵامی نەیارانمان بدەینەوە".

پەیوەست بەكەركوك‌و گرنگی ئەم شارە، كۆسرەت رەسوڵ رایگەیاند "مێژوو سەلماندوویەتی كەركوك كوردستانییە، بۆیە ئەمڕۆ دووپاتیدەكەینەوە، كە كەركوك سەری كوردستانەو وەك بیلبیلەی چاومان دەیپارێزین".

لەبەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆی وردو جدی لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنەوەی حەویجەو چۆنییەتی بەشداریكردنی هێزەكان لەم پرۆسەیە كردو هەموو كۆك بوون لەسەر ئەوەی، كە دەبێ سەرجەم ناوچەكان لەژێر دەستی تیرۆرستان پاكبكرێنەوە.

هـ ـ ح