شارپرێس:
ئارێز عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان داوای پێداچوونەوە بەبڕیاری ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان دەكات، ئەوەش دوای هەڵسەنگاندنی دۆخەكە.
ئارێز عەبدوڵڵا لەمیانی نووسینێك بڵاویكردووەتەوە "دوای دەركەوتنی ھەڵوێستی وڵاتانی رۆژئاواو ناوچەكەو ناوخۆی عێراقیش ئێستا بەرچاو ڕونیەكی زۆر ھەیە، بۆیە پێویستە پێش رۆژی كۆتایی پێداچوونەوەیەكی ورد بەھەموو ھەڵوێستەكاندا بكرێتو بارودۆخەكە بابەتییانە ھەڵسەنگێنرێت ئەوكات بڕیاربدرێت، كە ئایا لەسەر داوای دۆستەكانمان ریفراندۆمەكە دوابخەینو دەستبكەین بەدیالۆگ لەگەڵ عێراق، یان بڕیارەكە وەكو خۆی جێبەجێبكەین".
بەقسەی ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی "لەم ماوەیەدا ئەو دۆستانەی لەرۆژە سەختەكان پشتیوانیان كردوینو لەئایندەشدا كاریگەریان لە سەر كوردستان و عێراق ھەر دەمینێت داوای دواخستنو دیاڵۆگیان كردووە، لەبەرانبەردا ھەندێك وڵاتو ھەندێك لایەنی سیاسی عێراقیش ھەڵوێستی دوژمنكارانەی خۆیان نەشاردووەتەوەو بەنوێژی نیوەڕۆ ھەڕەشە دەكەن".
ئارێز عەبدوڵڵا پرسیاری ئەوە دەكات، كە ئایا دەبێت "ئێمە كاردانەوەمان بەرانبەر بەھەڵوێستە دوژمنكاریو ھەڕەشەكان ھەبێتو بێمنەت ملبنێین، یان ئامۆژگاری دۆستەكانمان لەبەرچاو بگرین؟".
ئارێز عەبدوڵڵا سەبارەت بەھەڕەشەكانیش دەڵێت: "لەدوژمنانو نەیاران بێگومان بێباكینو ھەڵوێستەكانیان ھیچ نرخێكیان نییە، چونكە ئەوان لەبنەڕەتەوە رایبگەیەنن، یان نەیگەیەنن ئێمە دوژمنەكانی خۆمان باش دەناسینو لەبەرانبەریشدا دۆستەكانی خۆمان دەناسینو لەبیریشیان ناكەین".
ئەو بەرپرسی یەكێتی جەختیكردووەتەوە، زەمینەسازی تەواو بۆ ریفراندۆم نەكرا، دەنا پرۆسێسەكە زۆر گەورەترو كاریگەرترو بەپشتیوانی تر دەبوو، "لەگەڵ ئەوەشدا ھەرگیز دەستبەرداری ئامانجەكانی ریفراندۆم نابین، بەڵام تكا لەدەسەڵاتدارو كاربەدەستانی كوردستان دەكەم ھەڵومەرجەكان باشتر بخوێننەوەو داواو ئامۆژگاری دۆستەكانمان فەرامۆشنەكەن".
قسەكانی بەرپرسەكەی یەكێتی لەكاتێكدایە، كە رۆژی 25 ئەم مانگە وەك بڕیاری لێدراوە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامدەدرێت، كە ئەو ریفراندۆمە كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدواوە هاتووەو وڵاتانی زلهێز داوای دواخستنی دەكەن.
هـ ـ ح