محەمەدی حاجی مەحمود: گفتوگۆكان لەسەر پرسی ریفراندۆم بەردەوامە

کوردستان

20/09/2017‌ 730 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
محەمەد حاجی مەحمود سكرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، چەند دەستپێشخەرییەك بۆ پرسی ریفراندۆم خراوەتەڕوو، لەو بارەشەوە گفتوگۆكان بەردەوامی هەیە.

محەمەد حاجی مەحمود ئەمڕۆ چوار شەممە لەمیانی لێدوانێكی رۆژنامەوانی راشیگەیاند، كە دەستپێشخەرییەكان بۆ دواخستنی ریفراندۆمەو ئێمەش چ لەناو خۆمان، چ لەگەڵ لایەنەكانی بەرانبەر گفتوگۆ بەردەوامی هەیە.

قسەكانی سكرتێری گشتی حیزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان دوای ئەوە هات، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی لەشاری سلێمانی لەگەڵ فوئاد مەعسوم سەرۆك كۆماری عێراق‌و بەرپرسە حیزبییەكان كۆبووەوە، ئەوەش بۆ تاوتوێكردنی پرسی ریفراندۆم.

محەمەد حاجی مەحمود، كە بەشداری كۆبوونەوەكەی كردووە، ئاشكراشیكرد، گفتوگۆكان باش بوون‌و دەستپێشخەرییەكانیش بەوردی باس كراوە، بەڵام تائێستا بڕیاری كۆتایی نەدراوە.

لەبارەی ئەنجامدان، یان ئەنجامنەدانی ریفراندۆم ئەو بەرپرسە رایگەیاند، بڕیاری كۆتایی نەدراوەو هەنگاوەكانیش بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم وەك ئەوەی دیاریكراوە بەردەوامە.

هـ ـ ح