لەئێران لە مانگی ڕابردودا سزای سێدارەی ۱۵۲ بەندکراو جێبەجێکراوە

کوردستان

24 کاتژمێر پێش ئێستا‌ 103 جار خوێندراوه‌ته‌وه


شارپرێس:

لە ماوەی مانگی ڕابردودا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۵۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا جێبەجێ کراوە. ئەو ئامارە بەراورد بە مانگی ئابی ٢٠٢٤ لانی کەم ۵۸ حاڵەت واتا ۷۰٪ بەرز بووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی مانگی ئابی ٢٠٢٥دا سزای سێدارەی لانی کەم ۱۵۲ بەندکراو لە بەندیخانەکانی ئێراندا جێبەجێ کراوە. لەو مانگەدا، سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسیی خەڵکی تاران بەناوی رووزبیە وادی بە تۆمەتی "سیخوڕی بۆ ئیسرائیل" و بەندکراوێکی مەزهەبیی خەڵکی جوانڕۆ بەناوی مەهدی ئەسغەرزادە بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە داعش" لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کراوە.

هاوکات سزای سێدارەی لانی کەم ۵ ژن لە بەندیخانەکانی شیراز، تەورێز، ئەبهەر و ئیسفەهان جێبەجێ کراوە.

  لە سەرجەم ئەو ۱۵۲ بەندکراوەی لە ماوەی مانگی ئابدا لەسێدارە دراون، تەنیا ۵ حاڵەت لە سەرچاوە فەرمییەکانی ئێران و ماڵپەڕە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو کراوەتەوە. 
ئ.ە