شارپرێس:
ئەندامێكی شاندی ئیمراڵیو دەم پارتی ڕایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێیڕاگەیاندون، "ڕۆژئاوا بۆ من هێڵی سورەو بۆ من جیاوازە"، دەشڵێت، "ئۆجەلان جەختیکردوەتەوە، دانوستاندن لەگەڵ ڕۆژئاوا گرنگەو دەیەوێت لەگەڵیان گفتوگۆ بکات".
پەروین بوڵدان ئەندامی شاندی ئیمراڵیو پارتی دیموکراتی گەلان - دەم پارتی، لەبەرنامەیەكی تەلەفزیۆنیدا، هەڵوێستو بۆچونی ئۆجەلان لەسەر ڕۆژئاوای کوردستان ئاشكرادەكاتو دەڵێت، "ئۆجەلان لەكۆبونەوەدا لەگەڵ شاندی دەم پارتی، تەنها باسی سیاسەتی تورکیای کرد، بەڵام چەندجارێک وتویەتی، سوریاو ڕۆژئاوا هێڵی سوری منن".
ئۆجهلان وتویهتى، "بۆ من ڕۆژئاواى كوردستان جیاوازە".
بوڵدان جهختیكردوهتهوه، "چەندجارێک لەسەر سوریا ئەمەی خستوەتەڕوو؛ بەڵام جگە لەوە، لەبارەی سوریاو ڕۆژئاوا هیچ هەڵسەنگاندنێکی دیکەی لەگەڵ ئێمە نەکردوە".
ئاماژەی بەوەشكرد، بەگشتیی ئەمەی لەگەڵ شاندی دەوڵەتدا تاووتوێکردوەو کێشەکەی گفتوگۆکردوەو وتویەتی ئەگەر دەرفەت دروستبێت زەمینە بڕەخسێنرێت، دانوستاندن لەوبارەیەوە بەگرنگ دەزانێت.
ئەو ئەندامەی شاندی دەم پارتی باسی لەوەشكردوە، ئۆجەلان چەندجارێک جەختیکردوەتەوە، دانوستاندن لەگەڵ ڕۆژئاوا گرنگەو دەیەوێت لەگەڵیان گفتوگۆ بکات کە لەم بابەتەدا چ ڕێگەیەک پێویستە بگیرێتەبەرو چ بڕیارێک پێویستە بدرێت.
دەشڵێت، "ئەمە هێشتا بەدینەهاتوە، بەڵام ئێمە پێشبینیدەکەین ئەگەر لەپڕۆسەکەدا پێشکەوتن دروستبێتو دەرفەت فەراهەمبکرێنو لەگەڵ بەرپرسانی ڕۆژئاوا پەیوەندییو کۆبونەوە دروست ببن، من پێموایە ئەم بابەتە بەئاسانی چارەسەر دەکرێت".
پەروین بوڵدان ئاماژهى بهوهشداوه، "تورکیا دەبێت لەبابەتی ڕۆژئاواو سوریا لەپاڵ گەلی کورد بێت، ئێستا جیاکردنەوەی کورد لەوێ، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک لەسەر کورد، نەهێشتنی دەستکەوتەکانی گەلی کورد هیچ سودێک بەتورکیا ناگەیەنێتو کوردەکانی تورکیاش ئەمە قبوڵناکەن، دەبێت ئەمە بەم شێوەیە باسبکرێت، بۆ چارەسەرکردنی بابەتەکەش بەشێوازێکی ڕاستتر، من پێموایە پێویستیمان بەبیرکردنەوەیەکی ژیرانەو بڕیاری دروست هەیە".
پەروین بوڵدان ڕاشیگەیاند، "ڕۆژئاوای کوردستان هەستیارترین بابەتی گەلی کوردەو وتی، ئێمە لەتورکیا چەندە هەنگاوی گرنگ لەبواری دیموکراسیدا بنێین، بەڵام لەڕۆژئاوا هەر کەموکوڕییەک، هەر ئۆپەراسیۆنێک کە لەوێ بکرێت، دەبێتە هۆی وێرانکارییەکی گەورە لەنێو گەلی کورددا، لەبەر ئەم هۆکارە، ئەمە شتێکی قبوڵکراو نییەو کەسیش ئەم ڕێگەیە قبوڵناکات، لەسەروی هەموشیانەوە ئۆجەلان قبوڵی ناکات".
بوڵدان بەپێویستی دەزانێت، لیژنەی پەرلەمانی تایبەت بەپرۆسەی چارەسەری لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان کۆببێتەوەو وتی، "ئێستا چونی لیژنەکە بۆ دورگەی ئیمراڵی گرنگە، چونکە لەگەڵ ئاکتۆری کێشەکە کۆدەبێتەوە، بۆ هەردولا ئاکتۆر هەن، ئۆجەلان هەیە کە پەکەکە پێیوتوە وتوێژکاری سەرەکی منە، ئەگەر ئۆجەلان بانگەوازەکەی نەکردباو بەپەکەکەی نەوتایه کۆنگرەی خۆتان ببەستنو خۆتان هەڵبوەشێننەوە، ئایا پەکەکە کۆنگرەی دەبەستو خۆی هەڵدەوەشاندەوە؟ نەخێر، ئایا ئەو پێشکەوتنانەی تائێستا بەدیهاتون، دەگەیشتنە ئەم قۆناغەی ئێستا کە ئێمە تێیداین؟ نەخێر نەدەگەیشتن، هەموو ئەمانە لەڕاستیدا بەبانگەوازی ئۆجەلان بەدیهاتنو ڕێکخراوێک هەیە کە گوێڕایەڵی ئەوە".
لهكۆتاییشدا وتویهتى، "هەربۆیە نەچونی لیژنەکەو گوێنەگرتن لەئۆجەلان هەڵەیەکی گەورەیە، ئێستا ئۆجەلان دەڵێت، زۆر شت هەن کە پێویستە بەلیژنەکەی بڵێم".
ش.ح
