شارپرێس:
بڕیاروایه ئه‌مڕۆ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم كۆببێته‌وه، به‌گوێره‌ى سه‌رچاوه‌كانیش، جگه له‌باسى موچه‌و ڕێكه‌وتنه‌كان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق، سیستمى نوێى مۆڵه‌تى شۆفێرى له‌هه‌رێم یه‌كێكى دیكه ده‌بێت له‌بابه‌تى كۆبونه‌وه‌كه.
به‌وته‌ى سه‌رچاوه‌یه‌كى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، "ئه‌مڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم کۆدەبێتەوە، گفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغدا لەبارەی موچە، نەوت‌و داهاتی ناوخۆ ته‌وه‌رى سه‌ره‌كیى ده‌بێت، به‌ڵام پێشنیازێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لەبارەی سیستمێکی نوێ بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری، ته‌وه‌رى دوه‌م‌و سه‌ره‌كى كۆبونه‌وه‌كه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌بێت".
ئه‌وه‌ش زانراوه، ئه‌و شانده‌ى شه‌وى ڕابردوو له‌به‌غداوه گه‌ڕاونه‌ته‌وه هه‌ولێر، به‌شداریى له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى حكومه‌تى هه‌رێم ده‌كات‌و ورده‌كاریى كێشه‌و گرفته‌كانى نێوان هه‌ولێرو به‌غدا ده‌خه‌نه‌سه‌ر مێزى كۆبونه‌وه‌كه.
تەوەرێکی دیكه‌و سەرەکی کۆبونەوەکە، ڕێڕەوی گفتوگۆکانی نێوان هەولێرو بەغدایە، بەجۆرێک ئەنجومەنی وەزیران گوێ لەڕاپۆرتی شاندی دانوستانکاری هه‌رێم دەگرێت سەبارەت بەکۆبونەوەکانی ئەمدواییەو لیژنە هاوبەشەکانی نێوان هەرێم‌و عێراق لەبارەی موچە، داهاتە نانەوتییەکان‌و دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم.
ئه‌وه‌ش زانراوه، هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم، گفتوگۆى ورد ده‌كرێت سه‌باره‌ت به‌پێشنیازێکی وەزارەتی ناوخۆی هەرێم کە تایبەتە بەجێبەجێکردنی سیستمێکی نوێ بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لەبەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێم.
