شانۆی سەرشەقام دەروازەیەكی میللی بۆ بەرجەستەكردنی خەمی خەڵك

عیراق

23/06/2018‌ 947 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
شانۆی سەرشەقام لە كوت یەكێكە لە سەرچاوەكانی داهێنانی شانۆیی‌و دەروازەیەكیشە بۆ رەخنەگرتن‌و راستكردنەوەی واقیع بەجیاوازی دەركەوتنەكانی‌و دوور لە مقەستی رەقیب.

لە شەقامی زیفاف كە دەكەوێتە بەرامبەر روباری دیجلە لە ناوەڕاستی شاری كوت (180 كم لە باكووری بەغدا) كە چەندین بازاڕ‌و گازینۆی تێدا بڵاوبووەتەوە‌و رەنگەكان تێكەڵ بە ریتمی بازاڕكەران دەبێت، هەردوو شانۆكار محەمەد ئەمارە‌و جەلال شاتی پاشنیوەڕۆی هەموو رۆژانی هەینی دەگەنە ئەو شوێنە، ئامادەكردنی شوێنی نمایشەكە‌و پێداویستییەكانی سەرخستنی‌و ئەنجامدانی راهێنانی پێشوەخت، چالاكی هەفتانەی ئەمارە‌و شاتین بەر لە نمایشە شانۆییەكەیان لەناوەڕاستی شەقامەكەدا.

نمایشەكە جێگای خۆی لە دڵی ئەو تەماشاكەرانەدا دەكاتەوە كە وردە وردە ژمارەیان روو لەزیادبوون دەكات‌و گیانێكی نوێیان پێدەبەخشێت، ئەو بەهرە شانۆییانە پەناگەیان شەقامە كە شێوازێكی نوێی هونەری یاخود ئەوەی پێی دەوترێت شانۆی سەرشەقام بەرجەستە دەكەن.

هەموو هەفتەیەك تیپە شانۆییەكان لە كوت بیرۆكەی شانۆگەرییەك نمایش دەكەن كە لە واقیعەوە وەرگیراوە، ئەو شانۆگەرییەش كە پەیامنێری "نیقاش" ئامادەی بوو بەناونیشانی "ئەو خۆزگانەی بەدینایەن" بوو، پاڵەوانەكانی دوو گەنج بوون، ئەوانیش عەلی‌و مەحمودن، رووداوەكانی دراماكەش باس لەوە دەكەن كە هەردوو پاڵەوانەكە دەرچووی كۆلیجی یاسای زانكۆی واستن‌و ماوەی پێنج ساڵە هاوڕێی یەكترن.

عەلی گەنجێكی رەشبینە‌و لەڕووی دەروونییەوە زۆر تێكچووە، چونكە دەرفەتی كارێكی شیاوی دەستنەكەوتووە، چەندە تەمەنیشی بەرەو هەڵكشان بچێت، ئەوەندەی تر ئومێدی بەدەستهێنانی دامەزراندنی حكومی كەم دەبێتەوە، بەڵام چێرۆكی ئەو زۆر لە مەحمودی هاوكاری جیاوازە كە دوای دەرچوونی لە زانكۆ هاوسەرگیری لەگەڵ كچێكدا كرد كە دوو ساڵ لەخۆی بچووكترە‌و بە بەرێوەبەری نووسینگەی باوكی كچەكە دامەزرا كە پۆستێكی باڵای حكومی هەیە.

ژیانی عەلی بە خنكان لە دەریا كۆتایی دێت، ئەویش دوای ئەوەی بڕیاری كۆچی نایاسایی دەدات بۆ دەرەوەی نیشتمان تا بەدوای گوزەرانێكی باشتردا بگەڕێت، دیالۆگی شانۆگەرییەكە تاڕادەیەكی زۆر خوێندنەوەی بۆ واقیعی تاڵی عێراق‌و ئەو قەیرانە سیاسی‌و كۆمەڵایەتی‌و دەروونیانە بەرجەستە كردووە كە دەرئەنجامی ئەو حاڵەیەتەیە كە نووسەری سیناریۆكە بە "دەرهاویشتەی پشككاری سیاسی قێزەون" ناوی دەبات.

ئەزموونی شانۆی سەرشەقام یەكێكە لەو ئەزموونە هونەرییە نوێیانەی مۆركێكی میللییان هەیە‌و خەریكە باڵ بەسەر واقیعی عێراقدا دەكێشێت، نمایشەكانی شانۆی سەرشەقامیش یەكێكن لەو چالاكییە جۆراوجۆرانەی شەقامی رۆشنبیری شارەكە هەموو رۆژانی هەینییەك بەخۆوەی دەبینێت، جەماوەریش بەپێوە تەماشای نمایشەكان دەكەن‌و كارلێكیان لەگەڵ دەكەن، شانۆكارانیش لەڕێی ئەو نمایشانەوە هەوڵ دەدەن رەخنە لە دیاردە كۆمەڵایەتی‌و سیاسییەكان بگرن.

وەك هونەرمەندی شانۆكار محەمەد ئەمارە دەڵێت شانۆكارانی واست بەو دەقە شانۆییانەیان كە دەتوانن كاریگەری لەسەر وەرگر دابنێن، دەخوازن "نەهامەتییەكانی خەڵك دەربخەن‌و رەخنە لە هەندێك لەو دیاردە كۆمەڵایەتی‌و سیاسییانە بگرن‌و راستیان بكەنەوە كە عێراقییەكان بەدەستیانەوە دەناڵێنن".

ئەمارە كە لەگەڵ هاوكارەكانیدا هەوڵ دەدەن لەڕێی نمایشەكانی شانۆی سەرشەقامەوە بگەنە توێژە جیاجیاكانی كۆمەڵگە، بە "نیقاش"ی وت: "نمایشەكانی شانۆی سەرشەقام بوونەتە مایەی رەزامەندی‌و خۆشحاڵی  هەموو خەڵك، بەتایبەتی كە بەشێوەیەكی بوێرانە رەخنە لە هەندێك دیاردە‌و شكستی حكومەت دەگرن كە پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانی عێراقییەكانەوە هەیە".

سەبارەت بە سروشتی ئەو بابەتانەش كە دەقەكانی شانۆی سەرشەقام لە كوت لەخۆی دەگرێت، دەڵێت: "هەموو شتێك مایەی رەخنە لێگرتن‌و راستكردنەوەیە، هەر لە ئەدای حكومەتەوە تا دەگاتە هەندێك بڕیاری جێمشتومڕی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمە جگە لە هەندێك دیاردەی كۆمەڵایەتی".

ئەمارە بەدەم خوێندنەوەی هەندێك دەقی شانۆییەوە وتی: "ئەو نمایشانەی لەسەر شەقام پێشكەش دەكرێن خاڵی نین لە پانتاییەكی بەرفراوانی هونەر‌و داهێنان، بەتایبەتی كە كارلێكی راستەوخۆ لەگەڵ جەماوەر بوار دەڕەخسێنێت بۆئەوەی راستەوخۆ هەڵسەنگاندن بۆ نمایشەكە بكرێت".

تیمەكە بەبێ ریكلام‌و پروپاگەندەی پێشوەخت، هەفتانە دەست بە نمایشكردنی شانۆگەرییە جیاجیاكانی دەكات، نمایشكردنی شانۆگەرییەكان بەشێكە لە بەرنامەیەكی رۆشنبیری هەمەجۆر كە لەلایەن "شەقامی رۆشنبیری دیجلە"وە رێكدەخرێت كە ئەویش بەم دواییانە لەلایەن دەستەبژێرێك لە رۆشنبیرانی پارێزگاكەوە كراوەتەوە، كتێب فرۆشتن‌و كۆڕی گفتوگۆی شیعری‌و نمایشی شانۆیی، كۆمەڵێك بەرنامەی رۆشنبیری هەمەجۆرن كە هەفتانە لە شەقامی رۆشنبیریدا رێكدەخرێن.

توێژە جیاجیاكانی شاری كوت پەرۆشی ئامادەبوون‌و كارلێكی بەردەوامن لەگەڵ ئەو نمایشە شانۆییانەی بەبێ پێشەكی میوانانی شەقامەكە بۆخۆیان رادەكێشن، هاوكات ئەندامانی شانۆی سەرشەقام رۆڵێكی گەورە دەگێڕن بەتایبەتی كە ئامادەبووان باوەڕیان بە دڵسۆزی‌و نیازپاكی شانۆكارانی پشت ئەو جۆرە هونەرە هەیە.

چەند تیپێكی شانۆیی بەسەرە نمایشە شانۆییەكانیان پێشكەش دەكەن كە ئازاری یەك نەوەی تەواو لەخۆیاندا چڕدەكەنەوە‌و سەرجەمیان بابەتی كۆمەڵایەتی‌و سیاسی‌و ئابووری چارەسەر دەكەن وەك بێكاری‌و گرنگی بەشداریكردن لە هەڵبژاردن‌و ئەو دیاردانەی دەرهاویشتەی پشككاری تایفین كە حكومەتە یەك لەدوای یەكەكانی عێراقیان لەسەر بنیات نراوە، لەگەڵ چەند بابەتێكی دیكەی لەو شێوەیە.

سەرەڕای ساكاری پێداویستییەكانی سەركەوتنی ئەم جۆرە نمایشانە، هەڵسوڕێنەرانیان خوازیارن لە ئایندەدا سەركەوتنێكی گەورە‌و كارلێكێكی مەزنیش بەخۆوە ببینن، چونكە یارمەتیدەرن لە گواستنەوەی ئازارەكانی جەماوەر‌و چارەسەركردنی خاڵە نەرێنییەكانی.

لەبارەی گرنگی شانۆ‌و رۆڵی لە زیادكرنی هۆشیاری میللی، هونەرمەندی شانۆكار جەلال شاتی پێیوایە كە "پەیامێكی مرۆڤانە‌و هۆشاریە‌و ئەركی ئەوەیە بەرٍێگای جیاواز بگاتە جەماوەر، رەنگە شانۆی سەرشەقامیش نزیكترین ئەو رێگایانە بێت".

شاتی كە بە رەخنەگرتنی توندی لە ئەدای حكومەت ناسراوە، بە "نیقاش"ی وت:"شانۆ لە باشترین ئەو هونەرانەیە كە رەخنە لە كێشەكانی پەراوێزخستن‌و دزینی پارەی گشتی‌و دیاردە كۆمەڵایەتی‌و سیاسیەكانی دیكە دەگرێت‌و راستیان دەكاتەوە، ئەو كێشانەش نەهامەتییەكانی خەڵك پوخت دەكەنەوە‌و پەیوەندی راستەوخۆیان بە ژیانیشیانەوە هەیە".

شانۆی سەرشەقام یان ئەوەی پێی دەوترێت خۆڕسك، ئەدایەكی شانۆییە لە دەرەوەو لە شوێنە گشتیەكاندا نمایش دەكرێت بەبێ ئەوەی جەماوەرێكی دیاریكراو دەستنیشان بكات‌و دەكرێت لە ناوەندی بازاڕ‌و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل‌و شوێنەكانی كاتبەسەربردندا بێت وەكو باخچەكان‌و سوچی شەقامەكان.

لەلایەن خۆیەوە دكتۆر هادی عەباس حەسون مامۆستای رەخنەی شانۆیی لە زانكۆی واست پێی وایە گرنگترین خاڵ لەم جۆرە هونەردا "سڕینەوەی ماوەی نێوان جەماوەر‌و تیمی شانۆییەكەیە".

دەشڵێت: "دەكرێت شانۆی سەرشەقام دەرفەتێك بێت بۆ پەرەپێدانی بەهرەی شانۆكاران‌و فێریان بكات چۆن جەماوەر رادەكێشن‌و كارلێك لەگەڵ ناوەرۆكە جیاجیاكانی شانۆی سەرشەقام دەكەن". روونیشیكردەوە كە "شانۆی سەرشەقام رووبەرێكی بەرفراوانی ئازادی لەخۆدەگرێت".