تۆمەتی تیرۆر‌و بەعسیبوون بەدوایانەوەیە.. نەفرەتی داعش رێگرە لەخۆپیشاندانی پارێزگا سوننەكان

عیراق

28/07/2018‌ 787 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
دانیشتووانی پارێزگا سوننەنشینەكان بەشدارییان نەكرد لەخۆپیشاندان لەدژی گەندەڵی‌و خراپی خزمەتگوزاری، هەرچەندە بارودۆخیان لەهاوتاكانیان لەبەغدا‌و پارێزگاكانی باشوور باشتر نییە‌و بگرە خراپتریشە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر سەرمەد قەیسی دانیشتووی موسڵ لەكۆمێنتێكیدا بۆ وێنەیەك كە پەیجێكی گشتی لە فەیسبوك سەبارەت بە خۆپیشاندانەكانی شاری بەسرەی باشووری عێراق بڵاویكردبووەوە، نووسیبووی :"لە موسڵەوە سڵاوتان لێبێت، دڵمان لەگەڵتانە، هاوبەشی كارەساتەكەتانین‌و ئێمەش خزمەتگوزاریمان نییە، هیوادارین خودا بتانپارێزێت‌و ژیانێكی سەربەرزانە بەدەستبهێنن".

بەڵام هەندێك لە وەڵامەكان تووشی شۆكی كرد، یەكێكیان نووسیبووی: "ئێوەی دانیشتووانی موسڵ خۆتان لە خۆپیشاندانەكان هەڵمەقورتێنن، چونكە ئێوە لەگەڵ داعش بوون، ئەو هێزە ئەمنیانەش كە ئێستا لە خۆپیشاندەران دەدەن خەڵكی موسڵ‌و ئەنبارن" یەكێكی دیكەش نووسیبووی: "خۆپیشاندان مەكەن ئێوە بەعسین".

هاوكات محەمەد جومەیلی كە دانیشتووی ئەنبارە لە ئەكاونتی خۆی لە فەیسبوك پۆستێكی لەبارەی خۆپیشاندانەكانی باشووری وڵات نووسیوە‌و دەڵێت: "شارەكانمان بێدەنگن، بەڵام خەمێكی گەورە لە ناخی دانیشتوواندایە، چونكە ناتوانین خۆپیشاندان بكەین".

لە 14ی ئەم مانگەدا خۆپیشاندانی جەماوەری لە شاری بەسرەی ئەوپەڕی باشووری وڵاتەوە دەستیپێكرد بۆ ناڕەزایی دەربڕین دژی خراپی خزمەتگوزاری‌و بەدیاریكراویش ئاو‌و كارەبا كە هاوكاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما بۆ نزیكەی 50 پلەی سیلیزی، دواتر خۆپیشاندان پەلی هاویشت بۆ نۆ پارێزگا شیعەنشینەكەی باشووری وڵات جگە لە بەغدای پایتەخت، بەڵام پارێزگا سوننەنشینەكانی ئەنبار‌و نەینەوا‌و سەڵاحەدین‌و دیالە بەشداریان نەكرد، كەواتە هۆكارەكە چیە؟

عەبدولڕەحمان فەهداوی یەكێكە لە شێخانی عەشیرەتەكانی رومادی لە ئەنبار بە "نیقاش"ی وت: "ئێمە هاوبەشی خەم‌و ناخۆشی كەسوكارمانین لە باشووری وڵات، بارودۆخمان لە بەسرە یان زیقار باشتر نییە، بگرە رەنگە خراپتریش بێت، خانووەكانمان خاپوركراون‌و ژێرخانمان نەماوە بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی دژ بە تیرۆریستان، بەڵام ناتوانین بەشداری لە خۆپیشاندانەكان بكەین، چونكە رووبەڕووی تۆمەتی ئامادەكراو دەبینەوە، لە نموونەی ئێوە تیرۆریست‌و بەعسین‌و دەتانەوێت رژێم بروخێنن".

فەهداوی وتیشی: "كاتێك چەند ساڵێك لەمەوبەر خۆپیشاندانەكان لە پارێزگا سوننەنشینەكان لەدژی حكومەتی نوری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو دەستیانپێكرد، لەسەرەتادا ئاشتیانە بوون‌و حكومەت بەدرێژایی زیاتر لە ساڵێك لە مانگرتنمان بەدەممانەوە نەهات تا هەندێك لە توندڕەوان خۆپیشاندانەكانیان قۆستەوە‌و خۆیان تێخزاندن، ئەوكاتەش حكومەت بیانووی دۆزیەوە بۆئەوەی بە تیرۆر‌و لایەنگری حزبی بەعس تۆمەتبارمان بكات".

لەكانوونی یەكەمی ساڵی 2012 پزیسكی خۆپیشاندانی بەرفراوان لە ئەنبارەوە سەری هەڵدا ئەویش دوای ئەوەی مالیكی چەند بڕیارێكی بۆ دادگاییكردن‌و راوەدوونانی چەند بەرپرس‌و وەزیرێكی سوننەی حكومەتەكەی دەركرد بەتۆمەتی تیرۆر، هەروەها بەهۆی مامەڵەی خراپی سوپا لەگەڵ دانیشتووانی ئەو ناوچەیەدا، پاشان خۆپیشاندانەكان پەلیان هاویشت بۆ نەینەوا‌و سەڵاحەدین‌و دیالە‌و باشووری كەركوك كە زۆرینەی دانیشتووانەكەیان سوننەن.

خۆپیشاندانەكان زیاتر لە ساڵێك بەردەوامبوون‌و گۆڕان بۆ مانگرتن لە خێمەدا تا مالیكی ئەو كاتە بریاری دا بە زەبری هێز كۆتایی بە مانگرتنەكان بهێنێت‌و سوپا بە چەكی قورس‌و فڕۆكەی هێلیكۆپتەرەوە هەڵیكوتایە سەر گۆڕەپانەكانی مانگرتن، ئەوەش بووە هۆی بێزاری عەشایرەكان‌و شەڕیان لەدژی هێزە ئەمنییەكان راگەیاند، ئەو كاتە رێكخراوی "داعش" ئەوەی بە دەرفەتێكی زێڕین زانی بۆ هێرشكردنە سەر ئەو شارانە بەبیانووی پاراستنی دانیشتووانەكەیان لە هێزە ئەمنییەكان‌و بەوەش رێكخراوەكە دوای چەند مانگێكی كەم خۆی دەرخست‌و داگیركردنی ئەو شارانەی راگەیاند.

فەهداوی ئەوەشی وت كە: "حكومەت هەمیشە هەڵە دەكات كە گوێ لە خۆپیشاندەران ناگرێت، چونكە بەو كارەی بوار بۆ توندڕەوان یان خۆپیشاندەرانی ئاژاوەگێڕ یاخود تەنانەت بۆ لایەنگرانی حزبەكانیش دەڕەخسێنێت كە بچنە نێو خۆپیشاندانەكان‌و ناوبانگی بشێوێنن، ئەمڕۆ بە خەمبارییەوە لە خۆپیشاندەران دەڕوانین، هیوای سەلامەتییان بۆ دەخوازین‌و داواش لە حكومەت دەكەین گوێ بۆ داواكارییەكانیان بگرێت".

وەك ئیمان قەیسی چالاكوانی مەدەنی لە موسڵ دەڵێت، بەعسیبوون، تیرۆریست، توندڕەو، ئەو تۆمەتانەن كە تا ئێستاش لە دانیشتووانی شارە ئازادكراوەكان نابنەوە، ئەو لە لێدوانێكدا بە "نیقاش"ی وت: "بارودۆخمان زۆر لە پارێزگاكانی دیكە خراپترە، ئاو ناگاتە ماڵەكانمان بۆ چەند سەعاتێك نەبێت‌و بەكەڵكی بەكارهێنانیش نایەت بەهۆی ئەو وێرانكارییەی وێستگەكانی ئاو پاڵاوتن دووچاری هاتوون، هەرچی كارەبایشە ئەوا لە رۆژێكدا تەنیا سێ یان چوار سەعاتێك هەمانە، زبڵ‌و خاشاكیش لە بەردەم دەروازەی گەڕەكەكاندا كەڵەكە بوون بەهۆی نەبوونی كرێكاری پاككەرەوە، هەروەها بێكاریش هەیە‌و دەرفەتی كاركردن نییە لە كاتێكدا دانیشتووانی شارەكە زیاتر لە شارەكانی دیكە پێویستیان بە كارە بۆ ئاوەدانكردنەوەی خانووە خاپوركراوەكانیان".

سەرەڕای ئەم كێشانەش وەك ئیمان دەڵێت دانیشتووانی موسڵ ناتوانن بچنەدەوە بۆ خۆپیشاندان "هێزە ئەمنییەكان بە تیرۆر تۆمەتبارمان دەكەن، پۆستێكم لە ئەكاونتەكەم لە فەیسبوك نووسی بۆ پشتگیری خۆپیشاندانەكانی باشووری وڵات، بەڵام وەڵامەكان نائومێدكەر بوون، یەكێكیان پێی وتم: بۆچی خۆپیشاندان دەكەن؟ وا دیارە دەتانەوێت داعشتان بۆ بگەڕێتەوە، سوپاسی خودا بكەن كە سوپا لە داعش رزگاری كردن".

بەپێی راگەیەندراوە رەسمییەكانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق زیانی پارێزگا ئازادكراوەكان گەیشتووەتە ملیارەها دۆلار‌و لەوبارەیەشەوە سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانان لە كۆنگرەكەی كوەیت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارە ئازادكراوەكان رایگەیاند وڵات پێویستی بە 88.2 ملیار دۆلارە بۆ بنیاتنانەوەی ئەو خانو‌و پرد‌و ژێرخان‌و نەخۆشخانانەی بەهۆی ململانێكان‌و جەنگی دژ بە داعش وێران بوون.

لە سەڵاحەدینیش رەوشەكە زۆر جیاواز نییە، چونكە دانیشتووانی ئەوێش ئاگاداری خۆپیشاندانەكانی باشووری وڵاتن‌و هاوبەشی ئازارەكانیانن، بەڵام خۆپیشاندانیان رێكنەخستووە، چونكە وەك حوسام جبوری دانیشتووی شاری تكریتی ناوەندی پارێزگاكە دەڵێت دانیشتووانی ئەوێ كە گوێیان لە خۆپیشاندان دەبێت هەست بە نیگەرانی دەكەن.

جبوری بە "نیقاش"ی وت: "لەڕاستیدا دانیشتووانی شارەكە نایانەوێت خۆپیشاندان بكەن، چونكە خۆپیشاندان گرێدراوە بە یادەوەری خراپی خۆپیشاندانەكانی ساڵی 2013و رووداوەكانی دوایی كە توندڕەوان‌و تیرۆریستیانان بۆ شارەكە هێنا، هەروەك چالاكوانانی مەدەنیش دەترسن لەوەی خۆپیشاندان رێكبخەن لەبەرئەوەی هێزە ئەمنییەكان بە تیرۆر‌و لایەنگری حزبی بەعس تۆمەتباریان دەكەن بەتایبەتی كە شوێنی لەدایكبوونی سەرانی رژێمی پێشو‌و سەدام حسێنی سەرۆكی لە تكریتە".

جبوری داواش لە حكومەت دەكات داواكارییەكانی خۆپیشاندەران جێبەجێ بكات‌و دەڵێت: "دانیشتووانی بەسرە ستەملێكراون، چەند مانگێك لەمەوبەر سەردانیم كرد لە بارێكی ناهەمواردایە، دانیشتووانەكەی خەڵكی باشن‌و شایانی ژیانێكی باشترن، ئەو نەوتەش كە ئەو شارە بەرهەمی دەهێنێت هەموو عێراق تێر دەكات، هیوادارین دانیشتووانەكەی بە سەقامگیری‌و خزمەتگوزاری شاد بن، داواش لە بەرپرسانی پارێزگاكەمان دەكەم بایەخ بە خزمەتگوزاری بدەن، چونكە خراپە، بەشدارینەكردنیشمان لە خۆپیشاندان مانای ئەوە نییە بە بارودۆخەكە رازین".

بەپەلە