عەرەب عەرەب دەكوژێت.. شەڕی ئێستای یەمەن خراپترین قەیرانی مرۆڤایەتییە

جیهان

28/07/2018‌ 1367 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: جزیرە
وەرگێڕان: بیشوان كامەران
شەڕی ئێستای یەمەن خراپترین قەیرانی مرۆڤایەتییە، كاتێك زیاتر لە ٢٢ ملیۆن كەس واتە لە چوار بەش سێ بەشی دانیشتوانی وڵاتەكە پێویستی زۆریان بەیارمەتی و پارێزگارییە.

لە كاتێكدا وڵاتەكە پێ دەنێتە چوارەم ساڵی لە شەڕ و بەربەرەكانێ، چەندین ملیۆن كەس ئاوی پاكی خواردنەوەیان دەست ناكەوێت، وڵاتەكەش لەبەر مەترسییەكی گەورەی نەخۆشی كۆلێرادایە.

بارودۆخەكە چۆن بەم حاڵەی ئێستا گەیشت؟ 
لەئێستادا بەهۆی كارە سەیرەكانی دۆنالد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكاوە لەوانەیە بەتەواوی هۆكاری سەرهاڵدانی جەنگی یەمەنتان لەبیر كردبێت، وەڵامەكەی ئاسانە، چالاكی  شۆڕشگێری هەڵگەراوە لەدژی ‌ شۆڕشی دیموكراتی ساڵی ٢٠١١ هۆكاری جەنگەكە بووە تا ئێستاش بەردەوامە.

شۆڕشی هەڵگەڕاوە، یەمەنی خستە قۆناغی جەنگی بریكاری، دەست تێوەردانی دەرەكی لەلایەن حكومەتی سعودییەو ئێرانەوە بەشێوەیەكی بنەڕەتی ئەم چالاكییە شۆڕشگێرانەی گۆڕی بۆ ناكۆكی ڕەگەزایەتی، بەشێوەیەك حوسییەكان لەدەنگێكی شۆڕشەوە بوونە بوكەڵەی دەستی حكومەتی تاران، شۆڕشی هەڵگەڕاوە سەركەوتوو بوو و چالاكوانەكانیش كشانەوە.

لەدوای ئەوەش دەست تێوەردانی دەرەكی بڕیارەكانی یەكلادەكردەوە لەبری شۆڕشگێرە یەمەنییەكان بەشێوەیەك ، كە لەبەرژەوندی حكومەتی سعودیە و ئێران بێت، هەروەها ئەوان قوربانی دەستی ئەم شۆڕشە هەڵگەراوەیەن جێی مەترسی بوو بۆ هەردوو ڕژێمی سعودییە و ئێران، گرنگ نییە بوترێت پشتگیری ئەمەریكا و بەریتانیا و پێدانی كەرەستەی سەربازی هۆكارێكی سەرەكییە لە خراپتركردنی ئەم كارەساتە.

لەجەنگی بریكارییەوە بەرەو ناكۆكی ناوخۆیی
ئێستا لەدوای سێ ساڵ لە ناكۆكی ناوخۆی گەیشتووین بەچی لەیەمەن؟ كە ڕۆژنامەوانەكانی ئەوروپا و ئەمەریكا بەقەسابخانە ناوی دەبەن.

حوسییەكان لەهەموو كات زیاتر گەمارۆ دراون، بەرانبەر بەهێرشە گەورەكانی یەكگرتووەیەكی نێودەوڵەتی دەوەستنەوە، كە چەك كراون بە پێشكەوتووترین كەرەستەی سەربازی لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا موشەك دەنێن بەسعودییەوە. 

ناكۆكیەكانی نێوان سعودیە و ئێران لەزیادبووندایەو بووەتە هۆی دروستكردنی بەرەیەكی ناوچەیی، كە پێكهاتووە لەسعودییە و ئیمارات و میسر و بوحرین لە دژی قەتەر.

لەهەمان كاتدا سعودییە لەگەڵ ئیسرائیلدا رێكەوتووە تاكو زۆر لەئەمەریكا بكات بەرەو شەڕێكی تەواو لەگەڵ ئیراندا، حكومەتی ئەمەریكا بەخۆشحاڵییەوە بە فشار خستنە سەر هاوپەیمانە ئەوروپییەكانی فشاری ئابووری زیاد كردووە لەسەر كۆمارە ئیسلامییەكە، لەسوریاش ئیسرائیل ڕەزامەندی روسیای وەرگرتووە تاكو بەرەیەكی تر لەدژی ئێران دروستبكات.

بەكورتی، شەڕی یەمەن بووەتە بەربەرەكانێیەكی نێودەوڵەتی، كە تەنیا كارگەخانەكانی چەكی بەریتانیاو ئەمەریكا و حكومەتی ئیسرائیل سودی لێدەبینن بەخۆشی فیكری كۆنەپەرستی وڵاتە عەربییەكان.

قوربانییە مرۆڤییەكانی ئەو كارەساتە چین؟‌
دەرئەنجامە سیاسییەكانی ئەو هەموو دڕندەیی‌و خوێن ڕژاندنەی یەمەن چی بووە؟ هیچ، هیچ چارەسەرێكی دیپلۆماتیكی، یاخود سیاسی، یان تەنانەت سەربازیش نابینرێت بۆ ئەم قەسابخانەیە.

حاڵی جەنگی یەمەن لەئامانج‌و مەبەستایەتی، كە ئەویش  كوشتنی هیوای دیموكراتی نەتەوەیەكە، تاكو بەزۆر ببنە دوژمنی یەكتر لەناو خۆیاندا، تاكو یەمەن ناچار بكەن بۆ جەنگێكی بریكاری لەنێوان دوو دەسەڵاتداری ناوچەكە، كە ئەوانیش حكومەتی ئێران و سعودییەیە، ئەوە ئەو حاڵەتەیە لە ئێستادا یەمەن تێی كەوتووە.

بەڵام دەرئەنجامێكی زۆر ئاشكرا ترو ڕوون تر هەیە لەو جەنگەی یەمەندا، بەلایەنی كەمەوە ١٠ هەزار‌ كەس لەجەنگی یەمەندا كوژراون، ئەمەش بەپێی خەمڵاندنێكی نەتەوە یەكگرتووەكان، كە لەمانگی یەكی ئەمساڵدا ئەنجام درا.

سەرچاوەكانی تر ژمارەیەكی زۆر زیاتر دەخەنە بەردەست، بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی سەیڤ پە چیلدرن، لە مانگی١١ی ساڵی ٢٠١٧، دڵنیایی لەوە كردەوە، ڕۆژانە‌ ١٣٠ منداڵی یەمەنی گیان لەدەست دەدەن، لەگەڵ ئەوەی بڕوایان وایە  ٥٠٠٠٠ منداڵ گیانیان لەدەست داوە لەساڵی ٢٠١٧ دا.

ئەم هەموو چەكە بۆچییە؟
ئەو ژمارە زۆرەی قوربانیان بەرانبەر بەو داهاتە سەربازییانەی ئەو وڵاتە عەرەبیە دۆلەمەندانە دەوەستێتەوە، دەستەی بەڕیوە بردنی حكومەتی سعودییە، هۆزێكی بچوكی دەسەڵاتدار، كە هیچ نیشانەیەكی دیموكراتی پێوە دیار نییە، لە ئێستا تێرنەخۆرترین كڕیاری كەرەستەی سەربازییە لە جیهاندا لەدوای ئەمەریكا و چین.

بەپێی توێژینەوەی پەیمانگایەكی سویدی‌ لەمانگی ٥ی ئەمساڵدا، كڕینی چەك بەرزترین ڕێژەی تۆمار كردووە لەدوای جەنگی ساردەوە، كە ئەمەریكا و چین و سعودییە لەبەشی سەرەوەی لیستەكەن، بەپێی هەمان ڕاپۆرت سعودییە جێی ڕوسیای گرتووەتەوەو لە پلەی سێیەمدایە بە خەرج كردنی ٦٩.٤ بلیۆن دۆلار بۆ كڕینی چەك لەساڵی ٢٠١٧ دا.

بیهێنە بەرچاوت، هۆزێكی بچوكی دەسەڵاتدار، كە لە چەند میرێك پێكهاتووە خەرجی كڕینی ئامێری سەربازی زیاتر بێت لە وڵاتێكی زەبەلاحی وەك ڕوسیا، بەڵام بۆچی؟ ئەمە چ جۆرە چەپەڵییەكە؟

وڵاتی سعودییە تەنیا نییە لەمەدا، بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری سەربازی بەناوی جەین، وڵاتی ئیمارات نزیكەی ٢٠ بلیۆن دۆلاری لەوەزارەتی بەرگریدا خەرج كردووە لەساڵی ٢٠١٧ دا.

ژمارەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە بچووكە كەمترە لە ١٠ ملیۆن كەسە، كە تەنیا 5:1ی ملیۆنی لەڕاستیدا هاووڵاتی ئیماراتین، ئەوانەی تر تەنیا كارگوزاری بیانین، ئەو ٢٠ بلیۆن دۆلارە دابەش بكە بەسەر ١.٥ ملیۆن كەسدا و بزانە یەكی چەندیان بەر دەكەوێت، كە وەزارەتی بەرگری ئیمارات خەرجی دەكات لەكڕینی كەرەستەی سەربازی لە ئەمەریكا و ئیسرائیل.

ئێستا لەنێوان ئەم هەموو ژمارە بەرزانەدا، پرسیارێكی سادە دێتە پێش، ئایا دەستەواژەی وڵاتە عورەبیەكان بە مانای چی دێت؟ ئایا یەمەنییەكانیش عەرب نین؟ ئایا ئەوان بەشێك نین لەم وڵاتە عەربییانە؟ ئەوە واتای چییە كاتێك كۆمەڵێك وڵاتی عەرەبی تۆپبارانی هەژارترین وڵاتی عەربی دەكەن لەنێوانیاندا؟ تا چ ڕادەیەك ئەمە سود بەئێران دەگەیەنێت؟ دەبێت ئەو دەست تێوەردانەی ئێران چی پێشكەشی یەمەنییەكان بكات، كە ئامادەن داهاتوویی منداڵەكانی خۆیان بكەنە قوربانی لەپێناویدا؟

گەر ئەو خەرجییە سەربازییانەی سعودییە و ئیمارات لەبری كڕینی كەرەستەی سەربازی لەپێكهێنانەوە و دروست كردنەوەی یەمەندا خەرج بكرایە ئێستا بارودۆخەكە چۆن دەبوو‌؟

هـ ـ ح