پارتی دەچێتە ژێر باری هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمانەوە

کوردستان

20/12/2018‌ 6906 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان مەیلی كاراكردنەوەی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێمی لەگەڵ هاوپەیمانەكانی هەیە دوای زیاتر لەساڵێك و چەند مانگێك تێپەڕبوون بەسەر هەڵپەساردنی.

پارتی دیموكرات بۆ ئەمەش سێی ئەم مانگە بەفەرمی رایگەیاند، كە سەرۆكی ئێستای حكوومەتی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی كاندیدییەتی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم دوای دیاریكردنی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەت و كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم. 

لە 29ی تشرینی یەكەم و لە وتارێكدا لە دوای كاردانەوەكانی ریفراندۆم بەتایبەت لەلایەن بەغداوە، مەسعود بارزانی وازهێنانی خۆی لە پۆستەكەی راگەیاند، كە ئەوكات سەرۆكی هەرێم بوو، وتی "چیتر نایەوێت ویلایەتەكەی بۆ درێژبكرێتەوە"، لەو رۆژەوە و ئێستاشی لەگەڵدا بێت ئەو پۆستە بە بەتاڵی ماوەتەوە دوای ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لە 29ی هەمان مانگ یاسای ژمارە 2ی تایبەت بەدابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێمی بەسەر دامەزراوە دەستوورییەكانی هەرێم پەسەندكرد.

سەبارەت بە گەرمبوونەوەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم و سەرۆكەكەی دوای ئەوەی پارتی، كە گەورەترین كوتلەی پەرلەمانیی بە 45 كورسییەوە لەپەرلەمانی كوردستان هەیە، چنار سەعد عەبدوڵڵا ئەندامی سەركردایەتی پارتی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ رایگەیاند "دیارە دوای ئەوەی، كە دوا كۆبوونەوەی سەركردایەتی پارتی بەڕێوەچوو ئێمە بەفەرمی رامانگەیاند، كە كاندیدی ئێمە بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی-یە، كە كاندیدێكی زۆر بەهێز و كەسێكی زۆر شیاوە بۆ ئەو پۆستە، ئەو پرسە تاوتوێكراوە و رەنگبێت لەم قۆناغە بۆ ئەوەی پرۆسەكە زۆر بەخێرایی ئەنجامبدرێت و پێشتر بەشێك لەهێزە سیاسییەكان داوایان دەكرد، كە ئەم پڕۆسەیە بێتەوە نێو پەرلەمان".

هاوكات لەگەڵ قسەكانی ئەو سەركردایەتییەی پارتی، پێچەوانەی پێشتر پارتی نیازی ئەوەی هەیە، كە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت، كە پێشتر سەرسەختانە دژی ئەم بۆچوونە بوو، بۆ ئەمە ئەو چنار سەعد عەبدوڵڵا رایگەیاند "پارتی رەنگە لەسەر ئەوە لارایی نەبێت و ئەمجارەیان پۆستەكە لەناو پەرلەمانەوە كارا بكرێتەوە، بۆیە بە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان سەرۆكی داهاتووی هەرێمی كوردستان یەكلاییدەبێتەوە و متمانە وەردەگرێت".

چنار سەعد عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند "ئەم پڕۆسەیە تا ئەو كاتەیە، كە دەستووری هەرێمی كوردستان دەنووسرێتەوە، كە پڕۆژەی دەستوور ئامادەكرا و درایە راپرسی رەنگبێت ئەم پڕۆسەیە لەنێو دەستووردا یەكلاییببێتەوە، كە ئایا بەیەكجاری پۆستی سەرۆكی هەرێم لەناو خەڵك یان لەناو پەرلەمان یەكلایی دەبێتەوە".

چنار شەوەشی راگەیاند "مەبەستم ئەوەیە بۆ ئەم قۆناغە سەرۆكی هەرێم لەناو پەرلەمان و بەدەنگدان یەكلاییدەبێتەوە و متمانە وەردەگرێت، بەڵام ئەم مەسەلەیە تەنیا بۆ ئەم خولەی ئێستای پەرلەمان وادەبێت، بەڵام دواتر لەدانوستاندنەكان و نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەم پرسە رەنگە گۆڕانكاریی بەسەردا بێت و لە خولی داهاتوودا رەنگە سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەناو خەڵك یەكلایی بێتەوە یان لەناو پەرلەمان هەڵببژێردرێت".

سەرۆكایەتی هەرێم وەكو دامەزراوەیەك بەفەرمی لە ساڵی 2005 لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە دامەزراوە و لە ساڵی 2017 لەدوای كاردانەوەكانی ریفراندۆم دەسەڵاتەكانی بەسەر دامەزراوەكانی دیكەی هەرێم دابەشكرا و لە ساڵی 2018 بەپێی یاسایەكی پەرلەمانی كوردستان دامەزراوەكە هەڵپەسێردرا. 

سەرۆكایەتی هەرێم بە بەرزترین دەسەڵاتی جێبەجێكردنی هەرێم دادەنرێت و راستەوخۆ و بە دەنگدانی نهێنێ هەر چوار ساڵ جارێك هاووڵاتییانی هەرێم، سەرۆكی هەرێم هەڵدەبژێرن.

سەرۆكی پارتی مەسعود بارزانی یەكەم سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، كە لە 12ی حوزەیرانی 2005 لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرا و دواتر لە 25ی تەمووزی ساڵی 2009 نزیكەی 70 لەسەدی دەنگەكانی دەنگدەرانی لەهەرێمی كوردستان بەدەستهێنا و بوویەوە بە سەرۆكی هەرێم. 

لە ساڵی 2013 بەپێی بڕیاری پەرلەمانی كوردستان ماوەی سەرۆكایەتییەكەی بۆ دوو ساڵ بۆ درێژكرایەوە، كە یەكەمین كاری خولی ئێستای پەرلەمان بۆ كاراكردنەوەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتییە، كە دەستكاریی دەوێت. 

لەو بارەیەوە پسپۆڕی یاسای دەستووری و راوێژكاری یاسایی لەپەرلەمانی كوردستان، خامۆش عومەر لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ باسی ئەو وردەكارییانە دەكات و دەڵێت "لەراستییدا دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم بەپێی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005 دامەزراوە و تا ساڵی 2017ش لە كارەكانی بەردەوام بووە و لە ساڵی 2017 بەگوێرەی یاسایەك كە لە لایەن پەرلەمانەوە دەرچووە دەسەڵاتەكانی سەرۆكایەتی هەرێم بەسەر دامودەزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان دابەشكرا، دواتر لە ساڵی 2018 پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی دیكەی دەركرد كە تایبەت بوو بە هەڵپەساردنی دامەزراوەی سەرۆكایەتی هەرێم. لە راستییدا ئەگەر قسە لەسەر ئەوە بكرێت كە ئەم دامەزراوەیە كارا بكرێتەوە بەگوێرەی یاسای دووەم كە لە ساڵی 2018 دەرچووە پێویستە لەم خولەی پەرلەمان قسە لەسەر كاراكردنەوەی ئەم دامەزراوەیە بكرێت، چونكە قسەكردن لەسەر ئەم یاسایە بەو شێوەیەی ئێستا هەیە و میكانیزمی هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەدڵنیاییەوە پێویستی بەهەمواركردنەوە دەبێت لەحاڵەتێكدا ئەگەر بڕیار لەسەر ئەوە بدرێت سەرۆكی هەرێم لە لایەن پەرلەمانی كوردستانەوە هەڵبژێردرێت".

بەپێی یاساكەی، كە ژمارە یەكی ساڵی 2005ی هەیە سەرۆكی هەرێم سەرۆكی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێكردن و فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە، سەرۆكی هەرێم تەنیا جێگرێكی دەبێت و بۆ دوو ویلایەت دەتوانێت ئەم پۆستە وەربگرێت. 

ئەگەرچی لەدوای پارتی، كە سەرۆكی حكومەتی لەلا دەبێت و كاندیدیشی بۆ سەرۆكی هەرێمیش هەیە هیچ پارتێك لەهەرێمی كوردستان كاندیدی خۆی بۆ پۆستی دوایی دەستنیشان نەكردووە، بەتایبەت یەكێتی نیشتمانی كوردستان، بگرە هیچ قسەیەكی ئەوتۆش لە هیچ حزبێكەوە لەمبارەیەوە نەكراوە. 

سەرچاوەیەكی نزیك لە سەركردایەتی یەكێتی، كە پێی باش نەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵ ئەوەی دووپاتكردەوە حیزبەكەی دەیەوێت پۆستی سەرۆكی هەرێمیش لەگەڵ پارتی لە دانوستانەكانی ئێستا بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم بخاتە ئەجێندای كارەوە و بە یەك پاكێج لەگەڵ چەند پرس و پۆستێكی تر بیانكاتەوە و ئەگەر نەگەن بەرێككەوتن ئەوانیش كاندیدییان بۆ پۆستەكە دەبێت. 

بەڵام ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی لەو بارەیەوە دەڵێت "ئێمە هیچ لارییمان لەوە نییە لایەنەكانی دیكە كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم هەبێت، دەتوانن و ئازادن لەوەی كاندیدەكانی خۆیان دەستنیشان بكەن، ئەگەر هێزە سیاسییەكان نەگەیشتنە رێككەوتن و هاتە سەر مونافەسە و كێبڕكێ ئەوا ئەو كاتە هەر كاندیدە و بە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان چارەنووسی یەكلایی دەبێتەوە، بەڵام زۆر دڵنیایین لەوەی كاك نێچیرڤان كاندیدە هەرە بەهێزەكانی كوردستانە و متمانەی زۆرینە بەدەست دەهێنێت".

چنار سەعد عەبدوڵڵا لە درێژەی قسەكانیدا بۆ كاراكردنەوە و بوونی پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ هەرێمی كوردستان بە "پێویست" ناودەبات و رایگەیاند "بێگومان پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پۆستێكی سیادی و ریئاسییە، بوونی رەنگە دامەزراوەكانی حكومەت بەهێزتردەكات بەتایبەت لەرووی سیاسی و دیپلۆماسییەوە، ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە، هەروەها پێشمان وایە نێچیرڤان بارزانی لەم قۆناغە، كە قۆناغێكی زۆر قورسە ببێتە پشتیوانێكی زۆر بەهێز بۆ سەرۆكی حكومەت و هەموو كابینەی حكومەت، لەهەمان كاتیشدا هێز و قورسایی زیاتر دەداتە بواری سیاسی و دیپلۆماسی و ئەو دەسەڵاتە یاساییانەی سەرۆكی هەرێم دەیانبێت، بۆیە نەبوونی پۆستی سەرۆكی هەرێم جۆرێك لە كێش و قورسایی هەرێم لەنگی تێدەكەوێت و بوونی ئەو پۆستە بۆ هەرێمی كوردستان زۆر پێویستە".

سەرۆكی هەرێم بەپێی یاسا چەندین دەسەڵاتی هەیە لەوانە "پێشنیازكردنی پڕۆژە یاسا و بڕیارەكانی تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێم بۆ پەرلەمان، دەرچواندنی ئەو یاسا و بڕیارانەی كە پەرلەمانی كوردستان پەسەندیان دەكات یان رەتكردنەوەیان، دەركردنی فەرمان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی گشتی پەرلەمان، دەركردنی مەرسوم بۆ لێسەندنەوەی متمانە لە ئەنجوومەنی وەزیران یان وەزیرێك، پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەرانی هێزە چەكدارەكان و دەركردن و خانەنشین كردنییان بەپێی یاسا، بانگهێشتی ئەندامانی پەرلەمان بۆ یەكەم دانیشتنی پەرلەمان، هەڵوەشانەوەی پەرلەمان، پەسەندكردنی حوكمی لەسێدارەدان یان سووككردنی، راگەیاندنی باری نائاسایی، دامەزراندنی دادوەران و سەرۆك و ئەندامانی داواكاری گشتی، قبوڵكردنەوەی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی وەزیرەكان، بەخشینی مەدالیا و خەڵاتی تایبەت".

خامۆش عومەر دەچێتە سەر وردەكاریی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و هەمواركردنەوەی و دەڵێت "لە راستییدا یاسای سەرۆكایەتی هەرێم راستە مۆركێكی دەستووریی هەیە، بەڵام وەكو یاسایەكی ئاسایی مامەڵەی لەگەل دەكرێت و پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران نییە بۆ هەمواركردنەوە، بەڵكو پێویستی بە زۆرینەیەكی سادە هەیە، پێشتر بۆ سێجار هەمواركراوەتەوە و ئەگەر ئەمجارەش هەمواربكرێتەوە دەبێتە جاری چوارەمی یاساكە". ئەو راوێژكارە یاساییە لە پەرلەمانی كوردستان دەشڵێت "ئەو یاسایەی ئێستا پێویستی بە هەمواركردنەوە هەیە، چونكە بەپێی یاساكە دەبێت لەئێستادا سەرۆكی هەرێم لە لایەن گەلەوە و راستەوخۆ هەڵبژێردرێت، بەڵام ئەوەی دیارە لایەنەكان بەو ئاراستەیە هەنگاو نانێین و بەرەو ئەوە دەچن بەلانیكەم لەم خولەی ئێستادا بەرەو ئەوە دەچن كە لەناو پەرلەمانەوە سەرۆكی هەرێم هەڵبژێردرێت". 

سەبارەت بەوەی سەرۆكی هەرێمی داهاتوو، كە لەنێو پەرلەمانەوە هەڵدەبژێردرێت دەنگی چەند ئەندامی پەرلەمانی پێویستە، خامۆش عومەر دەڵێت "ئەوە دەمێنێتەوە سەر بژاردەی یاسادانەر، بەڵام لە نموونەی وڵاتاندا لە زۆرینەیاندا پێویستی بەڕێژەیەكی دیاریكراوە كە زۆر جار لەسەروو دوو لەسەر سێی دەنگەكان دەبێت و لەحاڵەتێكدا كاندیدەكان نەیانتوانی ئەو دەنگە پێویستە بەدەست بهێنین ئەوا بۆ خولی دووەم ئەو كاندیدەی زۆرترین دەنگ دەهێنێت ئەو دەبێتە سەرۆك، ئیدی ئەوە دەمێنێتەوە سەر یاسادانەر".

هەرێمی كوردستانی عێراق لە 25ی ئەیلولی 2017 ریفراندۆمی ئەنجامدا كە وایكرد حكوومەتی عێراق هێز بەكاربهێنێت بۆ بەدەستهێنانی ئەو ناوچانەی پێشتر و لە ساڵی 2014 و پێش ئەوەشەوە لەدەستی هێزەكانی پێشمەرگە بوون و چەندین كوژراو لەهەردوو لا كەوتنەوە، عێراق سزای ئاسمانی و ئابووریشی خستە هەرێم. 

خامۆش عومەر باس لەوە دەكات ئەگەر سازان هەبێت هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم زۆری پێناچێت، لەوبارەیەوە روونی دەكاتەوە "لە راستییدا ئەگەر ئیرادەی سیاسی هەبێت و سازان لە نێوان لایەنە سیاسییەكان هەبێت كاتی زۆری ناوێت ئەگەر رێككەوتنی سیاسیی لەسەر هەبێت، چونكە پێشتر چونكە سازان نەبوو ئیدی كێشەكان لەسەر ئەو یاسایە ئاڵۆزتر بوو، یەكێك لە كێشەكانیش بریتی بوون لە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێم و دەسەڵاتەكانی، ئێستا هەموو لایەنەكان لەگەڵ ئەوەن لە لایەن پەرلەمانەوە سەرۆكی هەرێم هەڵببژێردرێت، بەڵام دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم و جێگرەكەی ئەوە پێویستی بە جۆرێك لە پێداچوونەوە دەبێت بەپێی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005". 

سەرۆكایەتی هەرێم بەتەنیا سەرۆك لەخۆناگرێت، جگە لە جێگر چەندین بەڕێوەبەری گشتی و پۆستی هەستیار لەخۆدەگرێت، كە پێدەچێت حیزبەكان لە گفتوگۆكانییاندا بۆ كابینەی نۆیەم باسی ئەوانەش بكەن.

هـ ـ ح