بۆچی نرخەكان بەشێوەی (0.99 $ ، 1.99 $ ، 999$) دادەنرێن؟

جیهان

24/12/2018‌ 2373 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سەركۆ یونس
هەر كەسێك كاتێك بەناو بازاڕ، یان ناوەندەكانی فرۆشتندا وەك مۆڵ و سۆپەرماركێتەكان گوزەر دەكات، تێبینی ئەوە دەكرێت نرخی هەندێك لەشمەكەكان بەشێوەیەكە، (49.99$ یان 1.99 $ یان 1.99$) دیاریكراون. 

ڕەنگە ئەم شێوازە لەنرخ سەرنجی زۆربەمانی كێشكردبێت، كە لەڕاستیدا ئەمە جۆرێكە لە سەرنجڕاكێشانی كڕیار بەلای كاڵاكانداو پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی بازرگان‌و فرۆشیارەكان پەنا بۆ ئەم شێوازەی نرخدانان دەبەن‌و ڕاستەوخۆ نرخەكان دانانێن وەك (1$ یان 20 $ یان 200$ ) 

نرخ دانانی دەروونی یان دەتوانین بڵێن نرخدانانی سحری (فێڵ) بریتییە لەستراتیژییەك بازرگان و فرۆشیارەكان لەسیستەمی بازاڕگەریدا پەیڕەوی دەكەن، زۆربەی بازرگانەكان ئاشنان بەم شێوازە.  ئەم بیردۆزە كار لەسەر باری دەرونی كڕیاردەكات، كڕیار وا هەست دەكات گەر بەم نرخانە پێداویستییەكانی بكڕێت، ئەوا بەو داهاتە دیاریكراوەی ڕەنگە بتوانێت پێداویستی زیاتر پڕبكاتەوە، بەڵام ئەمە وەهمێكە كە فرۆشیار بۆ كڕیاری دروستكردوە،  بۆ نمونە ئەگەر شمەكێك یان كاڵایەك بە نرخی (1.99$) بكرێت بەبەراورد بە (2$) لێرەدا هۆكاری دەروونی كار دەكاتە سەر بەكاربەران وا دادەنێت كە لەچوارچێوەی (1$ ) دۆلاردا كاڵاكەی بەدەستهێناوە كەواتە لێرەدا هەستەكە تەنها دەروونی یە،  لە لایەكی دیكەوە ڕەنگە مەبەست لە دانانی نرخ بەم شپَوەیە كاركردنبێت بە یەكەكانی دراو (وەك سەنت و یەك دۆلار و پێنج دۆلاری) . بەم سیاسەتەی نرخدانان دەوترێت سیاسەتی نرخدان بەژمارەی نامۆ (غەریب ) كە تێدا ژمارەكە بەكەمتر دەردەكەوێت وەك ئەوەی لەواقعدا هەبێ ئەمەش ئارەزووی كڕیار بۆ كڕینی شمەكەكە راِدەكێشێت.

چەند لێكۆڵینەوەك ئاماژە بەوەدەكات نرخدانان بەم سیاسەتە بەشداری دەكات لەزیادكردنی داهاتی فرۆشراوەكان ئەمەش بەو مانایەدێت  نرخدانان بە ($1.99) وا لە كڕیاران دەكات ڕاستەوخۆ سەیری ژمارەی لای چەپی نرخەكە بكەن بەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دەروونی كڕیار وەها دەكات بەخێرای بڕیاری كڕین بدات، پاشان نرخەكە بە ژمارەكی كەم دێتە پێش چاوی، هەست دەكات كە نرخەكە نزمە، كەواتە لێرەدا تەنها چاو بەراورد دەكات و بەشێوەیەكی بێ ئاگایی لەنێوان ژمارە (1 و 2) دا كڕیارەكە ژمارە بچوكەكە هەڵدەبژێرێت ئەمە دورخستنەوەی كرٍیارە لەوەی كە بڕیارێكی عاقلانە بدات، سەرەڕای ئەوەی كە هەردوو ژمارەكە لەنرخدا وەك یەكن تەنها بەڕێژەیەكی بچوك نەبێت (1.99 بەبەراورد بە 2 )جیاوازییەكی ئەوتۆی نی یە. ئەم فێڵ و هەڵخەڵەتاندنە لەنرخداناندا تازەیە، زۆربەی كات سەركەوتنی تێدایە، لەبەر ئەوە زۆربەی كۆمپانیا بازرگانیە گەورەكان ئەو سیاسەتە پەیڕەو دەكەن.
 
بەسەرنجدان لەمۆڵ و سەنتەرو سۆپەرماركێتەكانی هەرێمی كوردستان تێبینی دەكەین ئەم شێوازە لە نرخدانان پەیڕەو دەكرێت بەڵام بەداخەوە زۆربەی كڕیاران هۆشیاری بازاڕكردنیان نی یە و بەچاو بڕیار دەدەن و دەبینین هەندێ كات دەكەونە تەڵەكەوە بەتایبەتی ئەگەر كڕین و فرۆشتن بەشێوازی ڕاستەوخۆ بێت. دەتوانین بڵێن ئەم شێوازی نرخدانانە جۆرێكە لە یاریكردن بە هەست و دەروونی كڕیاران و بەشێوەیەك لە شێوەكان فێڵێكی ڕێگەپێدراو و زانستی یە لەبواری بازاڕكاریدا، ئامانجەكەش بۆ ئەوەیە كاریگەری بكرێتە سەر دەروونی كڕیاران و بەكاربەران چونكە یەكێك لە ڕەگەزەكانی خواستی بەكاربەر حەزو ئارەزووە لەم ڕێگەیەوە دەتوانرێت ئامانجەكە بەدەست بهێنرێت، لەتەنیشت ئارەزوی كڕیار بۆ كاڵاكەوە یاریكردن بە نرخەكانەوە دەبێتە فاكتەرێكی دیكە بۆ ئەوەی كڕیار بڕیاری كڕینی كاڵاكە بدات.  

یەكێكی تر لە مەبەستەكانی ئەم سیاسەتە ئەوەیە زۆربەی نرخی شمەك و كاڵاكان بەنرخێك دادەنرێن كە كریار وا لێ بكات دوو پارچە یان زیاتر بكرێت وەك نرخی تەنها یەك قوتو دۆشاوی تەماتە تەنها بە (1.900) دینار بێت ئەمە وا دەكات كریارەكە دوو قوتو بكرێت و فرۆشیارەكە بڕی زیاتر بفرۆشێت .

یەكێكی تر لە مەبەستەكانی ئەم سیاسەتە زیاتر بۆ چینی گەنجان و منداڵان و ژنانە، چونكە ئەم توێژانە بڕیارەكانیان لە بارەی كڕینەوە زۆرجار بڕیارێكی هەستەكییە، واتا فاكتەری هەست ڕۆڵی كڕین دەگێڕێت، لێرەدا فاكتەری مێنتاڵی زۆر لاوازە لە كڕیندا. بێگومان ئەم سیاسەتە لەو بازاڕانەدا زیاتر بڵاوە كە كێبڕكێ ی فرۆشتنی تێدایە چونكە بازرگان و فرۆشیاران دەیانەوێ بڕی زیاتر بفرۆشن زۆربەی هەست و ئارەزوی كڕیاران بۆ لای خۆیان ڕابكێشن تا بتوانن ئامانجە سەرەكیەكە بەدەست بهێنن.

فرۆشیار و كۆمپانیاكان دەكرێت بە توێژینەوەیەكی زانستی گەشتبن بەو دەرئەنجامەی كە چۆن بتوانن لە ڕێگەی كەمكردنەوەیەكی ڕمزی نرخەكانەوە قازانجێكی تر بەدەستبهێنن،  لێرەدا بەشێوەیەكی سایكۆلۆژی دەیانەوێت كڕیار بخەنە ناو ئەو فێلەوە كە بڕیارە ئەنجامی بدەن. پاشان ئەم فاكتەرە لەسەر ئاستی جیهانی زۆر بڵاوە، لە هەرێمدا هەمان سیاسەت پەیڕەودەكرێت بەڵام كوالێتی كاڵاكان لە ئاستی ئەو نرخانەدانین،  بەواتایەكی دیكە كوالێتی كاڵاكان زۆر خراپە، لەگەڵا ئەوەشدا ئەم سیاسەتە بەكاردەهێنن بۆ كڕیار دەكەوێتە دۆخێكی نا جێگیرەوە، گەر كاڵاكان بكڕێت بەنرخێكی گران و كوالێتیشی خراپ بێت ئەوا كڕیار فێڵی لێكراوە. گەر بە نرخێكی كەمتربێـت (ئەگەر ڕمزیش بێت) كڕیار بیر لەو نرخە دەكاتەوە كە كەمترە، بۆیە ئەو شێوازە لە كەمكردنەوەی نرخ بە ئاڕاستەی زیاتری فرۆشتندا كاردەكات.