بەشداری لەكابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بۆ كۆمەڵ بووەتە هاوكێشەیەكی ئاڵۆز

کوردستان

24/12/2018‌ 946 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەشداری لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ بەشێك لە سەركردەكانی كۆمەڵی ئیسلامی بووەتە هاوكێشەیەكی ئاڵۆز، بۆ شیكاركردنی پێویستیان بەكاتی زۆرتر هەیە تادڵنیاببنەوە لەوەی پارتی دیموكرات بۆ بەشداری لەحكومەت لە دەرگایان دەدات.

هەفتەنامەی رووداو ئەمڕۆ دوو شەممە بڵاویكردەوە، كە پێداگیری بزووتنەوەی گۆڕان بۆ ئەوەی كۆمەڵی ئیسلامی لە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا بەشداری بكات، لەلایەن پارتییەوە بەهەند وەرگیراوە، بەڵام تا ئێستا، كە سێ كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان كردووە، هێشتا سەردانی كۆمەڵی نەكردووە. 

بەپێی زانیارییەكان، كە لەچەند سەرچاوەیەكی ئاگادارەوە دەست هەفتەنامەكە كەوتووە، پارتی لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی كۆمەڵ دەكات‌و لەو بارەشەوە بەرپرسێكی كۆمەڵی ئیسلامی، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، دەڵێت: دواكەوتنی كۆبوونەوەی كۆمەڵ و پارتی پەیوەندی ب دوو هۆكارەوە هەیە: "یەكەم سەركردایەتی پارتی بۆ بەشداری كۆمەڵ لە حكومەت بوون بە دوو بەشەوە، بەشێكیان لەگەڵ ئەوەن بەشداری بكەین و بەشێكیشیان دژن، دووەمیش پارتی دڵنیانییە لەوەی كۆمەڵ بە جددی دەیەوێ بەشداری حكومەت بكات و كۆمەڵیش بەرچاوی روون نییە، كە ئاخۆ پارتی بە جددی سەردانی كۆمەڵ دەكات یان نا".

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی نایشارێتەوە، حیزبەكەی مەبەستییەتی بەشداری حكومەت بكات و لەنێو سەركردایەتی و كادرانیش گفتوگۆی زۆر كراوە، زۆربەیان لەگەڵ ئەوەن بەشداری بكات و پێیانوایە ئەگەر لەبەر بەڵێن و كەسایەتی خۆشیان بێت، كە جیاوازی پیشان بدەن، مەسرور بارزانی، دەیەوێت گۆڕانكاری بكات و چاكسازی بكات، حەزی زۆرینەی كۆمەڵیش بۆ بەشداری لە حكومەت بەستراوە بەوەی چاكسازی بكرێت و داخوازییەكانی كۆمەڵ لەبەرچاو بگیرێن.

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵ هەروەها وتی: "ئێمە لەو كابینەیە وەزیرێك و سەرۆكی دەستەیەكمان هەبووە بە پلەی وەزیر، لەم كابینەیەش كورسییەكانمان زیاد بوون،  داوای دوو وەزارەت و دەستەیەك دەكەین، لانیكەم پۆستەكانی كابینەی هەشتەممان دەوێتەوە".

كۆمەڵی ئیسلامی، كە لە مایسی 2001 دامەزراوە، بەشداری هەموو هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی عێراق و كوردستان و ئەنجوومەنی پارێزگاكانی كردووە، لە دوایین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا لە 30ی ئەیلول، حەوت كورسی بەدەستهێنا.

یاسین حەسەن، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ بەلایەوە ئاساییە، كە بەشداری لە حكومەت نەكەن و ببنە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام دەڵێت: هەركاتێك پارتی سەردانیان بكات، ئامادەن بۆ گفتوگۆ و جەخت دەكەنەوە لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنانەی لەكاتی هەڵبژاردن بە خەڵكیان داوە.

بەبڕوای یاسین حەسەن، پارتی‌و كۆمەڵ گرفتێك لە نێوانیاندا نییە، كە ببێتە هۆی ئەوەی پارتی بیر لە ئاوتكردنی حیزبەكەیان بكاتەوە، بەڵام سووربوونی كۆمەڵ لەسەر بەرنامە و پەیامەكانی خۆی لە ماوەی رابردوو وای كردووە كە هەست بكرێ لە نێوان ئەو دوو حیزبەدا كێشە هەیە، "ناكرێت پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەنێوان خۆیاندا هەموو پۆستە باڵاكان ببڕنەوە، چونكە ژمارەی كورسییەكانی كۆمەڵ ئەوەندە دەبێت، كە داوای یەكێك لەو پۆستانە بكات".

هەروەها وتیشی: "بەلای ئێمەوە هەموو وەزارەتەكان گرنگن و هەر وەزارەتێكی خزمەتگوزارییمان پێبدرێ بە گرنگی دەزانین، چونكە كاتێك وەزیرەكان بەجددی كاربكەن، هەموو وەزارەتەكان خزمەتگوزار و گرنگن".

یاسین حەسەن، ئەندامی سەركردایەتی كۆمەڵ، بۆخۆی بڕوای وایە هەرچەندە بەشێك لەسەركردەكانی پارتی بە شێوەیەك دەدوێن، كە گرنگ نەبێ كۆمەڵ لەو كابینەیەدابێت، بەڵام "دواجار پارتی سەردانی كۆمەڵ دەكات و داوای لێدەكات بەشداریی بكات، راستە بە فەرمی هێشتا كۆبوونەوەیان نەكردبێ، بەڵام رەنگە لەسەر ئاستی بەرپرسانی باڵای هەردوو حیزب پەیوەندی تەلەفۆنی هەبێت".

پێشتر، سۆران عومەر، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ لەخوولی پێشووی پەرلەمان و ئەندامی فراكسیۆنی ئەم خوولەی پەرلەمان، لە نووسینێكی راشكاوانەدا رایگەیاندبوو، پێویستە كۆمەڵ ببێتە ئۆپۆزسیۆن، نەك پارتی بیكات بەئۆپۆزیسیۆن، "ئێمە دەنگی خەڵكی كوردستانمان بەو ئۆپۆزیسیۆنبوونەی ئەو حكومڕانێتیە گەندەڵ و ستەمكارە هێناوە، ئێستا ناكرێ دانیشین بەدیار فەرموو بۆ ئەو حكومەتە كە 27 ساڵە بەشداریی لە شكست و قەیران و دزی و تاڵانی داهاتی وڵات بووە".

هەروەها نووسیویەتی، پێویستە كۆمەڵی ئیسلامی خۆی یەكلابكاتەوە و رایبگەیەنێت، ئۆپۆزیسیۆنی گەندەڵی و دزی و ستەمكاری و پێشێلكاری مافەكانی مرۆڤە و پشتیوانی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی نادادی و گەندەڵیییە :"ناكرێت كە بەشداری حكومەتت پێ ناكرێت ئەوكاتە ببیتە ئۆپۆزسیۆن، وەك ئەوەی لە هەڵبژاردنی 2009 كەوتەوە، كاتێك پارتی وەڵامی كۆمەڵی نەدایەوە و ئینجا كۆمەڵ گوتی دەبینە ئۆپۆزیسیۆن".

ئەو بەرپرسەی كۆمەڵی ئیسلامی، كە داوایكرد ناوی بڵاونەكرێتەوە پێیوایە بەهۆی داواكارییە زۆرەكانی یەكێتی لە كابینەی نۆیەم بۆ وەرگرتنی پۆست، پێدەچێ "پارتی ناچار ببێت داوای بەشداری لە كۆمەڵ بكات، چونكە یەكێتی داواكاریی زۆری بە بەشداری لە حكومەت هەڵواسیوە و مەلەفی كەركوك و بەغداشی پێوەگرێداوە، ئەوە جگە لە پۆستە باڵاكان، داوای وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش دەكات. لەو دۆخەدا پارتی پێویستی بە بەشداریی كۆمەڵ دەبێت".

هـ ـ ح