ڕوسیا به‌ مقاشه‌كه‌ى سعودیه‌ جڵه‌وگیرى ئێران ده‌كات له‌ سوریا

جیهان

26/01/2019‌ 2604 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس/ وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ڕوسیا داوای لەمحەمەد بن سەلمانی جێنشینی سعودی كردووە، پشتیوانی لەپەیكەربەندی دەزگای هەواڵگری وڵاتەكەی بكات.

چەند سەچاوەیەكی سیاسی كەنداوی، سەردانەكەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووی سێرگی ناریشكین – ی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری گشتی ڕوسیا بۆ شانشینی سعودییە دەبەستنەوە بەدۆخی سوریا، بە تایبەتیش پرسی جڵەوگیری ئێران لەوەی بتوانێت شوێنپێی هەژموونی هەمیشەیی خۆی قایم بكات.

بەپێی سەرچاوەكان، ناریشكین كە دووشەممەی ڕابردوو بە ئامادەبوونی خالید بن عەلی بن عەبدوڵڵا حمیدان- ی سەرۆكی دەزگای هەواڵگری سعودیە، چاوی بەجێنشینی سعودیە كەوتووە، ئارەزووی ڕوسیای دووپاتكردووەتەوە بۆ خۆپارێزی لەهەر هەڵكشانێكی دۆخەكە، كە ببێتە هۆی بەرەنگاربوونەوەیەكی سەراپاگیری نێوان ئێران و ئیسرائیل لە خاكی سوریا.

ئەو بەرپرسە ئەمنییە ڕوسییە داوای لەسعودیە كردووە،‌ ڕۆڵیان هەبێت لە هێوركردنەوەی دۆخی سوریا، ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە مۆسكۆ ئەوەی لە توانایدا بێت دەیكات بۆ جڵەوگیركردنی تاران.

ئەو سەردانە هاوكات بووە لەگەڵ لوتكەی چاوپێكەوتنی نێوان پوتینی سەرۆكی روسیاو رەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆك كۆماری توركیا لە ڕۆژی 4 شەممەی رابردوو، كە چاودێران پێیانوایە مۆسكۆ پێویستی بەتازەكردنەوەی ڕێكخستنەوەی كاروبارەكانییەتی، كە پەیوەستن بۆ دۆخی سوریاوە، ئەمەش لەڕێگەی ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ سەركردەكانی سعودیەدا. 

غازی حارسی نووسەری سعودی بۆ ڕۆژنامەی "عەرەب"   دەڵێت: "سعودیە كردەیەكی پەیكەربەندی گەورەی بەدەستەوەیە بۆ دووبارە ڕێكخستنەوەی دەزگا هەواڵگرییەكەی، چاوپێكەوتنەكەی ناریشكین و محەمەد بن سەلمان – یش بەدوور نەبوو لە هاریكاری هەردوولا لە بواری هەواڵگریدا".

هەمان سەرچاوە سیاسییەكان ئەوەشیان دووپاتكردووەتەوە، كە بەرپرسە ڕوسییەكە جەختی لەوە كردووەتەوە، كە وڵاتەكەی فشاری زۆری خستووەتە سەر ئێران تاوەكو هیچ وەڵامدانەوەیەكی بۆ هێرشەكانی ئیسرائیل نەبێت ، كە كردنییە سەر پێگەكانی تاران لە سوریا.

ئاماژەی بەوەش كرد، مۆسكۆ ئەوەشی بۆ سعودیە دووپاتكردووەتەوە، كە ئارەزوومەندە چارەسەرێكی سیاسی لە سوریا بێتەكایەوە و ڕۆڵ و بوونی ئێرانیش لەو وڵاتە بەرتەسك بكرێتەوە.

هەروەها سەردانی ئەو بەرپرسە ئەمنییە ڕوسییە هاوكاتە لەگەڵ پەرەسەندنەكانی ئەم دوایەی سوریا و هێرشەكانی ئیسڕائیل بۆ سەر 50  ئامانجی سەربازی ئێران لە دەوروبەری فڕۆكەخانەی دیمەشق تا دەگاتە ناوچەی لادێنشینی دەرعا، كە پێگەكانی سەربازی فیرقەی 5 ی فەوجی تۆپهاویژەكانی لێجێگیرەو ڕوسیا ڕۆڵی تەماشاكەری گێرا لەو هێرشانەی تەلئەبیب كردنیە سەر سوریا.

سەرچاوەكان ئەوەشیان بڵاوكردووەتەوە، ئامانجی بەرپرسە ڕوسییەكە لەو سەردانە جەختكردنەوەیە لەوەی ڕوسیا هاوپەیمانی لەگەڵ ئێراندا نییە ‌لە سوریا، مۆسكۆش بەهەموو شێوەیەك هاریكاری سعودیە دەكات لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەكە.

وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا 4 شەممەی ڕابردوو جەختی لەوە كردەووە، ڕێگە نادات سوریا ببێتە گۆرەپانیك بۆ بەدەستهێنانی ئامانجە جیۆسیاسییەكان، ماریا زاخارۆڤا-ی وتەبێژی وەزارەتەكەش داوای كرد چی دیكە هێرش نەكرێتە سەر خاكی سوریا، كە دەوڵەتێكی خاوەن سەروەرییە.

هاوكات حارسی وتیشی: "ئەوەی لە سوریا لە دوای بڕیاری كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا ڕوو دەدات ، وا پێویست دەكات هەماهەنگییەكی ئاستبەرزتر لەنێوان ڕوسیا و سعودیەدا هەبێت لە پێناو یەكیەتی و سەقامگیری خاكی سوریا و پرسی دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو وڵاتە".

محەمەد یەحیای شڕۆڤەكاری سعودیش داوا لەسعودییەكان و دەوڵەتانی دیكەی كەنداو دەكات، بۆ برەودان بە بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانیان مامەڵە لەگەڵ ڕوسیا بكەن، ناوەندە ڕوسییە ئاگادارەكانیش دەڵێن هەماهەنگی نێوان ڕوسیا و توركیا سەبارەت بە سوریا سرووشتێكی مەیدانی هەیە، كە پەیوەستە بە پڕۆسەی ئەستانەوە، پوتینیش باش پەی بەوە دەبات سعودیە بەو هەژموونە عەرەبییەی هەیەتی، كلیلی هەر یەكلاییكردنەوەیەكی سیاسی جیهانی عەرەبی پێیە، كە ڕوسیا سەرپەرشتی بكات.

شڕۆڤەكاران پێیانوایە سعودیە هەژموونی لەناو بەرهەڵستكارانی سوریادا هەیە، كە دەتوانن هاوبەشبن لە یەكلاییكردنەوەی دۆخەكە‌ لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد دا، سعودییە كلیلی پارەداركردنیشی پێیە، كە مۆسكۆ دەیەویت ریاز بەشداری لەپڕۆسەی دووبارە بنیاتنانەوەی سوریادا بكات.

لای خۆیشییەوە، نەسڕ حەریری سەرۆكی دەستەی دانوستانكاری ئۆپۆزسیۆنی سوریا وتی: ئێستا هەلێكی باش لە بەردەم سوریا دایە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی‌و كۆتاییهێنان بە‌و جەنگە وێرانكەرەی 8 ساڵە لە ئارادایە.

حەریری لەچاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز وتیشی: "ئێستا هەلێكمان بۆ ڕەخساوە، كە لە زۆرینەی خاكی سوریا ئاگربەست هەیە، كۆششەكانی دژ بەتیرۆریش ئەنجامی باشیان داوە بەدەستەوە".

هەندێك ناوەندی ئاگاداریش پێیانوایە ڕوسیا دەزانی، كە سعودیە لەپرسی سوریادا بە مەبەستی چارەسەرێكی سیاسی پشتی ئۆپۆزسیۆنی گرتووە، ئەمەش دڵخوازی‌ مۆسكۆیە. 

دەشزانێت ڕیاز لەسەرەتای دەستتێوەردانی سەربازی ڕوسیا‌ لە سوریا لەسێبتێمبەری 2015 وە لە ئاستێكدا وەستاوە كە ستراتیژیەتی ئەمریكا لە سوریا پەكی نەكەوێت.

لە بەرانبەریشدا چاودێرانی كاروباری ڕوسیا و توركیا دەڵێن: ڕیاز هەڵوێستی مۆسكۆ لەپرسی خاشقچی و هەڵمەتەكەی دژ بە سعودیە بەرز دەنرخێنێت، هەرەها هاریكاری دوولایەنە لە بازاڕی نەوت جێگەی پێزانینی سعودیە، ئەمەش ئاسۆی پەیوەندییەكی جدی نێوان ئەو وڵاتە فراوان دەكات، كە بە ئەرێنی‌ دەشكێتەوە بەسەر ئاستی هاریكاری هەردوولا لە دۆخی سوریادا. 

ئەوان دەشڵێن پوتین تامەزرۆیە بۆ سوودوەرگرتن لە درز و كەلێنی نێوان واشنتۆن و هاوپەیمانەكانی، ئەمەش وەك هەوڵێك بۆ وێناكردنی وەك نێوانگیرێك لە ناوچەكە.

مارك كارتزی مامۆستای زانكۆی جۆرج ماسۆنی ئەمریكی و پسپۆڕ لەپەیوەندییەكانی ڕوسیا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: "مۆسكۆ ئامادەی كاركردنە لەگەڵ هاوپەیمانە باوەكانی واشنتۆن و سوودوەرگرتنیش لە هەر درز و كەلێنێكی نێوانیان. ڕووسەكان لە‌ هەوڵی ئەوەشدان بە تەنها بەرپرسی ئاسایشی ناوچەكە نەبن هەروەك ئەمریكا دەیەوویست  و دەیكرد".