هۆزە سورییەكان بیرۆكەی زۆنە ئارامەكەی توركیا ڕەتدەكەنەوە

کوردستان

27/01/2019‌ 1621 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
بیرۆكەی زۆنی‌ ئارام‌، كە توركیا هەوڵ بۆ دروستكردنی دەدات لەباكووری سوریا، جێگەی ڕەزامەندی و پشتیوانیكردنی هۆزەكانی ناوچەكە نییە، كە ئەوان دەستوەردانەكانی ئەنقەرە لەكاروباری ناوچەكانیان رەتدەكەنەوە.

نوێنەرانی ئەو هۆزانە بیرۆكی توركیا بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لەباكووری سوریا، بە مەترسی دەزانن و پەیوەستن بە یەكپارچەیی خاكی سوریاوە، بۆیە رەتیدەكەنەوە.

نوێنەری هۆزە عەرەبییەكان لە كۆبوونەوەی ڕۆژی هەینی لەناوچەی ئەسریا حەمای باكوور، كە زیاتر لە 5 هەزار لە نوێنەرانی هۆزەكان‌و كۆمەڵگای لۆكاڵی ئامادەی بوون، جەختیان لەسەر سەروەری‌و سەربەخۆیی و یەكپارچەیی خاكی سوریا كردەوە، مكوڕبوون لەسەر بەرەنگاربوونەوەی هەر جۆرە دوژمنكارییەك و پشتیوانی خۆشیان بۆ سوپای سوریا دووپاتكردەوە لەشەڕی دژ بەتیرۆر.

لەبەیاننامەیەكیشدا هەموو پاساوەكانی دەستتێوەردانی توركیا-یان بۆ دەستوەردانە‌ كاروباری سوریا بە تەواوی ڕەتكردەوە، كە پێشتر ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆكی توركیا وتبووی، بەگوێرەی ڕێككەوتننامەی ئەدەنە ی ساڵی 1998، لەئەگەری هەستكردنی ئەنقەرە بە هەر هەڕەشە و مەترسییەك، بۆی هەیە‌ بچێتە ناو خاكی سوریاوە. 

ئەردۆغان ئەوەشی دووپات كردەوە، كە ئەنقەرە بە تەنیا لە توانایدایە ئەو زۆنە ئارامە لەسەر سنوری سوریا دروست بكات‌و توركیاش ڕایگەیاند، دیمەشق بەردەوامە لە بۆردومان كردنی ناوچە لەچەك داماڵراوەكە و پێشێلكردنی ڕێككەوتننامەی سوچی، كە لە ساڵی 2018 واژووكرا و جۆرێك لەئارامیشی بۆ دانیشتوانی ناوچەكە دەستەبەر كردووە.

لە 17 ی سێبتێمبەری ڕابردوو، هەردوو سەركی ڕوسیا و توركیا لەئاكامی دانوستانێكی دوولایەنە، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی لەسوچی ڕایانگەیاند، گەیشتوونە ڕێككەوتنێك سەبارەت بە دامەزراندنی ناوچەیەكی لە چەك داماڵدراو كە ناوچەكانی ڕژێمی سوریا لە ناوچەكانی قەڵەمڕەووی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە ئیدلب و دەوروبەری لێكجیادەكاتەوە.

هاوكات سێرگی لاڤرۆڤی وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش ئەوەی دووپاتكردەوە وڵاتەكەی وای دەبینینێت، كە  ڕێكەوتننامەی ئەدەنەی نێوان ئەنقەرە و دیمەشقی ساڵی 1998 هێشتا بەركارە. 

لاڤرۆڤ وتیشی: "ناوەرۆكی ڕێككەوتننامەكەی بۆ ڕەواندنەوەی مەترسییە ئەمنییەكانی توركیایە"، پێشی وابوو سوریا وابەستەی ڕێككەوتننامەكە بووە، كە هەریەك لە ئەنقەرە و دیمەشق پێیان وایە هێشتا بەركارە،  ئاماژەی بەوەشدا كە هەردوو سەرۆك لە كۆبوونەوەكەی 4 شەممەی ڕابردوویان لە مۆسكۆ لەسەر ئەوە سازاوون.

لە ڕێككەوتننامەی ئەدەنە ‌بە دەق هاتووە، كە سوریا هاریكاری تەواوی توركیا بكات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لەسەر سنوور، دیمەشق هەموو هاوكارییەكی بۆ پەكەكە بوەستێنێت، عەبدوڵڵا ئۆجەلانی سەرۆكی ئەو حیزبەش لە سوریا وەدەرنێت ، سەربازگەكانی پەكەكەش لە سوریا و لبنان دابخات، ڕێگریش بكاتە لە دزەكردنی گەریلاكانی پەكەكە بۆ ناو خاكی توركیا.

ڕێككەوتننامەكەی ڕێگەش بە ئەنقەرە دەدات بە قوڵایی 5 كیلۆمەتر بچێتە ناو خاكی سوریاوە بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنی پێویست بۆ پارێزگاریكردن لە ئاسایشی نەتەوەیی خۆی