گرێكوێرەكانی بەردەم هەوڵەكانی تەواوكردنی كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی

عیراق

02/02/2019‌ 1082 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەرگێڕان: حلمی رەسول رەزا
لەگەڵ ئەوەی پەرلەمانی عێراق چووە پشووی یاسایی یەكەمییەوە، بەڵام جوڵە بۆ تەواوكردنی پێكهاتەی حكومەتی عادل عەبدولمەهدی نەوەستاوە،  لەگەڵ هەبوونی بەربەستی رێككەوتن لەسەر ئەو سێ وەزارەتەی پۆستەكانیان بە بەتاڵی ماونەتەوە.

وەزارەتەكان بریتین لە بەرگری و ناوخۆو داد، كە بەهۆی ململانێی لایەنە سیاسییەكان تائێستا نەتوانراوە كاندیدەكانیان لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بكرێن، لەكاتێكدا حكومەتی عێراق لە مانگی 10ی ساڵی رابردووەوە متمانەی وەرگرتووە.

ئەندامێكی هاوپەیانی –ئصلاح- بۆ ئاژانسەكانی هەواڵ دووپاتیكردەوە، كە گفتوگۆ سیاسییەكان بەردەوامن دەربارەی رێكەوتن لسەر كاندیدەكانی هەر سێ وەزراەتەكە، ئەوەیشی روون كردووەتەوە گفتۆگۆكان هیچ شتێكی نوێییان نەهێناوەتە ئاراوە.

ئەندامەكەی هاوپەیمانی "ئیصلاح" باسی ئەوەشی كردووە سووربوونی لایەنەكان لەسەر هەڵوێستی خۆیان بۆ دەرچوونی كاندیدەكانیان بەتایبەتی هاوپەیمانی "البنا" بەوەی سوورە لەسەر كاندیدكردنی فالیح فەیاز بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، كە ئەمەش لەلایەن هاوپەیمانی "ئیصلاح" و چەند ایەنێكی ترەوە رەتدەكرێتەوە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی هیچ نزیك بوونەوەیەك لە نێوان لایەنەكاندا دەربارەی ئەم بابەتە نییە. 

هەروەها رایگەیاندووە، دیارە ئەم ناكۆكییە تەنیا لەسەر وەزارەتی ناوخۆ نییە ، بەڵكو بەرگری و دادیش تا ئێستا یەكلایینەكراوەتەوە بەهۆی ئەو ناكۆكییە قووڵانەی سەبارەت بەكاندیدەكان هەیە و پێدەچێت گفتوگۆكان كاتێكی درێژ بخایەنێت.

هاوكات لەئێستادا سەرۆك وەزیران جوڵەی دەستپێكردووە بۆ كۆتایی هێنان بە دۆسیەی وەزارەتەكانی و لەو نێوەندەدا چاوی كەوتووە بە سەرۆكی هاوپەیمانی "ئیصلاح" عەمار حەكیم‌و بەپێی لێدوانی نوسینگەی حەكیم، ئەوەی دووپاتكردووەتەوە هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی پێكهاتنی حكومەت‌و دوا گۆڕانكارییە سیاسییەكان و جێبەجێكردنی كارنامەی حكومەت كردووەو جەختیان لەسەر پێویستی رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی و هاوكاری نێوان حكومەت‌و پەرلەمان لە پێناو دەرچوونی یاسا گرنگەكان كردووەتەوە، بەتایبەتی ئەو یاسایانەی پەیوەندییان بە پێداویستیەكانی خەڵك و پەیكەری سیستەمی سیاسی دەوڵەتی عێراقەوە هەیە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی هاوپەیمانی "المحوری سونی" مەحاسن حمدون ئاماژەی بەوە كردووە لیستەكەیان لە پەیوەندی دایە لەپێناو رێككەوتن لەسەر ناوی یەك كاندید بۆ وەزارەتی بەرگری و روونیكردووەتەوە تا ئێستا بە هۆی بۆچوونە جیاوازەكانەوە ئەم بابەتە یەكلایینەكراوەتەوە. 

هەروەها ئاماژەی بەوەش كردووە ناكۆكی تریش هەیە سەبارەت بەكاندیدی جێگرەوەی وەزارەتی پەروەردە و كوتلەكەیان سەرقاڵی پێشكەشكردنی ناوێكی نوێیە بۆ ئەو پۆستە، ئەگەر كوتلەكانی تر كێشەی نیساب دروست نەكەن.

ناوبراو باسی ئەوەشی كردووە هەندێك لە ئەندام پەرلەمانەكان ئەو ناوانەی بۆ جێگرەوەی وەزارەتی پەروەردە پێشكەش كراون رەتدەكەنەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ناوی كاندیدەكە دەكەوێتە خولی یاسادانانی دووەم.

پەرلەمانی عێراق لە مانگی كانونی دووەمی رابردوو مشتومڕێكی فراوانی زۆری بەخۆیەوە بینی بەهۆی تێوەگلانی كەسە نزیكەكانی وەزیری پەروەردە لەحكومەتی عێراق "شیما الحیالی" لەگەڵ رێكخراوی داعش لەو كاتەی دەستیان بەسەر موسڵ و چەند شارێكی تری عێراقدا گرتبوو لە (2014-2017)، ئەمەش وای كرد دەست لەحكومەتەكەی عەبدولمەهدی كێشێتەوە، كە لە تشرینی یەكەمی 2018 متمانەی پەرلەمانی بەدەست هێنابوو.

سەرچاوە : العربی الجدید