رێژیەكی زۆر لەخانمان سەر دەكەنە نێرگەلەكێشان

کوردستان

02/03/2019‌ 1055 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: سیڤان ئازاد
لاوێن كچێكی تەمەن 18 ساڵان بوو، لەیەكێك لەكافتریاكانی سلێمانی دانیشتبوو، كە ناوە ناوە قومی لەو نێرگەلەیە دەدا، لەبەردەمی دانرابوو، ئەو بەدەم كێشانی نێرگەلەوە دەیوت: "من زۆر ماندوی ژیانم كاتێك نێرگەلە دەكێشم زۆر ئارام دەبمەوەو مورتاحترم".

لاوێن وەك خۆی دەیوت، زۆرجار كاتی نییە بچێتە كافتریا، بەڵام ئەوە وای نەكردووە، رۆژانە نێرگەلە نەكێشێت‌و وتی: كە "كاتم نابێت بێمە ئێرە دەتوانم لەماڵەوە زۆر بەئازادانە بەكاریبێنم".

ئەو كچە تەمەن 18 ساڵە، نموونەی دەیان كچن، كە رۆژانە روو لەكافتریاكانی شاری سلێمانی دەكەن‌و ئامانجی سەرەكیشیان لەسەردانەكەیان، تەنیاو تەنیا بۆ كێشانی نێرگەلەیە، كە وەك باوێكی لێهاتووە لەناو خەڵكی بەتایبەتی چینی گەنجان.

كەم كافتریای سلێمانی هەیە، تایبەت نەكرابێت بۆ كێشانی نێرگەلەو ئەگەر بتەوێت روو لەكافتریایەك نێرگەلەی تێدا نەكێشرێت، ئەوە ئەستەمە بەئاسانی بیدۆزیتەوە.

نەبوونی كافتریایەك بەبێ‌ نێرگەلە پەیوەندی بەزۆری خواست لەسەری هەیە، وەك ئەوەی زۆرێك لەخاوەن كافییەكان باسی دەكەن، كە ئەگەر لەكافتریاكانیان نێرگەلەكێشان قەدەغە بكەن، ئەوە كەس روو لەكافییەكانیان ناكات.

نێرگەلەكێشان لەناو چینی گەنجان زۆر باوەو لەناو گەنجانیش ژمارەیەكی زۆر لەكچان‌و ژنان نێرگەلە دەكێشن، لەكاتێكدا زۆرینەیان دەزانن زیانی زۆری هەیە بۆ جەستەیان.

ئالان كورێكی گەنجەو بەقسەی خۆی پێشتر زۆر نێرگەلەی كێشاوە، بەڵام كاتێك سەردانی پزیشكی كردووە، پێی وتراوە زیانی زۆری بەركەوتووەو ئەویش بەو هۆیەوە، وازی لەنێرگەلە كێشان هێناوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی زانیویەتی سییەكان نەخۆش كەوتووە.

هەرچەندە ئالان نموونەیەكە بەهۆی زیانەكانەوە وازی لەنێرگەلە كێشان هێناوە، بەڵام كەمن لەگەنجان بەهۆی هۆشدارییە بەردەوامەكان لەبارەی زیانەكان واز لەنێرگەلە كێشان بهێنن.

سارا، كچێكی تری تەمەن ٢٣ ساڵەیە، ئەو ئاگاداری خۆی نەشاردەوە لەوەی نێرگەلەكێشان زیانی هەیە، تەنانەت لەماڵەوەش لێی قەدەغەكراوە، بەڵام وتی: من بەبێ ئاگاداری خێزانەكەم نێرگەلە دەكێشم‌و كاتێك لەگەڵ هاوڕێكانماندا كۆدەبینەوە بەمەبەستی كات بەسەر بردن یەكەم كارمان داواكردنی نێرگەلەیە.

پێشتر دەگمەن بوو، كچێك بدۆزیتەوە نێرگەلە بكێشێت، چونكە توانجێكی زۆر لەكچان دەدرا، كە نێرگەلەیان دەكێشا، بەڵام ئێستا بەهۆی زۆری ژمارەی كچان بۆ كێشانی نێرگەلە، ئەو دیاردەیە كاڵ بووەتەوەو سارا لەو بارەوە وتی: كاتێك لە كافتریا دادەنیشم تووشی هیچ توانجێك نەبووم لەبەرانبەر ئەوەدا، كە زۆرجار خەڵكی بە چاوێكی جیاواز سەیری ئەو كەسانە دەكەن وەكو خۆم تووشی ئەوە نەبووم.

دیاردەی نێرگەلەكێشان بەرادەیەك زۆر بووە، لەنێوان هاوسەران بووە بەباوێك، ئێستا هاوسەران لەجیاتی ئەوەی روو لەسەیرانگایەك بكەن بۆ كێشانی نێرگەلە روو لەكافییەكانی ناو شار دەكەن‌و كاتەكانی خۆیانی تێدا بەسەر دەبەن.

نیان یەكێكە لەو كچانەی هاوسەرگیری كردووەو وەك خۆی دەڵێت: من زۆركات لەگەڵ هاوسەرەكەم وەكو هاوڕێ‌ دادەنیشین‌و بێ‌ هیچ كێشەیەك دەتوانم بڵێم زۆرجار بەدەم كێشانی نێرگەلەوە باسی كارو باری ڕۆژانەمان دەكەین.

نێرگەلە زیانێكی زۆر بەسییەكان‌و دڵ دەگەیەنێت، وەك ئەوەی زۆرێك لەتوێژینەوەكان سەلماندوویانە، چونكە ڕێژەیەكی زۆر یەكەم ئۆكسیدی كاربۆن دەخاتە لەشەوەو ڕێژەیەكی زۆریش قەترانی تێدایە، كە هۆكارە بۆ تووشبوونی شێرپەنجە.

هەروەها نێرگەلە بڕێكی زۆر لەنیكۆتین لەخۆدەگرێت  و ئەوەش دەبێتە هۆی ئاڵودە بوون‌و ئەگەر ژنی دووگیان نێرگەلە بكێشێت ئەوا منداڵەكەی كێشی كەمتر دەبێت لەكێشە ئاساییەكەی خۆی‌و ئەگەری تووشبوون بە نەزۆكی زیاد دەكات.