شارپرێس:
گۆڤاری "فۆڕەین پۆڵسی" ئەمریكی تارمایی دیمەنێك وێنادەكات، ئەوەش لەبارەی ئایندەی سوریاوەو باسی لە هەڵگیرسانی 3 شەڕی تازە كردووە لە نێوان سێ هێزی سەرەكی، كە جوگرافیای خاكی سوریایان بەدەستەوەیە، ئەوانیش هەر یەك لەهێزەكانی حكومەتی سوریا، هێزەكانی سوریای دیموكراتو هێزەكانی توركیا.
گۆڤارەكە باسی ئەوەشی كردووە، كە بوونی ئەو 3 هێزە لەسەر خاكێك هۆشداری لەهەڵگیرسانی 3 جەنگی تازە دەدات لە سوریا، بە تایبەتیش هەرسێكیان بە تەواوی خاوەن ئەجێندای تایبەت بەخۆیانن و دوژمنایەتی یەكدیكەش دەكەن.
لەمڕۆشدا سوریا دابەش بووە بۆ سێ ناوچە
یەكەم لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی حكومەتی سوریادایەو ڕوسیا پارێزگاری لێدەكاتو ئێرانیش پاڵپشتییەتی، ئەو ناوچەیە 60%ی ڕووبەری خاكی سوریا پێكدێنێت.
دووەم لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی سوریای دیموكرات دایە لەڕۆژهەڵاتی سوریا، نزیكەی 30% ی خاكی سوریا پێكدێنێت.
ناوچەی سێیەم لە باكوری ووڵات لەژێر كۆنتڕۆڵی توركیا و لایەن پاشكۆكانی دایە كە تەنها 10% ی خاكی سوریا پێكدێنێت.
بەپێی گۆڤارەكە ، لە ڕووی ڕێكخستنی ناوخۆ و پەیوەندییەكانی بە هێزە دەرەكییەكانەوە، لەرزۆكترین ناوچەیان لە نێوان 3 ناوچەكە، ئەو ناوچەیەی بن دەستی توركیایە. سەرباری ڕێككەوتننامەكەی نێوان مۆسكۆ و ئەنقەرە لە سێبتێمبەری ساڵی 2018 بە پێكهێنانی ناوچەیەكی ئارام تیایدا، كەچی هێشتا ناوچەكانی بن دەستی توركەكان لە هەر ئان و ساتێكدا یارای (قابل) تەقینەوەن ، بە تایبەتیش كە لایەنی توندڕەووی وەك قاعیدە و نوسڕەی تێدایە. هێزەكانی توركیاش ڕووبەڕووی هێرشی بەردەوام دەبنەوە لە لایەن یەكینەكانی پاراستنی گەلەوە. ڕاپۆرتەكانیش ئاماژە بەوە دەدەن كە لە نێوان مانگی مارسی 2018 بۆ یەنایەری 2019 ، 220 هێرش لە عەفرین كراونە سەر هێزە توركییەكان و پاشكۆكانی.
ئەو ناوچانەی لە بن دەستی هێزەكانی سوریایی دیموكراتیشدان لە دەرەوەڕا هێرشیان دەكرێتەسەر، لە ئاكامیشدا و لە ئۆگۆستۆسی 2018 وە، 236 كەس لە هێزە كوردییەكان و مەدەنییەكان كوژراون، هۆكاری كوشتنەكەشیان هیچ پەیوەندیدار نییە بە جەنگان دژ بە ڕێكخراوی داعش.
هێزە كوردییەكان ئۆباڵی ئەو كردەی كوشتنانە لە پارێزگاكانی ڕقە و حەسەكە و دێرزور دەخەنە ئەستۆی توركیا، لەوانەش كردەی تیرۆركردنی سەركردە كوردە دیارەكان، تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژكراوەكان.
گۆڤارەكە ئاماژە بەوەش دەدات، كە ئەو ناوچەیە بە بەردەوامی لە گڕگرتندایە، ئەمەش بە هۆی پۆلێنكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات لە لایەن توركیاوە بەوەی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستانن كە یاساغە لە توركیا.
هیچ دووریش نییە ناوچەكانی بن دەستی حكومەتی سوریا، ململانێی لەسەر هەژموون و دەسەڵات لە نێوان هێزە لۆكاڵییەكان و هێزە بیانییەكانی تێدا ڕووبدات ، چونكە هەریەك لە میلیشیاكانی حزبوڵا و هێزە ئێرانییەكان و هێزە ڕوسییەكان لەو ناوچەیەدا هەن.
گۆڤارەكە پێشبینی ئەوەشی كردووە كە ناڕەزایی خەڵك بەرامبەر ئەسەد لەو ناوچانەدا ڕۆڵی خۆی دەبێت، ئەمەش دوای 8 ساڵ لە جەنگێك كە باری سەرشانی سورییەكانی قورس كردووە و چاوەڕێی چارەسەرێكن بۆ دواییهێنان بە ئێش و ئازارەكانیان.
سەرچاوە: PONT POST
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
