ئەردەڵان عەبدوڵڵا
هیندستان خاوەنی شارستانییەکی ئێجگار دێرینی جیهانە، لە ماوەی هەزاران ساڵەی تەمەنی ئەم وڵاتەدا، خزمەتێکی گەورەی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە،ئەوەش لە رێگەی ئەو داهێنان و کەسایەتییە گەورانەی کە لەم وڵاتە لەدایک بوون و خزمەتی مرۆڤایەتییان کردووە. یەکێکیش لەو کەسایەتییە بەهێزانەی هیندستان، جەواهیر لال نەهرۆیە. نەهرۆ دەستەڕاستی رابەری مەزنی هیندی " مەهاتما گاندی" بوو. زۆرجار دەگوترا گاندی رابەری رۆحی بزووتنەوەی رزگاریخوازی هیندی بووەو نەهرۆش رابەرە سیاسییەکەی بووە.
نەهرۆ رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە خەباتی رزگاریخوازی هیندی و یەکێک بووە لە سیمبۆڵە گەورەکانی خەباتی مەزنی گەلی هیندستان. لەپاش رزگاربوونیشی لە چنگی داگیرکەری بەریتانیا، نەهرۆ بە دامەزرێنەری دەسەڵاتی نیشتمانی هیندی دادەنرێت و توانی سیستەمێکی سیاسی دیموکراسی و عیلمانی بەهێز لەو دواکەوتووترین وڵاتی جیهان دابمەزرێنێت، ئەمەش بە خاڵێکی تری بەهێزی ئەم پیاوە دەژمێرێت. جگە لە بونیاتنانەوەو بوژانەوەی کەرتی پیشەشازی و کشتوکاڵی و پەروەردەیی و لەناوبردنی هەژاریی و نەخوێندەواری و نەخۆشی، ئەوەش لە رێگەی ئەو پرۆژە گەورانەی حکومەتەوە، کە توانی سوود بە ملیۆنەها هیندی بگەینێت.
لە رووی سیاسەتی نێودەوڵەتیشەوە، یەکێکە لە تێکۆشەرە مەزنەکانی جیهان و توانی لەگەڵ کۆمەڵێک سەرۆکی وڵاتانی ئاسیاویی و ئەفریقی و ئەمریکای لاتین، رێکخراوی " گەلانی بێلایەن " دابمەزرێنێت، کە لەکاتی جەنگی ساردا، رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو لە رابەرێتیکردنی گەلانی گێتی سێهەم، دژی هەریەک لە یەکێتی سۆڤێت و ئەمریکا.
نەهرۆ تەنها سیاسەتمەدار و تێکۆشەرێکی گێتی سێهەم نییە، بگرە رۆشبیر و بیرمەند و مێژوونوسێکی گەورەی جیهانیشە، بەتایبەتی کتێبی " چەند لاپەرەیەک لە مێژووی جیهان" بەیەکێک لە کتێبە مێژووییە گرنگەکانی جیهان دادەنرێت. بە واتایەکی تر ئێمە خۆمان لەبەردەم سیاسەتەمدارو بیرمەندو مێژوونوسێکی گەورەدا دەبینینەوە.
یەکێکیش لەو کتێبە جوان و گرنگانەی کتێبی " اکتشاف الهند" کە لە دوو بەش پێکدێت. ئەم کتێبە بەزمانی عەرەبی و زۆربەی زمانەکانی تری جیهانیش هەیە، لێ بەداخەوە هەتاوەکو ئێستا کتێبخانەی کوردی لەم کتێبە گرنگە بێ بەشە.
ئەم کتێبە بە زمانی عەرەبی نووسراوەو لە دوو بەرگ پێکدێت، هەر بەشەو 400 لاپەڕەیە. دیارە ئەم کتێبە لەجیهاندا دەنگدانەوەی گەورەی هەبووە، هەر لەبارەی ئەم کتێبەوە، زانای ناوداری جیهانی ئەلبێرت ئەنشتاین لە نامەیەکدا کەساڵی 1950 بۆ نەهرۆی نووسیوە دەڵێت:
- بە گرنگییەکی زۆرەوە کتێبە مەزنەکەتم " کەشفکردنی هیند"م خوێندەوە، خوێندنەوەی بەشی یەکەمی کتێبەکە بۆ کەسێکی رۆژئاوایی ئاسان نییە، بەڵام وێنەیەکی جوانمان لەبارەی لایەنی فەرهەنگی و رۆحی جوانی وڵاتە مەزنەکەتانەوە پیشان دەدات،،،
ئەم کتێبە پانۆرامایەکە بە ناو مێژوویی هەزاران ساڵەی هیندستان ، لەهەمانکاتیشدا گەڕانە بەدوای شارستانی کۆنی هیندستان بەتایبەتی لایەنی ئایینی و کۆمەڵایەتی زۆر بە جوانی وەسفکردووە. بە راستی ئەم کتێبە کۆمەڵێک کۆدی هیندستانی تێدایە، کە دەتوانێت شارەزایی و زانیاری زۆرمان لەبارەی ئەم وڵاتە مەزنەی جیهانەوە بداتێ. بە بڕوای من هەر کەسێک بیەوێت زانیاریی و شارەزایی لەبارەی هیندستانەوە بزانێت، هەردەبێت ئەم کتێبە بخوێنێتەوە. جگەلەوەش لەبواری خەباتی رزگاریخوازیی و دژایەتیکردنی داگیرکەران، نەهرۆ وەکو مامۆستایەکی مەزنی ئەو بوارە، کۆمەڵێک قسەوباسی ئێجگار گەورەی باسکردووە. هەروەها ئەم کتێبە بە هزر و ئەندێشەی سیاسی و فکری نەهرۆمان ئاشنا دەکات.
من لەپاش خوێندنەوەی ئەم کتێبە ، حەزم کرد لە نزیکەوە بە خوێنەری کوردی ئاشنا بکەم و چەند سەرنجێکی خۆم لە بارەی ئەم کتێبەوە بنووسم، بەو هیوایەی کە سوودی هەبێت بۆ خوێنەرانی هێژامان.
کوڕە دەوڵەمەندەکە
نەهرۆ لە ساڵی 1889 لەدایک بووەو لە ساڵی 1964 دا کۆچی دواییکردووە. ئەو لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند و ناسراوی هیندستان لەدایک بووە. باوکی یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی پارتی کۆنگرێسی هیندستان و لە بنەماڵەیەکی دەوڵەمەند بووە. بەهەمان شێوە دایکیشی، لە بنەماڵەیەکی ناسراو و دەوڵەمەندی هیندستان بووە. دەتوانم بڵێم نەهرۆ شانسی هەبووە کە وەکو زۆربەی خەڵكی وڵاتەکەی ، هەژاری و برسێتی و نەخۆشی نەچەشتووە، بەڵام هەمیشە دڵ و دەروونی لای هەژارانی وڵاتەکەی بووە.
بەحوکمی باشی و دەوڵەمەندی خێزانەکەیەوە، نەهرۆ دەچێتە بەریتانیا و لە باشترین زانکۆی ئەو وڵاتە کە زانکۆی کامبریدجە، خوێندن تەواو دەکات و یاساو سیاسەت دەخوێنێت. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ وڵاتەکەیی و بەشداری لە خەباتی رزگاریخوازی هیندستان دەکات و دواتریش لەگەڵ گاندی ، خەباتی گەلی هیندستان دەگەیەننە دوایین مەنزڵگەی، کە ئەویش رزگاربوونە لە چنگی داگیرکەری بەریتانیا.
کامالای هاوسەری
نەهرۆ بە پێچەوانەی سیاسەتمەدارانی رۆژهەڵاتەوە کە هیچ کاتێک باسی ژنەکانیان ناکەن بەتایبەتی لەکاتی خەباتی سیاسیدا، هەر لەسەرەتای کتێبەکەیەوە، باسی ژیانی هاوسەرگیری خۆی دەکات لەگەڵ " کامالا" دەکات و زۆر بەجوانی وەسفی پەیوەندیی خۆیی و ژنەکەی دەکات و دواتریش باسی نەخۆشکەوتن و مردنەکەی دەکات، کە کاریگەری گەورەی بەسەردا بەجێهێشتووە.
لەبارەی ژنەکەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- هەموو کاتێک کامالا لەبەرچاوم بوو، ئەو بووبوە سیمبۆڵێک بۆ ژنی هیندی ، یان دەتوانم بڵێم بووبوە سیمبۆڵێک بۆ هەموو ژنێک لەبەرچاوم. ئەو بەشێوەیەکی زۆر پتەو، منی بە هیندستانەوە دەبەستەوە. ل 51. بەشی یەکەم.
پاشان نەهرۆ باسی رۆژانی کۆتایی ژنەکەی دەکات، کە لەیەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری لۆزانی سویسرا چارەسەری وەرگرتووەو چۆن نەهرۆش وەکو دکتۆر و برینپێچێک، هەمووکاتێک ئێشكی گرتووەو بەدیار ژنەکەیەوە، ئەمەش نموونەی جوانی ئەو پەیوەندیییە مرۆییە دەخاتە ڕوو.
نەهرۆ و مۆسۆلینی
مۆسۆلینی کە باوکی فاشیزمی جیهان دادەنرێت، لەهەمانکاتیشدا لە نێوان ساڵانی 1922 تاوەکو 1943سەرۆکی ئیتالیا بووە. لەو سەردەمەدا مۆسۆلینی یەکێک بووە لە رابەرە سیاسییە ناسراوەکانی ئەوروپا و جیهان. نەهرۆ لەم کتێبەیدا باسی رووداوێکی سەیری خۆیی و ئەم پیاوە دەکات و دەڵێت، لە ساڵی 1936 کاتێک ژنەکەی دەمرێت، مۆسۆلینی تەعزییەنامەی بۆ ناردووەو ئەوەش لە رێگەی کونسوڵی ئیتالیا لە لۆزانی سویسرا بووە، هەر لەوکاتەدا داوای لێکردووە کە یەکتری ببینین، بەڵام وەکو خۆی دەڵێت: زۆر حەزم دەکرد مۆسۆلینی لە نزیکەوە ببینم و بزانم چ پیاوێکە، بەڵام بەهۆی بیربۆچوونی فاشیستانە و داگیرکردنی حەبەشەوە" ئەسیوپیا" نەمدەویست بیبنم. نەمدەویست ببمە ماددەیەکی باش بۆ پروپاگەندەی فاشیستەکان و بەکارمبهێنن.
جارێکی تریش کە لە رێگادا بە رۆمادا تێدەپەرێت، دیسانەوە مۆسۆلینی دەیەوێت بیبنێت، بەڵام ئەو بە شێوەیەکی دیپلۆماتی داواکەی رەت دەکاتەوە.
ئەم هەڵوێستەی نەهرۆش مایەی دەستخۆشیی و رێزە، لەوکاتەدا نەهرۆ نە سەرۆکی هیندستان بووەو نە دەسەڵاتێکی وای هەبووە، بەڵام ئامادە نەبووە پیاوێک ببینێت کە بیروبۆچونی فاشیستانەی هەبووە، لەکاتێکدا دەکرا لە رووی ماددیی و سەربازیشەوە سوود لە ئیتالیا وەربگیرێت، بەڵام نەهرۆ لەمەشدا خاوەنی هەڵوێستی سیاسیی و فکری خۆی بووە. ئەمەش یەکێکە لە خاڵە جوانەکانی کەسایەتی نەهرۆ و مەزنی ئەم پیاوەمان بۆ دەردەخات.
کاریگەری فکری مارکسی و لینینی بەسەریەوە
ئەو ساڵانەی کە نەهرۆ تێیدا ژیاوە بەتایبەتی لە کۆتایی سەدەی نۆزدەو سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا، فکری مارکسی و کۆمۆنسیتی لەوپەڕی برەویدا بووە، هەروەک مارکسیش دەڵێت: تارماییەکی گەورە ئاسمانی ئەوروپای گرتۆتەوە کە ئەویش تارمایی کۆمۆنیستە .
لەپاش شۆرسی روسیا و دروستبوونی یەکێتی سۆڤێت، هێندەی تر ئەم فکرەیە برەوی زیاتری پەیدا کرد، بەتایبەتی لەناو نوخبەی رۆشنبیرو خوێندەواری ئاسیاویدا. نەهرۆش ئەم کاریگەرییە گەورەیەی فکری مارکسیی و لینینی ناشارێتەوەو دەڵێت:
- خوێندنەوەو لێکۆڵینەوەکانم لە بارەی فکری مارکسی و لینینییەوە، کاریگەری گەورەی بەسەر بیروهۆشم دا کرد و یارمەتی دام، هەتاوەکو تێڕوانینم بۆ مێژوو و مەسەلە هەنووکەیەکان بە شێوەیەکی روونتر ببینم.
لەبارەی یەکێتی سۆڤێتیشەوە دەڵێت:
سەرکەوتننە گەورەکانی یەکێتی سۆڤێتی ، کاریگەری گەورەی تێکردم.
دەشڵێت :
- شۆڕشی سۆڤێتی بازێکی گەورە بوو لە رێگای پێشکەوتنی کۆمەڵگای مرۆڤایەتی و توانی بنەمایەکی نوێ بۆ شارستانی نوێ دابنێت کە دەکرێت ببێتە ئەزمونێکی باش بۆ هەموو جیهان. ل 31. بەرگی یەکەم
بە گشتی فکری مارکسی لینینی کاریگەری گەورەی بەسەر نەهرۆوە هەبووە، بەتایبەتی لە رووی ئیدارەدانی دەوڵەت و پیشەشازیکردن و باشكردنی رەوشی ژیانی جووتیاران و هەژاران، نەهرۆ سوودی زۆری لەو فکرەیە وەرگرتووە. لێ نابێت بکەوینە ئەو هەڵەیەوە کە بڵێین نەهرۆ کۆمۆنیست بووە، هەروەک زۆرێک لە مێژوونوسە عەرەبەکان تێیکەوتوون. بگرە نەهرۆ زیاتر کەسێکی لیبڕال و دیموکراتخواز و سۆسیالیست بووە، دەتوانم بڵێم زیاتر لە فکری سۆسیال دیموکراتەوە نزیک بووە تاوەکو سۆڤێت. هەرچەندە نەهرۆ لە ساڵانی حوکمیدا، توانی بەهێزترین پەیوەندی لەگەڵ یەکێتی سۆڤێت دابنێت و ئەویش بە باوکی ئەو پەیوەندییە بەتینەی نێوان هیندستان و روسیا دادەنرێت.
کتێبی ئاڤێستا و هیندستان
ئەوەی لەم کتێبەدا جێگەی سەرنجم بوو ، نەهرۆ زۆر هۆگری ئایینی زەردەشتی و شارستانی ئێران بووە، شارەزایی زۆرباشی لەبارەیانەوە هەبووە. سەرنجڕاکێشترین خاڵیش ئەوەیە کە نەهرۆ دەڵێت، وشەی " هیند " یەکەمجار لە کتێبی پیرۆزی ئاڤێستای زەردەشتییەکانەوە هاتووە.
لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- بۆ یەکەمجار لەمێژوودا وشەی " هیندۆ" لە کتێبی پیرۆزی " ئاڤێستا" دا هاتووە.ل94. بەرگی یەکەم
هەر لەناو ئاڤێستادا دەمێنێتەوەو دواتریش باسی رەگەزی وشەیەکی کۆنی تری هیندستان دەکات ئەویش " ڤید یان ڤیدەکان" کە بریتیی لەکتێبی پیرۆز هیندۆسەکان، نەهرۆ باسی راستییەکی نوێ دەکات و دەڵێت:
- سەرچاوەی سەرەکی ڤیدەکان کە کتێبی پیرۆزی هیندۆسەکانە، لە کتێبی ئاڤێستای زەردەشتەوە هاتووەو بەشێکی زۆری فکرەکانی لەو کتێبەوە هاتووە. تەنانەت لە رووی زمانەوانیشەوە لە وشەی " ئاڤێستا" وە نزیکە، بە پێچەوانەی ئەوانەی دەڵێن کە ڤیدەکان بریتییە لە داستانێکی سانسکریتی کۆن. ل 98
دژایەتیکردنی ئایین و بۆچوونی عیلمانی نەهرۆ
نەهرۆ کەسێکی ئاینپەروەر نەبوو، بگرە زیاتر کەسێکی کراوەو عیلمانی بووە، لەهەمانکاتیشدا زۆر رێزی لە ئایننەکان گرتووەو شارەزایی زۆرباشیشی لەبارەی ئاینەکانەوە هەبووە بەتایبەتی " هیندۆسیی و ئیسلام و بودیی و زەردەشتی" ئەمەش بە سوود بۆ حوکمڕانی هیندستان گەڕایەوەو توانی حوکمێکی عیلمانی لەم وڵاتە ڤرە ئایین و مەزهەبەدا دابمەزرێنێت. هەرئەمەش جیاوازیی نێوان پاکستان و هیندستانە، چونکە سەرانی یەکەمی پاکستان،کەسانی توندڕەویی ئایینی بوون، لەبەرئەوەشە پاکستان زیاتر سیمای دەوڵەتێکی ئایینی و مەزهەبی وەرگرت، بەپێچەوانەوە هیندستان توانی ببێتە وڵاتێکی دیموکرات و عیلمانی.
لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- بە بڕوای من ئایین زۆر بە توندی وابەستەیە بە موماراساتی خورافیی و عەقائیدی وشکی دۆگماتیکی ، لەبەرئەوە هیچ کاتێک ئایین چ هیندۆسی یان ئیسلام یان بودی، نەبووە ماددیەکی گرنگ و سەرنج راکێش لەلام. بگرە بە پێچەوانەوە زیاتر هۆگری زانست و کێشەکانی رۆژ بووم و هیچ گرنگیم بە ژیانی دوای مردن و داهاتوو نەدەدا. ل. بەرگی یەکەم. 26
پەیوەندی مێژوو بە ئێستاوە
وەکو پێشتریش ئاماژەم پێکرد، بەشێکی گرنگی ئەم کتێبە وەکو پانۆرامایەکە بەناو مێژووی هەزاران ساڵەی هیندستان. نووسەر گرنگی زۆر بە مێژوو هەروەها پەیوەندی رابردوو بە ئێستاوە دەدات و ئەم بابەتەش بۆتە مایەی گرنگی پێدانی نەهرۆ.
لەمبارەیەوە دەڵێت:
- یەکێک لەو هۆکارنەی کەبووە پاڵنەرێکی بەهێز بۆ نووسینی " چەند لاپەڕەیەک لەمێژووی جیهان" ئەوەبوو، دەمویست ئەو پەیوەندیییە ئاشكرا بکەم، کە رابردوو بە ئێستاوە دەبەستێتەوە. . ل23
پاشانیش دەڵێت:
- گەر رابردوو مەیلی زیاتر بەلای ئێستاوە بێت، ئەوا بەهەمان شێوە ئێستاش زیاتر بەرەو دواوە دەکشێتەوەو دەبێتە بەشێک لە رابردووی دوور ، ئەمەش بەشێوەیەکی جێگیر و نەگۆڕ دەردەکەوێت. ل 23 بەرگی یەکەم.
شارستانی دۆڵی سند و هاتنی خێڵە ئارییەکان بۆ هیندستان
نەهرۆ زۆر شارەزای مێژووی کۆنی وڵاتەکەی بووە، لە کتێبەکەشیدا بەشێكی زۆری بۆ مێژووی کۆنی هیندستان داناوە، بەتایبەتی شارستانی دۆڵی سند و پاشان هاتنی خێڵە ئارییەکان و نیشتەجێبوونیان لە هیندستان.
چۆنێتی دروستبوونی نەتەوەی هیندی
نەهرۆ پێی وایە، نەتەوەی هیندی لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و ئاوێتە بوونی خێڵە ئارییەکان و درافیدیانییەکان دروستبووە ، لەمانەشەوە کۆمەڵێک نەتەوەی هیندی دروستبوون و پاشانیش شارستانی دێرینی هیندیان دروستکردووە. لەپاش هاتنی ئارییەکانیش، نەتەوەکانی تری ناوچەکە چ وەکو هێرشی سەربازی یان وەکو کۆچ ، کۆچیان بۆ هیند کردووە لەوانە " مەغۆلەکان، پارسەکان، عەرەب، تورکەکان جوولەکە و یۆنانییەکان،،. ل 93 بەرگی یەکەم.
ئارییەکان و کتێبە پیرۆزەکانی هیندستان
وەکو نووسەر دەڵێت، هاتنی خێڵە ئارییەکان کاریگەری زۆری بەسەر شارستانی هیندییەکانەوە هەبووە، بەتایبەتی لایەنی ئاینیی، بۆ نموونە کۆنترین و پیرۆزترین کتێبی هیندییەکان کتێبی " فیدەکانە"، بە پێی بۆچوونی هەندێک مێژوونوس بێت، مێژوویان دەگەڕێتەوە بۆ 1500 ساڵ پ.ز . لەمبارەیەوە مێژوونس ماکس مۆلەر پێی وایە: کتێبی فیدەکان بریتییە لە یەکەم وشە، کە ئارییەکان گۆیان کردووە.
نەهرۆ پێشی وایە کە ئەم کتێبە یەکێکە لە دەقە ئەدەبییە کۆنەکانی جیهان و زۆر لە دەقە یۆنانی و کتێبە پیرۆزەکەی جولەکەش کۆنترە . ل98. بەرگی یەکەم.
جێگەی ئاماژەیە کتێبی ڤیدەکان بریتییە لە نزیکەی 800 پەخشانی درێژی ئایینی و ئەم کتێبە بریتییە لە کۆمەڵێک ئامۆژگاری و تقوساتی پیرۆز بەلای هیندییەکانەوە.
سیستەمی کاست و ئارییەکان
پاشان نەهرۆ باسی تایبەتمەندییەکی تری کۆمەڵگەی هیندستانی دەکات کە ئەویش بریتییە لە سیستەمی "کاست". ئەو سیستەمەی کە کۆمەڵگا دەکاتە چەند چین و بەشێک و هەر بەشە و پلە و پایە و کار و ئەرکی کۆمەڵایەتی خۆی جیایە. بە بڕوای نەهرۆش ئەم سیستەمە لەگەڵ هاتنی ئارییەکان بۆ هیندستان پەیدا بووە، چونکە ئارییەکان کاتێک هیندستان داگیر دەکەن،خۆیان بە نەتەوەیەکی پلە باڵا دەزانن لەچاو درافیدییەکان، کە پێشتر لە هیندستان ژیاون، بۆئەوەی خۆیان لەمان و لە هاوڵاتییانی ناو دارستانەکان جیا بکەنەوە، ئەم سیستەمی کاستەیان داناوە، کە زیاتر وەکو خۆ جیاکردنەوەو لووتبەرزییەک وایە بەسەر نەتەوە ژێر دەستەکەی ئارییەکان، بەڵام ئەم سیستەمە لە ساڵانی دواییدا برەوی پێدەدرێت و زیاتر بەناو کۆمەڵگەی هیندیدا دەسەپێت.
جێگەی ئاماژەیە ئاینی هیندۆسی باوەڕی وایە کە کۆمەڵگا لە چوار کاست پێکدێت کە ئەوانیش بریتین لە :
1.کاستی براهمانا، رەنگی سپیان بۆ دانراوەو زیاتر کەسانی زیرەک و خوێندەوار و زانایانی ئایینی دەگرێتەوە. ئەم کاستە یان چینە، بە یەکێک لە کاستە گرنگ و پیرۆزەکانی ناو ئاینی هیندۆسی دادەنرێت و دەبنە بەرزترین چینی کۆمەڵگا.
2. کاستی کشاتریاس، رەنگی سووریان بۆ دانراوە ئەوانیش خەڵکانی جەنگاوەر و ئەرستۆکرات و خاوەن زەویزارەکان دەگرێتەوە.
3. کاستی ڤایشیاس، کە رەنگی زەردییان بۆ دانراوە، کەسانی بازرگان و خاوەن پیشە دەگرێتەوە.
4. کاستی شوداراس، رەنگی رەشیان بۆ دانراوە، زیاتر خەڵكانی خزمەتکار، کرێکار، جووتیار و دەستگێڕ دەگرێتەوە. ئەم چینە هەژارترین چینی کۆمەڵگە دەگرێتەوە، لەکاتێکیشدا زۆرترین هاوڵاتیان لە خۆدەگرێت و رێزیان لەناو کۆمەڵگەدا نییە. جێگەی ئاماژەیە لەناو زمانی کوردیدا زۆرجار وشەی " ڕەشو رووت" بۆ چیەن هەژارەکان بەکاردێت.
فکر و فەلسەفەی هیندی
بەداخەوە من درەنگ هەستم بە گەورەیی و دێرینی شارستانی هیندی کرد، ئێمە بەگشتی لە کوردستاندا زانیاریی و شارەزایی کەممان لەبارەی هیندستان و شارستانییە مەزنەکەی هەیە، لەکاتێکدا هیندستان زۆر لە پێش شارستانی یۆنانی و رۆمی بووەو داهێنانی گەورەی لەبواری هونەر و فکردا کردووە. نووسەر کارێکی زۆر باشیکردووە کە بەشێوەیەکی باش، باسی شارستانی هیندی کردووەو داهێنانە فکریی هونەرییەکانی دەرخستووە. بۆ نموونە من لێرە زانیم کەهیندیییەکان بە چوار سەدە پێش زایین کاریان لەسەر فکری ماتریاڵیزم کردووە بەتایبەتی لە کتێبی " کاوتیلیا" ، کە لە سەدەی چواری پ.ز نووسراوە.
لەم کتێبەدا هێرشی توند دەکرێتە سەر دەسەڵاتی سیاسی و ئایینیش ، هەروەها بەتوندی دژی فکری ئایین و لاهوتی دەوەستنەوەو دژایەتی پیاوانی ئایینی و ڤیدەکان دەکات، هەروەها هێرشی توند دەکاتە سەر هەموو جۆرە کارێکی سیحر و جادووگەری . هەموو ئەمانەش گوزارشت لە کرۆکی فکری ماتریالیزم دەکەن.
هەروەها هیندییەکان زۆر لە پێش نەتەوەکانی ترەوە، زانستی فەلەکناسییان زانییوەو کاریان پێکردووە. لەرووی زانستی پزیشکیشەوە بۆ نموونە "دهانوانتاری" زانایەکی ناسراوی هیندی بوو، کتێبیکی لەبارەی زانستی پزیشیکەوە هەبووە، هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن، کە بە سەدەیک پێش زاین، کۆنترین کتێبی پزیشكی لە هیندستان نووسراوە، لەو کاتەدا حەکیمێکی ناسراوی هیندی هەبوە بەناوی "تشاراک" کە دکتۆری تایبەتی مەلیکی هیندستان بووە. هیندییەکان یەکەم کەس بوون کە باسیان لە جۆری نەخۆشییەکان، تیمارکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان کردووە.
لە رووی زانستی ماتماتیکیشەوە ئەوە هیندییەکان بوون کە ژمارە سفر و دواتریش دە ژمارەی یەکەمیان داهێنا، کە پاشتر تەواوی مرۆڤایەتی سوودی لێوەرگرت. هەروەها هەر ئەوانیش بوون کە نیشانەی " کۆکردن، لێدەکردن" یان داهێناوە، جگەلەوەش پیتی ئەبجەدییان لە هاوکێشە حسابییەکان بەکارهێناوە.
بەگشتی دەتوانین بڵێین هیندییەکان لە رووی فکرییی و زانستییەوە، خزمەتی گەورەی مرۆڤایەتییان کردووە، نەهرۆش لەم کتێبە زۆر بەجوانی باسی داهێنانە گەورەکانی هیند دەکات بەتایبەتی لە لاپەڕەکانی 150/ 160 بەرگی یەکەم.
زمانی سانسکریتیش یەکێکی ترە لەداهێنانە مەزنەکانی هیندستان، وەکو پرۆڤیسۆرێکی روسیش دەڵێت: زمانی سانسکریتی، مەزنترین داهێنانی مرۆڤایەتییە. جێگەی ئاماژەیە مێژووی ئەم زمانە دەگەرڕتەوە بۆ حەوت سەدە پ.ز کتێبی پیرۆزی ڤیدەکان بەم زمانە نووسراوە. لە ئێستاشدا زمانی دووەمە لە هیندستان و دەبێت هەموو پیاوە ئاینییەکانی هیندۆسی ، خۆیان فێری ئەم زمانە بکەن.
خاڵێکی تر کە بووە مایەی سەرنجم مەسەلەی شانۆ بوو، من هەتا ئەم کتێبەم نەخوێندبوویەوە وامدەزانی کە کۆنترین دەقی شانۆیی و کاری شانۆیی لە یۆنانی کۆن بووە، لێ نەهرۆ لەم کتێبەیدا باسی مێژووی شانۆ لە هیندستان دەکات، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی پێش زایین. لێرەشدا ناوی کۆمەڵێک شانۆنووسی هیندی هێناوە لەوانە : بەهاسا کە سەدەی سێی پێش زایین شانۆی بەزمانی سانسکریتی نووسیوە، هەروەها سیانزە دەقیی شانۆییش کە لە نووسینی "ئاشفاگوسا" نە، کە لەسەرەتای سەدەی سێی زایننیەوە ژیاوە، جگە لەکۆمەڵێک ناوی تر.
شەش بنەماکەی فکر و فەلسەفەی هیندی
تەوەرێکی گرنگی تری ئەم کتێبە، گرنگیدانە بە فکرو فەلسەفەی هیندی، کە ئەویش لەسەر شەش بنەمای سەرەکی دارێژراوە، کە بریتین لە:
1. نیایا.
2. فایشاسیکا.
3. سامخیا
4.یوگا
5. میمامسا
6.فیداتنا
ئەمانە بنەمای سەرەکی فکر و فەلسەفەی هیندی پێکدەهێنن. نەهرۆ لەم کتێبەیدا ئەم شەش بنەما سەرەکییەی فکری هیندی، بەجوانی شیکردۆتەوە.
هیندستان و چین
شارستانییەکی کۆنتر لە هیند، شارستانی چینە. لەهەمانکاتیشدا دراوسێیەکی کۆنی هیندستانە . پەیوەندی نێوان ئەم دوو شارستانییەش، یەکێکە لە کۆنترین پەیوەندی نێوان دەوڵەتان. لە قۆناغە جیاکانی مێژوودا، هەردوولا کاریگەری گەورەیان لەسەر یەکتری کردووە، بەتایبەتی هیندستان ، زۆر کاریگەری بەسەر چینەوە هەبووە بەتایبەتی لەڕووی ئایینی و فکریی و هونەرییەوە.
نەهرۆش ئەم پەیوەندییە زۆر بە بەرزی دەنرخێنێت لەم کتێبەیدا زۆر وەسفی چینییەکان و پەیوەندییان لەگەڵ هیندستان دەکات. لەمبارەیەوە دەڵێت:
- لە مێژووی هەزاران ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتدا ، کاریگەریی و تێکەڵاوییەکی زۆر لەنێوان چین و هیندستان هەبووە. هەریەکەیان لەوەی ترەوە شتێک فێربووە، نەک تەنها لە بواری فکر و فەلسەفەدا، بەڵکە لە بواری هونەری ژیان و زانستیشدا.
پاشانیش دەڵێت:
- راستە هەمیشە چین زیاتری لە هیندستان وەرگرتووە، لێ هەمووکاتێک چین بەهێزبووەو باوەڕی تەواوی بەخۆی هەبووە، هەرئەمەش وایکردووە ئەوەی کە وەریدەگرێت، بتوانێت لەگەڵ کۆمەڵگەکەی خۆی بیگونجێنێت و بیکات بەهی خۆی. بۆنموونە جگە لە ئاینی بودی، کە لە هیندستانەوە چووە بۆ چین، بەشێكی زۆری رێنمایی و بنەماکانی فکری کۆنفۆشیۆس و لاوتسیش، لە بودییەوە وەرگیراوە. ل266
بەگشتی نەهرۆ لەم کتێبەیدا بۆچوونێکی باشی لەبارەی چین و شارستانییەکەیان هەیە، هەرچەندە دواتر کە هاتە سەر حوکم بۆچوونی گۆڕاو پەلاماری چینی دا.
سەیر لەوەدایە لە مێژووی هەزاران ساڵەی نێوان هەردوو وڵاتدا، هیچ کاتێک مەلیکێک یان میرێکی هیندی پەلاماری چینی نەداوە، بەهەمان شێوەش چینیش هیچ کاتێک پەلاماری هیندی نەداوە. پارادۆکس لەوەدایە تاکە جار کە هەردوو وڵات پەلاماری یەکتریان داوە ساڵی 1962 ، واتە لەسەردەمی حکومڕانی نەهرۆدا.
هیندستان و ئێران
لە پاش چین کۆنترین شارستانی و دەوڵەت کە پەیوەندی لەگەڵ هیندستان هەبووە، ئێران بووە. لەمبارەیەشەوە نەهرۆ بەشێکی لە کتێبەکەی بۆ قسەکردن لە بارەی ئەم پەیوەندییە تەرخانکردووە. لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- یەکێک لەو گەل و شارستانییە زۆرانەی کە پەیوەندییان لەگەڵ هیندستان هەبووە ئێران بووە، هەردووکیان کاریگەریان بەسەر یەکەوە هەبووە، هەرچەندە ئێران کۆنتر بووەو هەمیشە پەیوەندییەکی زۆر بەهێز هەردوو شارستانی " هیند – ئاری" بەیەکەوە بەستۆتەوە. جگە لەوەی کە لە رووی رەگەزییەوە لەیەکتریەوە نزیک بوون، لە رووی ئاینیشەوە ئایینی زەردەشتی کۆن، کاریگەری زۆری بەسەر هیندۆسییەوە هەبووە، هەروەها زمانی پەهلەوەی کۆن کە کتێبی پیرۆزی ئاڤێستای پێ نووسراوە، زۆر لە زمانی سانسکریتی، نزیک بووە.
نەهرۆ لە وەسف و ستایشكردنی ئێران بەردەوام دەبێت و دەڵێت:
- ئێرانیش وەکو هیندستان بەهێز بووە، بەهێزبووە بە بنەما و کۆڵەکە کولتووریە دەوڵەمەندەکەیەوە، هەروەها توانیویەتی کاریگەری بکات بەسەر ئەوانەشی کە داگیریان کردووە، بۆنموونە عەرەب لە سەدەی حەوتی میلادیدا ئێران داگیر دەکەن، بەڵام بەهۆی بەهێزی شارستانیی و کولتووری ئێرانییەوە، کاریگەری گەورە دەکاتە سەر عەرەبە داگیرکەرەکان و کولتووری ئێران زاڵ دەبێت بەسەریاندا و وازیش لە نەریتی ژیانی ئاساییی سەحراوی خۆیان دەهێنن.
لەبارەی زمانی فارسیشەوە دەڵێت:
- هەز وەکو چۆن زمانی فەرەنسی بۆماوەیەکی زۆر زمانی مەدەنی و نوخبەی رۆشنبیری ئەوروپا بووە، زمانی فارسیش تاماوەیەکی زۆر ، لە بەشێکی زۆری کیشوەری ئاسیا،زمانی شارستانی و رۆشنبیری بووە. تەنانەت زمانی فارسی، زمانی کۆشکی مەلیکەکانی هیندستان بووە بەتایبەتی لەسەردەمی داگیرکاری ئەفغانی و مەغۆلی . ل 193 . بەرگی یەکەم.
بەگشتیش هەستم کرد، نەهرۆ زۆر هەواداری ئێرانە و هەمیشە لەم کتێبەیدا وەسفیان دەکات، جێگەی ئاماژەیە ئەندێرای کچی نەهرۆش شووی بە پیاوێکی ئێرانی کرد، کە نازناوی گاندی بوو، هەرچەندە زۆرکەس لە کوردستانیش کاتێک باسی ئەندێرا گاندی و کوڕەکانی دەکەن، وادەزانن کە ئەندێرا کچی گاندی بووە.
هیندستان و یۆنان
بە پێچەوانەی ئێران و چینەوە، دەتوانم بڵێم تاڕادەیەک نەهرۆ لە بەرامبەر شارستانی یۆنانی، بۆچوونی زۆر باش نەبووە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە زۆرێک لە بیرمەند و مێژوونوسە ئەوروپییەکان یۆنان وەکو سەرچاوەی هەموو داهێنانە فکری و هونەری و زانستییەکان دادەنێن.
لەسەرەتادا نەهرۆ دەڵێت:
- یۆنانی کۆن سەرچاوەی شارستانی ئەوروپاییە ، هەرچەندە زۆر شت لە بارەی جیاوازی ریشەیی نیوان رۆژهەڵات و رۆژئاوا نووسراوە ، لێ من لەم قسانە تێناگەم و تاڕادەیەکیش بەلامەوە قسەوباسێکی نارۆشن و نا زانستییە.
نەهرۆ پێی وایە کە شارستانییەکان کاریگەری دەکەن بەسەر یەکترییەوەو شت لەیەکتری وەردەگرن. راستە شارستانی یۆنانی کۆن، بەهێز بووە، بەڵام ئەویش زۆر شتی لە شارستانی رۆژهەڵاتی وەرگرتووە. لەمبارەیەشەوە پشت بە بۆچوونی مێژوونوس " ئا. ئار. دودز و دەبەستێت کاتێک دەڵێت:
- شارستانی یۆنانی کۆن، رەگو ریشەییەکی رۆژهەڵاتی هەبووەو هیچ کاتێکیش لێی جیانەبۆتەوە، ئەمە تەنها لە عەقڵیەتی لێکۆلەوەرە کلاسییەکان جیاکراوەتەوە. ل 199. بەرگی یەکەم.
لە لایەکی تریشەوە پشت بە بۆچوونی پرۆفیسۆرێکی تری مێژوو دەبەستێت کە ئەویش پرۆفیسۆر "ئاچ جی راولنسۆن" لەبارەی کاریگەری شارستانی هیندیەوە بەسەر یۆنانی کۆنەوە دەڵێت:
- تەواو بۆچوون و تێڕوانییەن ئایینی و فەلسەفیی و ماتماتیکییەکانی ڤیساگۆرسی یۆنانی، لە سەدەی شەشی پ.ز . لە هیندستان هەبووە. ل 206 . بەرگی یەکەم.
لەبارەی پلاتۆنیشەوە هەر ئەو پرۆفیسۆرە دەڵێت:
- کۆمارەکەی پلاتۆنیش لە فکری هیندییەوە هاتووە.
بە پێچەوانەی بۆچوونی زۆربەی مێژوونوس و لێکۆلەوەرە ئەوروپییەکانەوە، نەهرۆ پێی وایە کە شارستانی یۆنانی کۆن لە هیندستانەوە نزیکترە تاوەکو ئەوروپا. لەمبارەیەوە دەڵێت:
- هیچ پەیوەندییەکی ریشەیی لە نێوان شارستانی یۆنانی کۆن و شارستانی ئەوروپی و ئەمریکی نوێدا نییە.
پاشانیش دەلێت:
- هیندستان زۆر لە رۆح و تێڕوانینی شارستانی یۆنانی کۆنەوە نزیکتر بووە تاوەکو نەتەوە ئەوروپییەکانی ئەمڕۆ. ل 201 بەرگی یەکەم.
بە درێژی باسی ئەو پەیوەندییە دەکات و بۆچوون و تێڕوانینەکانی خۆی لەبارەی ئەم پرسەوە دەخاتە روو. هەروەها لە رووی هونەری و فکری و ئەخلاقیشەوە، کاریگەرییەکانی شارستانی هیندستانی بەسەر شارستانی یۆنانی کۆن دەردەخات.
هیندستان و عەرەب
نەهرۆ بەشێکی لەم کتێبەی داناوە بۆ پەیوەندی نێوان عەرەب و هیندستان، بە پێچەوانەی ئێرانەوە ، هێندە وەسف و ستایشی عەرەبی نەکردووە. تەنها باس لە کاریگەری هیندی بەسەر عەرەبەکانەوە دەکات. لەبارەی مێژووی ئەم پەیوەندییەشەوە دەڵێت:
- ئیسلام لەپاش شەش سەد ساڵ لەسەرهەڵدانی ئینجا هاتە هیند، ئەویش لەرێگەی فتوحاتی ئیسلامییەوە بووە، هەتاوەکو ماوەیەکی زۆریش ئیسلام نەیتوانییەوە کاریگەری بکاتە سەر کۆمەڵگەی هیندی، پاشانیش بەهاتنی ئیسلام بۆ هیندستان، کۆمەڵێک کێشەی نوێی بۆ هێناین. ل307. بەرگی یەکەم.
ئەو زیاتر هاتنی عەرەب بۆ هیندستان و ئاینەکەی، بە کێشە بۆ وڵاتەکەی دادەنێت، کە هەتاوەکو ئەمڕۆش پێوەی دەناڵێنێت.
نەهرۆ وەکو مێژوونوسێک هەوڵیداوە کاریگەری شارستانی هیندی بەسەر عەرەبەوە دەربخات، بەتایبەتی لە رووی " هونەریی، زانستی ، فکری و بازرگانیەوە". هەر لەمبارەیەوە دەڵێت:
- لەسەدەی هەشتدا بەتایبەتی لە کاتی حکومرانی خەلیفە مەنسور " 753-774" ، کۆمەڵێک زانای لە بەغداوە ناردووە بۆ هیندستان، لەکاتی گەڕانەوەیاندا کۆمەڵێک کتێبی تایبەت بە زانستی ماتماتیک و فەلەکناسی تێدابووە. هەرلێرەشەوە ژمارەی هیندییەکان گەیشتە عەرەب و لە رێگەی ئەوانیشەوە گەیشتە ئەوروپا. لە رێگەی وەرگێرانی ئەو کتێبانەوە، عەرەبەکان سوودی زۆریان لە شارستانی هیندی وەرگرت، بۆ نموونە پێشتر لە زمانی عەرەبیدا بە زانستی ژمارەکان دەوترا " هندسه" کە مانای ئەوە دەگەیەنێت کە لە هیندەوە هاتووە. جێگەی ئاماژەیە لەئێستاشدا لە زمانی عەرەبیدا ، بە زانستی ئەندازیاری دەووترێت "هندسه" ناودەبرێت ل295. بەرگی یەکەم.
تورک و مەغۆل
خاڵێکی تر کە مایەی گرنگیدان بوو ئەوەیە نەهرۆ زۆر بە جوانی وەسفی هاتن و هێرشی خێڵە وەحشییەکانی تورک بۆ هیندستان دەکات، بەتایبەتی سەردەمی تەیمورلەنک کە کارەساتی گەورەی مرۆیی خوڵقاندووە. لەمبارەیەوە باسی ئەو هێرشە دەکات و دەڵێت:
- لە کۆتاییی سەدەی چواردەدا تەیمور لەنکی تورکی/ مەغۆلی پەلاماری هیندستانی دا و لە باکوورەوە هاتە دەلهی، لە هیندستان تەنها چەند مانگێک مایەوە دوایی بەجێیهێشت، ئەمەش بە سوود بۆ گەلانی هیندستان گەڕایەوە، چونکە لەشکرێکی زۆر وەحشی بوون، لەکاتی پەلاماردانی دەلهیدا، هێندەی ئەهرامەکانی میسر، کەللە سەری خەڵکی بەرزبۆتەوە لە ئەنجامی چەتەگەری تەیمورلەنک و لەشکرە وەحشیەکەی، دەلهیش بووە شاری مردوان. خۆشبەختانە زۆر دوورتر نەڕۆیشت، تەنها چەند شوێنێکی نزیک دەلهی و بنجاب، رووبەروی کارەسات و ماڵوێرانیی بوونەوە. ل 325. بەرگی یەکەم.
شارستانی هیندی ژیان دۆستی بووە
زۆرجار دەگووترێت یان رەخنە لە شارستانی هیندی دەگیرێت، کە زیاتر سیمایەکی سیحریی و جادووگەری بەسەریدا زاڵە، یان دەگووترێت زۆر کەم سیمای ژیان دۆستی پێوە دیارە. لێ ئەمە راست نییە، چونکە شارستانی هیندی لەبواری زانست و هونەر و پیشەشازیدا ، داهێنانێکی گەورەی پێشکەشی مرۆڤایەتی کردووە.
لەمبارەیەشەوە نەهرۆ دەڵێت:
- هەندێک کەس پێیان وایە کە فکر و فەرهەنگی هیندی زیاتر مەیلی بەلای پڕەنسیپی دژایەتیکردنی ژیانەوە هەیە نەک ژیاندۆستییەوە. هەرچەندە من پێم وایە پرەنسیپی رەتکردنەوەی ژیان، لەناو هەموو ئایین و شارستانییە کۆنەکاندا هەیە. ل 106 . بەرگی یەکەم.
بۆچی ئەوروپا پێشکەوت و ئاسیاش دواکەوت؟
ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی کە نەهرۆ خۆی پێوە خەریککردووە، پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە بڵێم، نەهرۆ کەسێکی تەواو رۆژهەڵاتییە و دژی هەژموونگەرایی رۆژئاواییە، لێ بەچاوی رێزەوە نەک بە چاوی ڕقەوە سەیری پێشکەوتنی ئەوروپا دەکات، دەیەوێت سوود لە ئەزموونی ئەوانیش وەربگرێت. وابزانم لەمەشدا نەهرۆ وەکو سەرۆکی وڵاتێک، توانی سەرکەوتووبێت و هیندستانیش لەرێگەی ئەم تیۆرییەی نەهرۆ وە پێشکەوت.
نەهرۆ لەبارەی هۆکاری ئەم دواکەتنەی ئاسیا و پێشکەوتنی ئەوروپا، فەسڵێکی تایبەتی بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە تەرخانکردووە، لەمبارەیەوە دەڵێت:
- ئاسیا لەناو خەوێکی قووڵدا غەرق بووبو، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە لە سەدەکانی پێشوودا هەرچی هێز و توانای هەبووە بەکاریهێناوە، لە سەدەکانی پێشوودا ئەوروپا لە هەموو بوارەکانی ژیاندا زۆر دواکەوتووبو،،، لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەدا زۆربەی رۆشنبیر و خوێنەوارەکانی بەریتانیا ئەو فکرەیان رەت دەکردەوە کە زەوی بە دەوری خۆردا بسووڕێتەوە.
بەڵام چۆن ئەوروپا لەم خەوەی راپەڕیی و پێشی ئاسیای دایەوە، لەمباریەوە نووسەر دەڵێت:
- سەردەمی رێنانساز، توانی عەقڵیەتی ئەوروپا رزگار بکات و لە هەموو کۆت و بەندەکانی پێشوو ئازادی بکات و هەموو ئەو پتانەش بشکێنێت، کە دەبوونە هۆی کۆیلەکردنی . ل 359 . بەرگی یەکەم.
نەهرۆ پێی وایە تاکە رێگا بۆ رزگاربونی ئاسیا لەم دواکەوتنەی، پێڕەوکردنی میتۆدی زانستییە لەژیاندا، هەر تەنها لەرێگەی پێشكەوتنی میتۆدی زانستیشەوە ، دووبارە ئاسیا دەتوانێت پێشی ئەوروپا بکەوێتەوە.
چۆن بەریتانیا هیندستانی داگیر کرد؟
ئەمە یەکێکە لەو پرسیارە گرنگانەی کە من و زۆرکەسی تر کە چاودێری رەوشی هیندستان دەکەین پێوەی خەریکین، لە کاتێکدا ژمارەی دانیشتوانی هیندستان دە جار لە ژمارەی دانیشتوانی بەریتانیا زۆرتر بووە، کەچی توانیان بۆ ماوەی سێ سەدە ئەم وڵاتە مەزنە داگیر بکەن. نەهرۆ لەم کتێبەیدا زۆر بە جوانی و زانستییانە هەوڵیداوە وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە.
ئەوەش بە بۆچوونی نەهرۆ دەگەڕێتەوە بۆ چەند هۆکارێ:
1/ پشتگوێخستن و گرنگی نەدان بە پیلانەکانی ئینگلیز
نەهرۆ دەڵێت: کاتێک ساڵی 1615 سیر تۆماس رۆ باڵیۆزی بەریتانیا هاتە نیودەلهی، توانی لەکارەکەیدا سەرکەوتووبێت و رێگەی پێدرا کە لە هیندستان کارگە دابمەزرێنێت . هەروەها لەساڵی 1639 رێگەی پێدرا قووتابخانەیەکی ئینگلیزیش دابمەزرێنێت. بۆ ماوەی زیاتر لە سەد ساڵ ، هیچ کەسێک لە هیندستان گرنگی بە بەریتانییەکان نەدا. ل 370 بەرگی یەکەم.
2/ بێ توانایی هیند و بەهێزبوونی بەریتانیا
خاڵێکی گرنگی تر بەلای نەهرۆوە ئەوەیە، کە هیندییەکان بێ توانا بوون لەوکاتەدا، لەبەرامبەردا ئینگلیزەکان خاوەنی سیستەمێکی پێشکەوتووی سیاسیی و کۆمەڵایەتی بوون.
3/ خاڵێکی تر پەیوەندی بە ئاگانەبوونی هیندییەکانە کە چی لە جیهاندا دەگووزەرێت و بێ تواناییان لە خۆگونجاندن لەگەڵ رەوشی گشتی جیهاندا. لەبەرامبەردا بەریتانییەکان، زۆر ئاگاداری رەوشی جیهان بوون، ئەوان رووبەروی هەڵمەتە سەربازییەکانی ناپلیۆن بوونەوە، ئاگاداری شٶرشی فەرەنساو ئەمریکا بوون. بەپێچەوانەی هیندییەکان زۆر ئاگاداری رەوشی سیاسی و ئابووری جیهان بوون.
4/ خاڵێکی گرنگی تر پەیوەندی بە حاکم و میر و پادشاکانی هیندەوە هەیە، وەکو نەهرۆ دەڵێت: مێشكیان زۆر بچووک بوەو رۆشنبیری زۆریان نەبووەو هەر خەریکی شەڕی دەسەڵات بوون، ئەمەش بە بەرژەوەندی ئینگلیزەکان شكاوەتەوەو بە زەرەریش بۆ گەلانی هیندستان ل386 بەرگی یەکەم.
جگە لە چەند هۆکارێکی تر کە نووسەر لە کتێبەکەیدا بەدرێژی باسی لێوەکردوون.
جیاوازی داگیرکاری بەریتانیا لەگەڵ مەغولی وئەفغانی
نەهرۆ زۆر لە مێژووی وڵاتەکەی شارەزاییە، هەرئەمەش وایکردوە بتوانێت شرۆڤەکاری باش بۆ رەوشی ئەوکاتی هیندستان بکات. دیارە هیندستان لە مێژوویدا کۆمەڵێک نەتەوەو خێڵ داگیریان کردووە، لێ داگیرکاری بەریتانیا، لەوانی تر زۆر جیاواز بووە. نەهرۆش دەرک بەم جیاوازییە دەکات و دەڵێت:
- هێزە داگیرکاریییەکانی پێشوو لەوانە: خێڵە ئارییەکان، مەغۆلەکان، ئەفغانەکان، راستە هیندستانیان داگیر کرد، لێ پاشان ئەوان لەناو بۆتەی هیندیدا توانەوەو بوونە بەشێک لە کۆمەڵگەی هیندی، لێ بەریتانیا هیچ کاتێک نەیتوانی ببێتە بەشێک لە کۆمەڵگەی هیندی، بگرە هەمیشە وەکو شتێکی بێگانە و نامۆ، لەلایەن خەڵکییەوە سەیر دەکران.
-
سیاسەتی بەریتانیا لە هیندستان
نەهرۆ وەکو هیندییەک کە تاڵاویی دەستی داگیرکەربووەو زۆر لە نزیکیشەوە ئاگاداری رەوشی گەلەکەی بووە، لەهەمانکاتیشدا وەکو نووسەر و مێژوونوسێکیش ، بە ووردی چاودێری سیاسەتەکانی ئینگلیزی لە هیندستان کردووە. لێرەدا کورتەیەکی دەخەینە ڕوو.
هەژاری و و تاڵانکردنی
یەکێک لەسیما قێزەون و ناشیرینەکانی کۆڵۆنیای بەریتانی ، هێنانی هەژاری و نەداری بوو بۆ ئەو وڵاتانەی کە داگیری دەکردن ، جگە لە تاڵانکردنی سەرەوت و سامانی ئەو وڵاتانەش، کە هیندستان گەورەترین پشكی بەرکەوتووە.
لەمباریەوە نەهرۆ لە بەشێکی کتێبەکەیدا باسی لە هەژاری و تاڵانکردنی هەرێمی بەنگال دەکات کە دواجار وڵاتی بەنگلادیشی لێ دروست بوو دەکات. دیارە هەرێمی بەنگال و رۆژهەڵاتی هیندستان یەکەمین شوێن بووە کە کۆڵۆنیای بەریتانیای لێبووە. لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- ئەو شوێنانەی کە زۆرترین ماوەی کۆڵۆنیای بەریتانیای لێبووە ، هەژارترین ناوچەی هیندستانن.
پاشان دەشڵێت:
- هەرێمی بەنگال پێش ئەوەی بەریتانیا داگیری بکات ، دەوڵەمەندترین ناوچەی هیندستان بووە، بەڵام ئەم هەرێمە بە تەواوەتی تاڵانکرا، لە رێگەی تاڵانکردنی هەرێمی بەنگالیشەوە، شۆڕشی پیشەشازی لە بەریتانیا روویدا. ل 16. بەرگی دووەم
ئەمەش ئەو هەقیقەتە مێژوویەمان بۆ دەردەخات کە تا چەندە داگیرکاری رۆڵی گرنگی هەبوو لەوەی کە شۆرشی پیشەشازی لە بەریتانیا روویدا.
بڵاوکردنەوەی برسێتی
بڵاوکردنەوەی برسێتیش سیاسەتێکی تری بەریتانیا بوو لە هیندستان، لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- ساڵی 1770 گەورەترین برسێتی رووی لە هیندستان کرد، ئەمەش لە ئەنجامی سیاسەتی دزین و تاڵانکردنی سەروت و سامانی هیندستان لەلایەن بەریتانیاوە بوو، لە ئەنجامی ئەم برسێتیەش، سێ یەکی دانیشتوانی هەرێمی بەنگال و بیهار لەبرساندا مردوون. ل.18 بەرگی دووەم
هەروەک مێژوونوسی ئەمریکیش بروک ئامدز دەڵێت:
- زۆربوونی سامانی دزراوی هیندستان کە دەگەیشتە بەریتانیا، نەک سەروت و سامانی بەریتانیای زۆرتر کرد، بەڵکە بووە هۆی خێرابوونی جووڵەی سامان و لەئەنجامیشدا شۆڕشی پیشەشای روویدا. لە کاتێکدا زۆرێک لە مێژوونوسان باس لە ساڵی 1770 دەکەن و وەکو سەرەتای شۆڕشی پیشەشازی دادەنێن. هەر لەو ساڵەشدا، هیندستان رووبەروی گەورەترین کارەساتی برسێتی دەبێتەوە. ئەمە لەکاتێکدا پێش هاتنی بەریتانییەکان، برسێتی لە هیندستان نەبووە. ل 18. بەرگی دووەم
بڵاوکردنەوەی گەندەڵی و بەرتیلخواردن و توندوتیژی
نەهرۆ باسی سیاسەتێکی تری گرنگی بەریتانیا دەکات لە هیندستان و دەڵێت:
- هەموو شێوەکانی گەندەڵیی و ریسوایی و بەرتیلخواردن و توندوتیژی و زاڵبوونی دەسەڵاتی پارە بەسەر کۆمەڵگەدا، سیمای سەرەکی ساڵانی یەکەمی حوکمی کۆڵۆنیای بەریتانیا بووە لە هیندستان، بەشێوەیەک بووە کە هەموو سنوورەکانی مۆڕاڵ و ئاوەزی مرۆڤی بڕیوە. ل 17
کاستی بەرپرسانی ئینگلیز و جاش و خۆفرۆشان
لەلایەکی ترەوە نەهرۆ باسی لایەنێکی کۆمەڵایەتی دەکات، کە ئەویش دورستکردنی کاستێکی نوێیە لە کۆمەڵگەی هیندستان لەپاش داگیرکردنی ئینگلیز،
لەمباریەوە دەڵێت:
- لە هیندستان، ئینگلیزەکان بەتایبەتی کارمەندانی ئیداری و سەربازی و سیاسی، کاستێکی نوێیان بۆ خۆیان دروستکردبوو کە خۆیان لە خەڵکی هیندی جیاکردبوویەوە. لە لایەکی تریشەوە ئەو کەسانەشی کە هاوکارییان دەکردن " مەبەستی جاش و خۆفرۆشەکانە" ئەوانیش لە کۆمەڵگە جیابوونەوە دەتوانین بڵێین کاستێکی نوێی کۆمەڵایەتی لە هیندستان دروستبوو کە بریتی بوو لە بەریتانییەکان و کاستی بەکرێگیراوانی، ل 15 بەرگی دووەم .
دەشڵێت:
- جیهانی بەرپرسە بەریتانییەکان و ملیۆنان هیندی، دوو جیهانی تەواو جیاواز بوو، هیج شتێک بە یەکیەوە نەیدەبەستنەوە، تەنها ڕق و کینە نەبێت بەرامبەر بە یەکتری . ل 25. بەرگی دووەم .
لە ناوبردنی کەرتی ئابووری و پیشەشازی هیندستان
سیاسەتێکی نەگریسی تری بەریتانیا لە هیندستان، لەناوبردنی ئابووری نیشتمانی و کەرتی پیشەشازی هیندیی بووە. لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- بەریتانیا لە رێگەی کۆمەڵێک رێوشوێنەوە توانی پیشەشازی هیندی لاواز بکات و پاشانیش لەناوی بەرێت، ئەوەش لە رێگەی سەپاندنی باج و گوومرگی زۆر بەسەر کاڵا پیشەشازییەکان و رێگەخۆشكردنی بۆ هاوردەکردنی کاڵای بەریتانی. بەریتانیا رێگەی نەدەدا ئامێر و کارگەی پیشەشازی بێتە هیندستانەوە، بەریتانیا توانی رێگە لە پێشکەوتنی ئابووری هیندی بگرێت و نەشهێڵێت چیتر کەرتی پیشەشازی پێشبکەوێت. ل 19 . بەرگی دووەم .
بە گوندنشینکردنی هیندستان
سیاسەتی نەگریسی بەریتانیا تەنها لایەنی ئابووری و سیاسیی نەگرتەوە، بگرە لایەنی مەدەنییەتیشی گرتۆتەوە. لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- هیندستان لەسایەی حکومی بەریتانیادا رووبەروی پرۆسەیەکی ترسناک بوویەوە ئەویش پرۆسەی بە گوندنیشین کردنی هیندستان بوو. لە ماوەی سەدەی پێشوودا بەشێوەیەکی سیستماتیکی خەڵکی هیندستان لە شارنشینییەوە، چوون بۆ گوندنشینی. لەمەشدا ئامارەکان یارمەتیمان دەدەن. بۆنموونە لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەدا تەنها 55% ی خەڵکی هیندستان خەریکی کاری کشتووکاڵی بوون، بەڵام ئێستا رێژەکە بۆ 74% ی بەرز بۆتەوە، ئەمەش بەهۆی لەناوبردنی کەرتی پیشەشازیی و بازرگانی هیندستان بوو لەلایەن بەریتانیاوە .
هیندستان کێڵگەیەکی باشی کۆمپانیای هیندی رۆژهەڵات
لەبارەی تێڕوانینی ئینگلیزەکان بۆ هیندستان و گەلەکەی، نەهرۆ دەڵێت:
- زۆربەی ئەو بەرپرسە ئیداریی و خاوەن موڵکە بەریتانییانەی کە حوکمی هیندستانیان دەکرد ، پێیان وابوو، هیندستان بریتییە لە کێڵگەیەکی گەورە کە خاوەنەکەی کۆمپانیای هیندی رۆژهەڵاتییە، هەربۆیە بە مافێکی سروشتی خۆیانیان دەزانی، کە ئەم کێڵگەیە سەوداو مامەڵەی فرۆشتن و کڕینی پێوە بکەن. ل 9 . بەرگی دووەم
سروشتی کەسایەتی گەلانی داگیرکراو
نەهرۆ وەکو مامۆستایەکی بەرەنگاری کۆڵۆنیالیزم و کەسێکی بە ئەزموون، باسی رەوشی گشتی ئەو گەلانە دەکات، کە وڵاتەکەیان لە لایەن داگیرکەرانەوە داگیر دەکرێت، کە ئەمەش کاریگەری دەکاتە سەر هەموو بوارەکانی ژیان.
لەمباریەوە دەڵێت:
- کاتێک گەلێک بۆماوەیەکی زۆری زەمەنی ئازادیییەکانی لێ زەوت دەکرێت، کۆمەڵێک نەهامەتی زۆری بۆ دێت، لە هەمووشییان خراپتر ئەوەیە پەیوەستە بەلایەنی رۆحییەوە، خراپترین کاریگەرییش ئەوەیە، کە ئەو گەلە هەموو وورەیەکی لە دەست دەدات و لەلایەنی روحیشەوە، تووشی نەزیف دەبێت. ل 24. بەرگی دووەم.
ئەم قسەیەی زۆر بەلامەوە گرنگ بوو، چونکە ئەم حاڵەتە، هەندێک کەسانی گەلی ئێمەش دەگرێتەوە.
ترس
حاڵەتێکی گرنگی تر کە نەهرۆ باسی لێوە دەکات، زاڵبوونی ترسە بەسەر ئەو گەلەی کە داگیر دەکرێت، لەمەشدا دیسانەوە ئەم دەردە ئێمەی کوردیش دەگرێتەوە. لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- گەورەترین خەڵات کە خودا بیداتە گەلێک نەترسانە، نەک بە مانای ئازایەتی جەستەیی ، بەڵکە مەبەستم نەبوونی ترسە لە عەقڵی مرۆڤەکان یان نەتەوەیەک، لەمبارەیەوە جاناکا یاخیافالکا لەسەرەتاکانی مێژوودا دەڵێت، کاری سەرەکی سەرکردە ئەوەیە کە ترس لەناو دڵی گەلەکەیدا نەهێڵێت و وایلێبکات کە نەترسێت. لە هیندستاندا ترسێکی تۆقێنەر زاڵبوو بەسەر خەڵکیدا، مرۆڤەکان ترسیان لە پۆلیس ، لە یاسا و لە سووپا هەبوو، ترسیان لە هەموو بەرپرسێکی حکومی هەبوو، ترسیان لە زیندان ، لە برسێتی و لەبێکاری هەبوو. ل105 . بەرگی دووەم.
پەیوەندی ترس و درۆ
نەهرۆ تەنها سەرکردەیەک و سیاسەتمەدارێکی بەتوانا نەبووە، بگرە کەسێکی ڤرە بەهرە بووە، زانیاری زۆری لە بارەی ژیان و زانستەوە هەبووە، بەتایبەتی زانستی دەروونناسی، هیچ کەسێک هێندەی ئەو، وەسفی جوانی حاڵەتی درۆ و پەیوەندی بە ترسەوە دەرنەخستووە. لەمبارەیەوە دەڵێت:
- ترس هاورێیەکی بەوەفا و هەمیشەیی درۆیە، بە پێچەوانەوە راستگۆیی لە ئەنجامی نەبوونی ترسەوە لەدایک دەبێت. هیچ کاتێک هیندییەکان پێویستیان بە درۆ نەبوو، بەڵام بە هاتنی کۆڵۆنیای بەریتانیا، درۆ و رەفتاری شەرمئامێزی گەورە و ساختەچێتی بەشێوەیەکی سەیر بڵاوبوویەوە.
لێرەدا وتەیەکی عەبدوڵڵا ئوج ئالانم بیر دەکەوێتە، کاتێک دەڵێت: پێویستە کورد یەکەم فیشەک کە بیتەقێنێت، بەرامبەر ئەو دوژمنە سەرسەختە بێت، کە پێی دەڵێن ترس. پێویستە سەرەتا ئەو ترسەی لەناخی خۆیدایە بیکوژێت ئینجا خەبات بکات.
شەرمکردن لە هیندی بوون
نەهرۆ حاڵەتێکی دەروونی گرنگتر باس دەکات، کە ئەویش حاڵەتی شەرمکردنە لە نەتەوەی خۆت. نەهرۆ ئەم حاڵەتە روونتر دەکاتەوەو دەڵێت:
- بەحوکمی ئەوەی ئێمە ماوەیەکی زۆر لەلایەن کۆڵۆنیای بەریتانیاوە داگیر کرابووین، لەلایەک ترسێکی زۆر زاڵبوو بەسەرماندا، لەئەنجامی ئەمەش هەستمان بە شەرم و خۆبەکەمزانی دەکرد، کە ئەمەش ئافاتێکی تر بوو کە رووبەروی کۆمەڵگەی هیندی بوویەوە . ل 106 . بەرگی دووەم
ئەم حاڵەتەش رێک بەسەر ئێمەدا جێبەجێدەکرێت.
کاریگەری گەورەی گاندی
هەرچەندە لە زۆر سیاسەتدا نەهرۆ هاوڕای گاندی رابەری مەزنی هیندستان نەبووە، لێ هیچ کاتێک نە لەم کتێبە و نە لە نووسین و کتێبەکانی تریشیدا، بە وشەیەکیش بە خراپە باسی ناکات، بگرە بە پێچەوانەوە زۆر بە باشی وەسفی دەکات. ، لەمەدا سیاسەتمەدارەکانی ئێمە، بە پێچەوانەی نەهرۆوەن، کاتێک لەگەڵ سەرکردەیەک کێشە یان جیاوازی بۆچوونیان هەبێت، ئیتر یەکسەر دەستدەکەن بە قسەی ناشیرین و جنێودان بەو سەرکردەیەی کە ماوەی چەندین ساڵ پێکەوە کاریان کردووە.
من هەستم کرد کە گاندی چ لە ڕووی روحیی و فکریی و سیاسیشەوە، کاریگەری ئێجگار گەورەی تێکردووە. دیارە نابێت ئەوەش لەیاد بکەین کە لەراستیدا گاندی رابەرێکی مەزن بووە، هەربۆیە نەهرۆش نەیتوانیوە بەهیچ شێوەیەک باسی بە خراپە بکات. لە شوێنێکدا زۆر بە سەیری ستایشی دەکات و دەڵێت :
- کاتێک گاندی گەڕایەوە هیندستان و شانۆی سیاسی داگیر کرد، رێک وەکو شنەبایەکی خۆش و سازگار وابوو کە هەموو رۆحمانی فێنک کردووە، وەکو تیشکی رووناکییەک وابوو کە لەناو تاریکییەکی گەورەدا دەرکەوت و هەموو تاریکیی و نا ڕوونییەکی لەبەرچاومان نەهێشت. ئەو وەکو گەردەلوولێکی گەورە وابوو کە هەموو شتێکی سەروژێر کرد، لە پێش هەمووشیەوە جۆری کارکردنی مێشكی خەڵكی. ئەو لەسەرو خەڵکییەوە قسەی نەدەکرد، بگرە دادەبەزییە ئاستیان و بە زمانی ئەوان دەدوا و بیری دەکردەوەو کێشەکانی بۆ چارەسەر دەکردن . ل 104. بەرگی دووەم
هەڵوێستی خراپی پارتی کرێکارانی بەریتانیا بەرامبەر بە هیندستان
هەمیشە پارتی کرێکارانی بەریتانیا دزێوترین و نا مرۆڤانەترین هەڵوێستی بەرامبەر گەلانی جیهان هەبووە، مێژووی ئەم پارتەش پڕیەتی لەمجۆرە سیاسەتانە. پێش چەند ساڵێک کاتێک ریفراندۆمی سکۆتلەندا کرا، پێم سەیر بوو پارتی کرێکاران لە پارتی پارێزگاران زیاتر لەگەڵ مانەوەی سکۆتەلەندا بوو هەروەها زۆر بەسەختی دژایەتی سەربەخۆیی ئەم هەرێمەی دەکرد، پارتی کرێکاران بە ڕاستی هەڵوێستێکی تەواو شەرمهێنەری هەبوو.
لێ کاتێک ئەم کتێبەم خوێندەوە ، دەبینم هەمان هەڵوێستی خراپیش بەرامبەر بە هیندستان هەبووە.
لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- سەرکردەکانی پارتی کرێکاران ، هەمیشە لە هەموو پارتە سیاسییەکانی تری بەریتانیا، هەڵوێستێکی زۆر توندیان هەبوو، هەمیشە داکۆکیان لەو سیستەمە دەکرد، کە لە هیندستان جێگیر کرابوو. ل 11 بەرگی دووەم .
لێرەدا قسەیەکی لینینی رابەری شۆرشی روسیام بیردەکەوێتەوە کە کاتی خۆی دەیگوت : ئەمانوڵڵا خانی ئەفغانستان زۆر لە پارتی کرێکارانی بەریتانیا شۆڕشگێڕترە.
کاتی خۆی ئەم ووتەیە لینین بۆمن قوورس بوو، دەمووت بۆچی لینین هێندە ڕقی لە پارتی کرێکاران بێت، لەکاتێکدا هەردووکیان لە رووی فکرییەوە لەیەکەوە نزیکن، لێ دوایی کە سیاسەتەکانی ئەم پارتەم بینی، ئینجا لەم قسەیەی لینین تێگەیشتم.
خەباتی پارتی کۆنگرێسی هیندستان
ئەوەی کە وایکرد سۆزی جیهان بۆ مەسەلەی سەربەخۆیی هیندستان رابکێشێت، خەباتی نا توندوتیژیی و مەدەنیی بوو، داهێنەر و رابەری ئەم خەباتەش ، مەهاتما گاندی بوو،ئامڕازی سەرەکی دەستی گاندیش، ئەندامان و لایەنگرانی پارتی کۆنگرێسی هیندستانی بوو، کە گاندی و نەهرۆ سەرۆکایەتییان دەکرد.
لەم کتێبەدا نەهرۆ زۆر بە جوانی شێواز و سیاسەتەکانی ئەو پارتەی باسکردووە، هەرکەسێک بییەوێت شارەزایی لە خەباتی مەدەنیی و نا توندوتژی هیندیی و گاندی هەبێت، دەبێت ئەم کتێبە بخوێنێتەوە، چونکە نەهرۆ بەحکومی ئەوەی خۆی لەناو بزووتنەوەکە بووەو رابەری ئەم خەباتە سیاسییەش بووە، وردەکاری ئەو خەباتە مەزنەی هیندی باسکردووە.
پێوەری پێشکەوتنی هیندستان
ئامانجی سەرەکی پارتی کۆنگرێس تەنها رزگارکردنی هیندستان نەبووە لە چنگی داگیرکەری بەریتانیا، بەڵکە لەپەنا ئەوەشدا کۆمەڵێک ئامانجی سیاسیی و ئابووریی و فەرهەنگی گەورەتری هەبووە، لەپێش هەمووشییەوە چۆنێتی هەنگاونان بەرەو پێشکەوتن و دەرچوون لە هەژاریی و دواکەوتوویی.
لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- پێوەری راستەقیینە بۆ پێشکەوتن و ئازادیی لە هیندستان، بەوە نابێت کە ئێمە چینێکی ملیۆنلێر یان پارێزەری خۆشگوزەران و هاوشێوەکانی دروست بکەین، بەوەش ناکرێت کە ئێمە ئەنجومەن و رێکخراوی هەمەجۆر دروستبکەین، بەڵکە تەنها بەوە دەکرێت، کە ئێمە بێین رەوشی ژیانی جووتیاران بگۆڕین و لەو کولە مەرگییە رزگاریان بکەین کە تێیدا دەژین. ل 175. بەرگی دووەم .
یەکگرتووی ئیسلامی داردەستی بەریتانیا
هیندستان لە پاش رزگاربوونی لەچنگی بەریتانیا، رووبەروی جەنگێکی تایەفی گەورە بوویەوە، کە لە نێوان مسوڵمان و هیندۆسەکان روویدا، هەتاوەکو ئێستاش مێژوونوسانی جیهان، لە هۆکار و ئامانجە شارەواکانی ئەم جەنگە دەکۆڵنەوە، زۆرجاریش دەستی تاوان بۆ کۆڵۆنیای بەریتانیا رادەکێشرێت.
مسوڵمانەکان هەمیشە بەشێکی گرنگی هیندستان بوون، زۆرێک لە مەلیک و دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە مسوڵمان بوون بەتایبەتی لە سەردەمی فەرمانڕەوایی ئەفغانیی و مەنگۆلیدا. پێش هاتنی ئیسلامیش بۆ هیندستان، بەشێكی زۆری ئەوانەی بوونەتە مسوڵمان، پێشتر هیندۆسی بوون. نەهرۆ بەشێکی زۆری کتێبەکەی بۆ قسەکردن لە بارەی رەوشی ژیانی مسوڵمانان داناوە، بەگشتیش من هەستم کرد ، زۆر بۆچوونی باش نەبووە.
لەم کتێبەدا جگە لە مێژوو و شارستانی هیندی و خەباتی سیاسی پارتی کۆنگرێس، پارتی یەکگرتووی ئیسلامی کە " محەمەد جەناح" ی رابەری دەکرد ، دەبنە تارمایییەکی گەورەی ئەم کتێبە. نەهرۆ زۆر بەدرێژیی باسی چۆنێتی دروستبوون و شیوازی کارکردن و سیاسەت و ئامانجەکانی ئەو پارتە ئیسلامییە دەکات. هەروەها جیاوازییە فکریی و سیاسییەکانی خۆیان ، لەگەڵ ئەم پارتە باس دەخاتە ڕوو.
نەهرۆ لە دیدگایەکی تەواو جیاواز و نەیاری ئەو پارتەوە مێژوویان دەنووسێتەوە، هەمیشە سیاسەتەکانی ئەو پارتە دەبنە مایەی رەخنەی نەهرۆ. لێ لە پەنا ئەوەشدا هەندێک زانیاریی مێژوویی گرنگی تێدایە لە بارەی مێژووی ئەو پارتە و چۆنێتی دروستبوون و سیاسەتەکانی .
لەمبارەیەوە نەهرۆ دەڵێت:
- لە ساڵی 1906 بە دنەدان و پشتگیریکردنی دەسەڵاتدارنی بەریاتانیا ، پارتی " یەکگرتووی ئیسلامی " دروستبوو. ئامانجی سەرەکی بەریتانیاش لەدروستکردنی ئەم پارتە ئەوە بوو، کە نەوەی دووەمی سیاسییە مسوڵمانەکانی هیندستان ، لە پارتی کۆنگرێس دوور بخەنەوە.
سیاسەتەکانی یەکگرتووی ئیسلامی
نەهرۆ بە درێژی باسی سیاسەتەکانی یەکگرتووی ئیسلامی دەکات، کە بەشێکی زۆری خراپ بووە، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە خەبات لە دژی ئیگلیز و هیندۆسییەکانی هیندستان و پارتی کۆنگرێس هەبووە.
نەهرۆ دەڵێت:
- یەکگرتووی ئیسلامی تاکە رێکخراوی سیاسیی هیندستان بوو، کە تەنها بە قسە دژایەتی حوکمی کۆڵۆنیای بەریتانیای دەکرد، ئەوەش بە هۆی ئەوەی کە ئەم رێکخراوە لەلایەن کۆمەڵێک کەسانی دەرەبەگ و کۆنەپەرستەوە بەڕێوە دەبرا، لە هەموو رووداو و کێشەکانی هیندستان، ئەم ریکخراوە هیچ هەڵوێستێکی جددی لە دژی ئینگلیز،. نەبوو.ل136 . بەرگی دووەم
- محەمەد جەناح سەرۆکی رێکخراوەکە بەئاشكرا رایگەیاند: ئێمە هیچ کاتێک ئامادە نین لە وڵاتێکدا بژین، کە پشت بەسیستەم و فکرەی دیموکراسی رۆژئاوایی سەخیف ببەستێت..ل 149 . بەرگی دووەن
- محەمەد جەناح و یەکگرتووی ئیسلامی هیچ کاتێک نەیاندەویست لەگەڵ پارتی کۆنگرێس رێککەوتن ئەنجام بددەن، هیچ مەیلێکی راستەقینەشی نەبوو بۆ رزگاربوونی هیندستان لە چنگی بەریتانیا، بگرە زیاتر مانەوەی بەریتانیایان بەلاوە باشتر بوو. ل157. بەرگی دووەم
- - یەکگرتووی ئیسلامی هەمان سیاسەتی پروپاگەندەی نازییەکانی بەکاردەهێنا، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بەو ئەڵمانانە هەبوو کە لە چیکۆسلۆڤاکیا دەژیان، ئەڵمانەکانیان وەکو قوووربانی پیشانی خەڵکی دەدا، یەکگرتووی ئیسلامیش هەمیشە دەیویست مسوڵمانەکانی هیندستان وەکو قووربانی دەستی هیندۆسەکان پیشان بدات، ل147. بەرگی دووەم .
هەڵوێستی پارتی کۆنگرێس لە بەرامبەر جەنگی دووەمی جیهانی
جەنگی دووەمی جیهانی یەکێک بوو لە قۆناغە گرنگ و چارەنووسازەکانی هیندستان و جیهان، لەوکاتەدا بەریتانیا لە جەنگێکی گەورەدا بوو لەگەڵ ئەڵمانیا، هیندستانیش لە ژێر چنگی داگیرکەری بەریتانیادا بوو، هەروەها نازیەت و فاشیزم لەلایەک ، لەلایەکی ترەوە کۆڵۆنیالیزم، حاڵەتێکی زۆر دژاوری بۆ پارتی کۆنگرێس دروستکردبوو، زۆر زەحمەت بوو بۆیان هەڵوێست و سیاسەتی خۆیان رێکبخەن و درێژە بەخەباتی خۆیان بددەن.
بەڵام دواجار بڕیاری راستی خۆیان لەمبارەیەوە داوەو هەروەکو نەهرۆ دەڵێت:
- پارتی کۆنگرێس سیاسەتێکی دوو لایەنەی لە کاتی جەنگدا پێڕەو دەکرد، لەلایەکەوە ئێمە دژی فاشیزم و نازییەت و عەسکەرتارییەتی ژاپۆنی بووین ئەوەش بەهۆی سیاسەتە ناوخۆییەکانی و سیاسەتی شەڕەنگێز و دوژمنکارییە دەرەکییەکانی کە لە بەرامبەر دراوسێکانیان دەیگرنە بەر، بەتایبەتی لە چین و بۆرما و ئێران و رۆژهەڵاتی ناڤین و هەندێک بەشی ئەفریقا. لەلایەکی تریشەوە ئێمە کارمان بۆ ئازادی هیندستان دەکرد،ئەمەش نەک تەنها لەبەرئەوەی کە داواکاری گەلی هیندستان بوو، بگرە ئەمە لەبەرژەوەندی نەمانی جەنگیش بوو. چونکە گەر هیندستان سەربەخۆ بوایە، ئەوا دەیتوانی بە باشی کارەکانی خۆی بەئەنجام بگەینێت و بەشدارییەکی جددیانە بکات لە جەنگەکەدا. ل 196. بەرگی دووەم
واتە ئەوان دژی هەردوو بەرەکە بوون، دژی بەرەی فاشیزم بوون، چونکە کارەساتی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی هێناوە، دژی کۆڵۆنیای بەریتانیاش بوون، چونکە وڵاتی داگیرکردوون و ئازادی لێ زەوتکردوون.
نەهرۆ و تاغور
رۆبندرونات تاغور شاعیر و ئەدیب و موسیکزان و بیرمەندێکی گەورەی هیندستانە. لە ساڵی 1861 لەدایک بووەو لە ساڵی 1941 کۆچی دواییکردووە. ساڵی 1913 یەکەمین هیند و ئاسیاوییە کە خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئەدەب وەردەگرێت.
نەهرۆش زۆر بەچاوی رێزەوە سەیری کارو فکری ئەم پیاوە دەکات، ئەمەش بە روونی لەم کتێبەیدا باسیکردووە.
لە شوێنێکیشدا نەهرۆ لەبارەی مەزنی تاغور و گاندیییەوە دەڵێت :
- بێگومان لەسەرەتاکانی سەدەی بیستمەدا ،تاغور و گاندی دوو کەسایەتی گەورەبوون کە هەژموونی خۆیان بەسەر زۆرینەی هیندییەکاندا کێشابوو. زۆر ئەستەمیشە بتوانین هەڵسانگاندن بۆ هەردووکیان بکەین. تاغور هونەرمەندێکی ئەرستۆکراتی بوو کە پاشان بووە کەسێکی دیموکراتخواز کە سۆزێکی پرۆلیتاریانەی بۆ ژیان هەیە، بەڵام گاندی زیاتر لە خەڵکییەوە نزیک بوو، دەتوانین بڵێین گاندی گوزارشتی لە جووتیاری هیندی دەکرد. چ گاندی و چ تاغوریش، بەشێوەیەکی جیاوازی سەیری هیندستان و جیهانیان دەکرد، بەشێوەیەک دەتوانین بڵێین، ئەو دووانە کەموکورتیی و جیاوازییەکانی یەکتریان پڕدەکردەوە. ل 80 ، بەرگی دووەم.
پێش کۆتایی
دیارە بۆ قسەکردن لەبارەی ئەم کتێبە زۆرمان دەوێت، چونکە لە هەردوو بەرگی کتێبەکەیدا، نەهرۆ باسی زۆر شتی کردووە، لێ ئەوەی گرنگە لە دوا قسەدا بیڵێم ئەوەیە، ئەم کتێبە شارەزاییەکی زۆرمان لە بارەی مێژوو ، فەرهەنگ و شارستانی کۆنی هیندی پێدەدات، هەروەها زانیاری زۆر وردیشی تێدایە لەبارەی مێژووی داگیرکاری ئینگلیزی و شێوازی خەباتی هیندییەکان لە دژی ئەم داگیرکەرە دڵڕەقە. جگە لەوەش بە فکر و ئەندێشەی سیاسی و خەبات و تێکۆشانی نەهرۆش ئاشنا دەبین.
هیوادارم لە داهاتوودا ئەم کتێبە بکرێتە کوردی، تاوەکو خوێنەری کوردیش ئاگاداری ئەم کتێبە گرنگە بێت و لە دونیابینی و ئەندێشەی سیاسی ئەم سیاسەتمەدارە مەزنەی هیندستان و جیهان ئاشنا بێت.
سەرچاوە:
جواهر لال نهرو. اکتشاف الهند. ترجمه. فاچل جتکر. الگبعه الپانیه. الهیئه العامه السوریه للکتاب. دمشق. 2011. الجزو الاول ، الجزو الپانی.