چیرۆكی جندال.. داعش بەكوشتنی منداڵەكانیان هەڕەشەی لەژنەكان كردووە

جیهان

08/04/2019‌ 2120 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمزی‌ بەریتانی، ژنە داعشێكی بەریتانی، كە بەخۆیی و خێزانەكەیەوە لە باكووری سوریاوە لە بن دەستی داعش هەڵاتوون، ئەوەی ئاشكرا كرد ئەو ڕێكخراوە توندڕەوە هەڕەشەی كوشتنی منداڵەكانی لەژنە داعشیییەكان دەكرد ئەگەر لە ڕیزەكانی ئەو ڕێكخراوە هەڵبێن.

خێزانی توبا جندالی 25 ساڵی لەندەنی، كە كچەكەیان لە ساڵی 2015 چووەتە‌ ڕیزی داعشەوە لە سوریا، وتیان كچەكەیان هەڕەشەی كوشتنی كچە بچكۆلەكەی لێكراوە ئەگەر لە ڕیزەكانی داعش هەڵبێت، ئەمەش دوای ئەوەی سێ جار هەوڵی هەڵاتنی توبا - یان پوچەڵ كردبۆوە.

خوشكەكەی جندال دەڵێت، جندال زمانی ئینگلیزی لە یەكێك لە زانۆكانی بەریتانیا خوێندووە، چەند جارێك هەوڵی ڕاكردنی دابوو بۆ توركیا، بەڵام هەمیشە هەستی دەكرد دەورە دراوە.

لەم دوایانەشدا جندال لەگەڵ ئیبڕاهیمی كوڕی (تەمەن دووساڵ) و ئاسیای كچی (تەمەن یەك ساڵ) لەگەڵ سەدەها ژنە داعشی دیكە لە شاری باغوزی باكوری ڕۆژهەڵاتی سوریا هاتنەدەرەوه.

دوو منداڵەكەی جندال تووشی كەمخۆراكی بوون، ئەمەش وای لە خێزانەكەی جندال كرد پێش چەند ڕۆژێك بێدەنگیان بشكێنن و داوا لە حكومەتی بەریتانیا بكەن ڕێگە بە جندال و دوو منداڵەكەی بدەن بگەڕێنەوە بۆ بەریتانیا.

مریەمی خوشكە بچوكەكەی جندال ووتی: "خوشكەكەم لە ماوەی سێ ساڵی پێشوو لە هەوڵی هەڵاتندا بوو، بەڵام ڕێكخراوی داعش هەڕەشەی كوشتنی منداڵەكانیان لێكردووە)). ووتیشی ئاسیای كچی بەهۆی بۆردومانی فڕۆكەكانەوە پرشكێك بەر قاچی كەوتووە و بریندار بووە". 

مریەم وتیشی: "جندالی خوشكی دوو یان سێ جار هەوڵی ڕاكردنی داوە لە سوریاوە بۆ توركیا، بەڵام پارەی نەبووە، هیچ هۆكارێكی هەڵاتنیشی لەبەردەست نەبووە، ئەو دەورە درابوو".
 
جندال كە لە دایك بووی فەڕەنسایە، تەمەنی 21 ساڵ بووە كاتێك هاتۆتە سوریا، خێزانەكەی دەڵین كچەكەیان لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە مێشكی شۆراوەتەوە و ئامادەكراوە بچێتە ناو ڕیزەكانی داعشەوە.

جندال لە ساڵی 2012 وازی لە ستایلی ژیانی رۆژئاوا هێناوە و موسوڵمان بووە، زۆرینەی كاتەكانیشی لەسەر تۆرە كۆمەڵایەتییەكان بەسەر بردووە، بۆیە خێزانەكەی پێیان وایە كچەكەیان نێچیرێكی ئاسان بووە بۆ داعش.

دوای ماوەیەكی كەمیش لە گەیشتنی بۆ سوریا، جندال وا وەسفی بەریتانیای كردووە كە ووڵاتێكی پۆخەڵە، وێنەیەكی خۆشی بڵاوكردۆتەوە بە جلوبەرگی باڵاپۆشییەوە (بەرقەع) كە چەكێكی هیرشكردنی بەدەستەوەیە.

دوو منداڵەكەی جندال هەریەكە و لە پیاوێكن، هەردووكیشیان لە جەنگی سوریاداكوژراون، بەڵام تا ئەم ساتەوەختە ڕەگەزنامەی دوو منداڵەكەی نادیارە.

سەرچاوە: SKY NEWS
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر