چـیـرۆكـی بـەنـدیـخـانـە مـەتـرسـیـدارو گـەورەكـەی (كـوبـر)ی سـودان

جیهان

18/04/2019‌ 2493 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
لەم ماوەیەدا ناوی بەندیخانەی كوبری لەبەحری لە خەرتوم بەشێوەیەكی سەرنجڕاكێش زۆر دووبارەبووەتەوە، ئەمەش لەوساوەی عومەر حەسن بەشیر لەكارخراوە، تۆ بڵێی چیرۆكی ئەم بەندیخانە چی بێت؟

میدیاكانی سودان لەسەر زاری سەرچاوەكانیانەوە ئەوەیان گواستووەتەوە، كە عومەر بەشیری سەرۆكی پێشووی سودان لەچاوەڕوانی ئەوەدایە بگوازرێتەوە بۆ بەندیخانەی (كوبر)ی، كە كۆمەڵێك لە سەركردەكانی پێشووی ڕژێمی سودانی تیادا بەندكراون.

چیرۆكی بەندیخانەی (كوبر)
بەندیخانەكە لەساڵی 1903  لەسەر زەوییەك بە ڕووبەری نزیكەی 5 هەزار مەتر چوارگۆشە بنیاتنراوە‌، لە گەڕەكی واحەی باشوورەوە درێژدەبێتەوە بەرەو باكوور بۆ ناوچەی پیشەسازی لە بەحری لە خەرتوم، بەرەو ڕۆژئاواش بەرەو شەقامی بەشیر محەمەد سەعید، بەرەو ڕۆژهەڵات بۆ شەقامی شیفا لە گەڕەكی كافوری.

بەندیخانەكە لەڕووی ئەندازەییەوە لەسەر شێوازی بەندیخانەكانی بەریتانیا دیزایین كراوەو بەتایبەتیش بەندیخانەی بێرمینگهام، ناوەكەی لەناوی بەرپرسێكی بەریتانییەوە وەرگیراوە بە ناوی ( cooper) ، كە لە سەردەمی حوكمڕانی بەریتانیا بۆ سودان ئەو بەرپرسە بەندیخانەكەی بەڕێوەبردووە.

بەندیخانە 14 بەشە ، بەشێكیان هی ئەوانەن كە فرمانی لەسێدارەدانیان بەسەردا دراوە، بەشێكیشیان هی ئەوانەن كە خاوەن پێشینەی تاوانكارین، بەشی دیكەش بۆ ئەوانەی بۆ ماوەیەكی دوورودرێژ یان ماوەیەكی حوكمدراون، بەشی دیكەش كە چاوەڕوانی حوكمەكانیان دەكەن، بەشیكی دیكەش بۆ ئەو فەرمانبەرە پلەبەرزانەی دەوڵەتە كە دادگا فرمانی گرتنی بەسەرداداون، بەڵام ئەم بەشەی دوایی لەم سەردەمەی ئیستادا هەڵوەشاوەتەوه. 

هەرچی بەشە سیاسییەكەی بەندیخانەكەیە لە هەموویان بەناوبانگترە ، چونكە گیراو و دەستبەسەرەكانی ئەوانەن كە بەهۆی گۆرانكاری لە حوكمڕانی سوداندا دەستبەسەركراون.

پێشتر سەرچاوەیەك لەناوخێزانی بەشیرەوە بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز ڕایگەیاندبوو "زانیاریمان هەیە، كە سەرۆكی لەكارخراوی سودان شەوی سێشەممە گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانەی كوبر، كە گیراوە سیاسییەكانی تێدا بەنددەكرێن، پێش سەردەمی بەشیریش ئەو بەندیخانە شوێنی بەندكردنی سیاسییەكان بوو".

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لەچەند سەرچاوەیەكی سودانییەوە پێشتر ڕایگەیاندبوو، كە بەشیر لەوساوەی لە 11 ی ئیپریل لەسەركرا لادراوە، لەبارەگای سەرۆكایەتی سودانی، لەژێر چاودێرییەكی پاسەوانییەكی توند دایە.

بەشیر بۆماوەی 30 ساڵ فەرمانڕەوایی سودانی كرد، پێش ئەوەی هەفتەی ڕابردوو لەئەنجامی حۆپێشاندانە جەماوەرییەكان لەسەركرا لابدرێت.

بەشیر دوو فرمانی ڕاگرتنی نێودەوڵەتی دادگای تاوانكاری نێودەوڵەتی  لەساڵانی 2009 و 2010  لەسەر دەرچوون بە تۆمەتی كۆمەڵكوژی و تاوانەكانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی جەنگ لەهەرێمی دارفور لە نێوان ساڵانی 2003 و 2008. 

ئەنجوومەنی سەربازی ڕاگوزەری سودانیش ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو ڕایانگەیاند، بڕیاری ڕادەستكردنی بەشیر بە دادگای تاوانكاری نێودەوڵەتی بەتۆمەتی كۆمەڵكوژی لە دارفور دەگەڕێتەوە بۆ حكومەتێكی هەڵبژێردراوی سودانی.

سەرچاوە: RT
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر