تاوانی ژنانی چەكدارانی داعش لەدژی كچە ئێزیدییەكان

کوردستان

20/04/2019‌ 1277 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق پاش ماوەیەكی كورت لە دەستبەكاربوونی پرۆژە یاسای (ژنانی ئازادكراوی ئێزیدی) ڕەوانەی پەرلەمانی عێراق دەكات بۆ تاوتوێكردن و پەسەندكردنی، دوو ڕۆژ دوای ئەو بەروارە یەكێك لەتاوانبارەكانی ئەو كەیسە لەبەردەم دادگای باڵای شاری (میونشن/ ئەڵمانیا) دەرهەق بە تاوانەكانی دژ بە یەكێك لە كۆیلە كچە ئێزیدییەكانی دەستی داعش لێپێچینەوەی لەگەڵدا دەكرێت.

وەك دەردەكەوێت تیگەیشتن لەو دۆكومێنتە یاساییانەی بۆ دادگاكان ئامادەكراون زۆركات ئاسان نییە، نووسراوی داواكاری گشتی دژ بە (جنێڤەر.ڤ) لەبەر هەندێك هۆكار وێناكردنی قورسە و بەرگەگرتنی ئاسان نییە و وێنەی ترسناك لە مێشكی مرۆڤدا دەخوڵقێنێ، ئەو ژنە ئەڵمانیە تەمەن (٢٧ساڵ)یە لەگەڵ مێردەكەی (تەها.ئا) لە هاوینی (٢٠١٥)دا لەبەرانبەر چەند سەد دۆلارێكدا كچێكی تەمەن(پێنج ساڵە)ی ئێزیدیان كڕیوە، كە یەكێك لە دیلەكانی دەستی داعش بووە و دواتر خێزانەكە ئەو كچەیان وەك(كۆیلەی ناوماڵ)مامەڵەكردوە.

لەو برگەیەدا، كە بە ڕوونی لە نوسراوی داواكاری گشتیدا هاتوە و مرۆڤ بەرگەی ناگرێت دەڵێت: دوای ئەوەی كچەكە نەخۆش كەوت و لەسەر ئەو دۆشەكەی كە هەڵكورما بوو خۆی تەڕكرد،لە سزای ئەوەدا مێردی ژنە تۆمەتبارەكە هەردوو دەستی كچە نەخۆشەكەی توند بەست و ڕایكێشایە بەر قرچەی هەتاوە سوتێنەرەكە و بەجێیهێشت تا لە تلانەوە بە دەست ئازارەوە لە تینوانا مرد و تۆمەتبارەكە ڕێگای بە مێردەكەی داو هیچ هەوڵێكی بۆ ڕزگاركردنی كچەكە نەدا"،ئێستا ئەو تۆمەتبارە(جنێڤەر.ڤ)لەبەر ئەوەی ڕێگەیداوە مرۆڤێك"بەبێ هیچ پاڵنەرێك دڕندانە بكوژرێت"بەوە تاوانی جەنگی ئەنجامداوە،و هاوكات بە بوونە ئەندامی ڕێكخراوی تیرۆریستی بێگانەی(دەوڵەتی ئیسلامی)ش تاوانباری دەكەین". 

لای داعش ئەندامی (پۆلیسی ئەخلاق)بووە
یەكەمین دانیشتنی دادگا پاش چەند خولەكێك لە دەستپێكردنی ڕاگیرا بەهۆی سەرهەڵدانی هەندێك ماتیریال و بەڵگەی نوێ،بەوەی تاوانبارەكە كە خەڵكی شاری(لۆهن)ی هەرێمی نیدەرزاكسنی باكوری ئەڵمانیایە لە ساڵی ٢٠١٤ پەیوەندی بە میلیشیاكانی داعشەوە كردوە و وەك(پۆلیسی ئەخلاق)كاریكردوە،و لە پاركەكانی موسڵ و فەلوجە بەچەكەوە لەگەڵ تیمە گەڕۆكەكاندا سوڕاوەتەوە و وەك لە داواكاریەكەی پارێزەری گشتیدا هاتوە ئەمە بەو مانایەی"ئەركەكەی چاودێریكردن بووە لە وابەستەبونی ژنان بەو ڕێنماییانەی كە ڕێكخراوە تیرۆریستیەكە لەبارەی هەڵسوكەت و خۆپۆشینی ژنان دیاریكردوە"و بۆ ترساندنیش ئەركەكەی بە كڵاشینكۆف و دەمانچە و هێلەكێكی تایبەتی بۆمبڕێژكراوە وە ئەنجامداوە و لەبەرامبەر ئەو ئەركەشدا تاوانبارەكە دەبێت نزیكەی(سەد دۆلار)موچەی مانگانەی وەرگرتبێت.

بەكۆیلەكردنی هەزاران ئێزیدی
پرۆسەی دادگاییكردنەكەی(جنێڤەر.ڤ)زۆر بە ووردی و لە نزیكەوە لەلایەن ئێزیدیەكانەوە چاودێری دەكرێت،چونكە تاوانبارەكان ئەو كچە غەیرە موسڵمانەیان وەك كۆیلە ڕاگرتوە و مامەڵەكردووە كە سەر بە كەمینەیەكی نەتەوەیی غەیرە موسڵمانە و لە هەموو گروپەكانی تر زیاتر زەرەرمەندی دەستی دەسەڵاتی تۆقێنەری دەوڵەتی ئیسلامی بوون،كاتێ لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤لە میانەی پرۆسەی جینۆسایدی ئێزیدیەكان زیاتر لە(پێنج هەزار)گەنج و پیاوی بە تەمەن كوژران و زیاتر لە(حەوت هەزار)ژن و منداڵ ڕفێندران و دواتر بە كۆیلەكران و پاش ڕزگاركردنی دوا حەشارگەی داعشیش لە ڕۆژهەڵاتی سوریا هێشتا(سێ هەزار)ژن و منداڵ بێ سەروشوێنن،و یەكێك لەو قوربانیانە    ئەو كچە تەمەن پێنج ساڵەیە كە تاوانبارەكە و مێردەكەی تاوانی لە تینواندا خنكاندنیان بەرە و ڕوو كراوەتەوە. 

وەك پارێزەر(پاتریك كرۆكەر)لە بەرلین(سەرپەرشتیاری پڕۆژەی سوریا)كەلایەن ڕێكخراوی(سەنتەری ئەوروپا بۆ دەستور و مافەكانی مرۆڤ ECCHR)ئەنجام دەدرێت،لە ڕونكردنەوەكانیدا بۆ(Deutschen welle)دەڵێ "لە واقیعدا لە ئەڵمانیا لەو بوارەدا گەلێك پرۆسەی تاوانباركردن بە ئەنجامدانی كردە تیرۆریستیەكان دژ بە ئەندامانی داعش ئەنجامدراوە"بەڵام لەمەڕ پرۆسەی تاوانباركردن لە چوارچێوەی تاوانە قورسەكانی وەك(جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەكانی جەنگ)كارێكی كەم ئەنجامدراوە،و ئەتوانم بڵێم وابەستە بە كەیسی ئێزیدیەكان لەو چوارچێوەیەدا كارێكی وا ئەنجام نەدراوە".

ژنانی داعش وەك ئەنجامدەری تاوان
لە ڕونكردنەوەیەكیدا بەرامبەر بەو لێدوانە،ڕۆژنامەنوسی ئێزیدی(دیوسن تێكال)بۆDW(كورتكراوەیDeutschen welle)دەڵێت"چەند سەرلەنوێ هەڵسەنگاندنەوەی ڕەفتاری تۆقێنەرانەی تاوانبارەكان گرنگە،ئەوەندەش بۆ وەدیهینانی عەدالەت بۆ خەڵكەكەی گرنگی هەیە"ئەو ڕۆژنامەنوسە كە دامەزرێنەری ڕێكخراوی هاوكاری (Hawar.Help)یشە بەردەوام  سەردانی باكوری عێراق دەكات و چاوی بە ڕزگاربوەكانی دەستی داعش دەكەوێت،و لەو بەستێنەدا ناوەڕۆكی چاوپێكەوتنەكانی لەگەڵ  قوربانیە بە كۆیلەكراوەكاندا بەو بابەتەوە گرێدەدات و دەڵێت"بە سزاگەیاندنی تاوانبارەكانی جەنگ ڕەگەزێكی گرنگی خوڵقاندنی ئەو ئیحساسەیە لای قوربانیەكان كە بتوانن جارێكی تر درێژە بە ژیانی ئاسایی خۆیان بدەن"و لای ئەو چالاكوانە ئێزیدیە پرۆسەی دادگاییكردنی(جنێڤەر.ڤ)گرنگیەكی تایبەتی هەیە"چونكە ئەو پرۆسەیە دەریدەخات كە ژنانی داعشیش بەشداربون لە تاوانەكاندا و بەكارهێنانی چەمكی مەجازیی"بوكەكانی داعش"(چەمكێكە لە میدیای ئەڵمانیدا بۆ ناوزەدكردنی ئەو ژنانە بەكاردەهێنرێت كە پەیوەندیان بە میلیشیاكانی داعشەوە كردوە)*جۆرێك لە بێگوناهكردن و بێتاوان وێناكردنیانە،چونكە ئەو ژنانە دەرهەق بە كۆیلە ئێزیدیەكان و بە تایبەت دەرهەق بە ژن و كچە كۆیلەكان بەهەمان شێوە تاوانیان ئەنجامداوە و لە زۆرباردا لە پیاوانی داعش دڕندەتربون".

لە ئەشكەنجەدانیشدا بەشداربون
كەم كەس هەیە هێندەی(ئیلهان كیزیلهان)ی دەرونناس چیرۆكی بەدڕەفتاریكردنی دەرهەق بە ژنە ئێزیدیەكان بیستبێت،ئەو خانمە كە سەرپەرشتی سەنتەرێكی دەرونناسی فرە كەلتوری لە باشوری ئەڵمانیا دەكات و چاوپێكەوتنی لەگەڵ زیاتر لە(دوو هەزار)لەو ژن و كچە ئێزیدیانە ئەنجامداوە كە پێشتر لە دەستی داعشدا بون،و هاوكات ئەو دەرونناسە كوردە لەگەڵ ئەنجامدەری تاوانەكانیشدا قسەیكردوە،و لێدوانی ئەو تاوانبارانە بەردەوام ڕۆڵی هاوكاری و پشتیوانیی ژنانی داعش دەرەدەخات،و وەك لە شیكاریەكانیدا كیزیلهان بۆ(DW)دەڵێت"ئەو ژنانە بەشێك بون لە كۆمەڵگای داعش و بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە كارە ترسناكەكانی وەك ئەشكەنجەدان و كوشتنی خەڵكدا كردووە" چونكە وادیارە بۆ ئەو ژنە ئەوروپیانەی كە چونەتە ئەوێ لە لایەنی دەرونیەوە زۆر گرنگ بووە كە پیشانیی بدەن كە موسڵمانی ڕاستەقینەن و ئەوەشیان لە ڕێی هەڵسوكەوت و ئاكاری توندڕەوانە و زەلیلكردنی مرۆڤەوە پیشانداوە. 

هەر لەو بوارەدا زانای كۆمەڵناس(سوزانا شریۆتەر/لێپرسراوی سەنتەری لیكۆڵینەوەی فرانكفۆرت بۆ ئیسلامی دونیایی،FFGI)كە زۆر بە چڕی سەرقاڵی بەدواداچونی فیكری جیهادیی داعشە لە لێدوانێكیدا بۆ(DW)دەڵێت"ئێمە گەلێك ڕاپۆرتمان لەبارەی ژنە داعشەكان پێگەیشتوە كە لە پرۆسەی بە كۆیلەكردنی ئێزیدیەكاندا چالاكبون و هەندێ جاریش لە دەستدرێژی سێكسی دەرهەق بە قوربانیەكاندا هاوكاربون و وەك دەردەكەوێت هەر خۆشیان مامەڵەی خراپی ئەو ژنانەیان كردوە،و لە كۆتایی قسەكانیدا دەڵێت"داعش هەوڵیكی زۆریداوە كە لە ڕێی بنەما و دەقی ئاینیەوە شەرعیەت بە كۆیلەكردن بدات.

سەرچاوە: Deutschen welle
وەرگێڕان لەئەڵمانییەوە: بەرزان حەمەخورشید